٦ ساڵ بە هیوای گەڕانەوە بۆ عەفرین
٦ ساڵ دوای داگیرکردنی عەفرین، ژنانی عەفرین بەرخۆدان دەکەن و بەهیوای ڕزگارکردنی خاکەکەیان دەژین.
عەبیر محەمەد
قامیشلۆ-عەفرین دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی باکووری ڕۆژئاوای سووریا، کە سنووری ڕۆژئاوای سووریا و تورکیایە، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٣٥٠هەزار کەس بوو، زۆربەیان کورد بوون، عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە داگیرکرا، گەلی عەفرین کە بەهۆی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیاوە ناچارکرابوون لە شوێنەکانی خۆیان کۆچ بکەن، لە زۆرێک لە کانتۆنەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێ بوون، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ٦ساڵ بەسەر داگیرکردنی عەفریندا تێپەڕیوە، بەڵام ژنان و گەلی عەفرین بەردەوامن لە بەرخۆدانی خۆیان لە هەموو شوێنێک و بەهیوای گەڕانەوە بۆ خاکەکیان دەژین.
گەلی عەفرین لە ڕووی جوگرافییەوە جیاوازەو لە نێوان دەشت و چیاکاندایە، ڕووباری عەفرین بە درێژایی ٨٥ کیلۆمەتر بە سووریادا تێدەپەڕێت، ئەم ڕووبار و لقانە بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی ئاو لەم ناوچە کشتوکاڵییەدا دەبیندرێن، بە دڵنیاییەوە، بەرەکەتی خاک و ئاو ڕێگە بە هەموو جۆرە کشتوکاڵییەک دەدات، لە بواری کشتوکاڵی سەرەکی لە هەرێمی عەفرین: زەیتوون لە هەموو بەشەکانی ناوچەکە و گوندەکانیدا دەچێندرێت و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە ساڵی ٢٠١٠، ژمارەی درەختەکانی عەفرین زیاتر لە ١٣ ملیۆن بووە.
لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە، هەرێمی عەفرین تایبەتمەندییەکی هەبووە بە ڕێکخستنی ئایدۆلۆژیای ئازاد و دیموکراسی و بونیادنانی سیستمێکی نەتەوەیی دیموکراتیک. لە لایەکی ترەوە، جوگرافیاکەی گرنگییەکی ستراتیجی هەیە، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ شاری عەزاز و لە باشوورەوە لەگەڵ شاری حەلەب کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەوە بەستراوەتەوە لە باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای ئیدلیب و لە ڕۆژئاوا و باکوور بە سنووری تورکیا، ئەم جوگرافیایە بۆ تورکیا گرنگ بوو کە ئەم ناوچەیە لە هەموو ئەو ناوچانە داببڕێت و سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لاواز بکات.
بەرخۆدانی سەردەم
لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨، دەوڵەتی تورکیا هێرشی داگیرکەری دەستپێکرد بە فڕۆکەی ناتۆ و تانک و تۆپ بە یارمەتی ئەو چەتانەی کە خۆی ڕێکیخستبوو، لە ماوەی شەڕی ٥٨ ڕۆژەدا، بەرخۆدانی گەورە لەلایەن گەلی عەفرین و شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەگە" و یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" ئەنجامدرا و لە سەرانسەری جیهاندا بە "بەرخۆدانی سەردەم" ناسرا. لە ٢٤ی شوباتی ٢٠١٨، عەفرین بە تەواوی بە ٢٨٢ گوند و شارۆچکەوە داگیرکرا.
دوای داگیرکردن کۆچبەری و تاڵانکردن
لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەوە تا کۆتا ڕۆژی داگیرکارییەکە، هەزاران تاوانی جەنگ ڕوویانداوە، بەگوێرەی "SOHR" و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک "قەسەدە" زیاتر لە ٥٠٠ هاوڵاتی مەدەنی لەناویاندا ژن و منداڵ و هەروەها نزیکەی ٨٢٠ شڕڤانی قەسەدە و یەپەگە لە بەرخۆدانی ٥٨ ڕۆژدا گیانیان لەدەستدا، لە هەمان کاتدا، سەدان هەزار کەس لە گەلی عەفرین بەزۆر ئاوارە بوون و بێ ماڵ بوون، ماڵ و موڵکی گەلی عەفرین لەلایەن گروپە چەکدارە توندوتیژەکانەوە تاڵان کراو ویران کران.
بەپێی ئاماری پێشێلکارییەکان لە سەرەتای داگیرکارییەوە تا ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، کە ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سووریا بۆمانی پشتڕاستکردەوە، زیاتر لە ٩ هەزارو ٦٥ کەس ڕفێندران، هەزاریان ژن بوون، زیاتر لە ٦٨٣ کەس گیانیان لەدەستدا، ٩٥ لەوانە ئەشکەنجە دراون و ١٠١یان ژن بوون، لەوانە ١٠ خۆکوشتن و ٧٤ دەستدرێژی زایەندی، بڕینی زیاتر لە ٤٠٠ هەزار دار و دارستان و سوتاندنی زیاتر لە ١٥ هەزار دار میوە و سوتاندنی هەزاران دار دارستان و سوتاندنی زیاتر لە سێیەکی کشتوکاڵی ناوچەکە، دروستکردنی زیاتر لە ٣٠ کامپ لە ناوچەکانی عەفرین، وێرانکردنی زیاتر لە ٧٥ هەڵکۆڵینی شوێنەوارناسی، زیاتر لە ٥٩ شوێنەوار، زیاتر لە ٢٨ شوێنەواری ئاینی و هەڵکۆڵینی گۆڕ.
"دۆخی مرۆیی لە عەفرین بەرەو خراپتربوون دەڕوات"
تا ئەمڕۆش لە عەفرین کردەوەی نامرۆڤانە، کوشتن، ڕفاندن و دەستگیرکردن بەردەوامە، ئەڤین جومحە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەرێمی جزیرە وتی: لەگەڵ خراپتربوونی بارودۆخی مرۆیی لە عەفرین، بەتایبەتی بۆ گەلە ڕەسەنەکەی، بۆ کوردەکان قورستر بوو، لە هەمان کاتدا، گەلەکەی بەزۆر کۆچ دەکەن، بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، خیزانی چەتە دڕندانەکان لەو ناوچەیە نیشتەجێ دەکرێن، ڕۆژانە تاوانی کوشتن و ئەشکەنجەدان ئاشکرا دەکرێت، درەختەکان دەبڕدرێن و درەختەکان دەسووتێندرێن.
بەرخۆدانی ژنانی عەفرین لە دژی قڕکردن
دوای کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان ١٥٠ هەزار پەنابەری کوردی لە کامپەکانی تیل ڕەفعەت تۆمار کرد، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سووریا ڕایگەیاند ژمارەی کۆچبەران گەیشتووەتە ٣٠٠ هەزار کەس، بێگومان لە دەرەوەی کامپەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، گەلی عەفرین لە تەنگانەدا دەژین و تا ڕۆژی گەڕانەوەی عەفرین بەرخۆدان دەکەن.
پرسیارەکە لێرەدا دەمێنێتەوە: ژنانی عەفرین چۆن لەبەرامبەر هەوڵەکانی لەناوبردنی ناسنامەی کورد و لەناوبردنی کولتووری عەفرین بەرخۆدان دەکەن؟
"پاراستن و زیندووکردنەوەی میراتی عەفرین"
شەهیرە ئیبۆ، ژنێکی عەفرینی وەک هەزاران ژنی دیکە کە لە ساڵی ٢٠١٨ بەزۆر کۆچی کرد بۆ ماوەیەکی زۆر لە قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاری کردووە بۆ ڕێکخستنی پڕۆژەیەک بە ناوی قەنەویچ وتی: دوای جەنگی عەفرین، نەتەوەکەمان بڵاو بووەوە و کولتوورەکەمان بەجێهێشت، ئامانجمان لە پڕۆژەکە پاراستنی کولتووری عەفرینە، کۆمەڵێک ژنی عەفرینمان کۆکردەوە و پەروەردەمان پێدان و ئەم بەرهەمەمان پێکەوە دروست کرد، ئەو کارە دەستییانەی دەیکەین، چیۆرکی عەفرین دەگێڕێتەوە، هەر نەخشێکی قەنەویچ باسی کولتوورەکەمان دەکات، عەفرین ناسنامەمانە، ئەگەر لەبیری بکەین ناتوانین بگەڕێینەوە.