یونیسێف: زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵ لە کەرتی غەززە پێویستیان بە یارمەتی دەروونی هەیە

یونیسێف ڕایگەیاند، نزیکەی ١٧ هەزار منداڵ لە غەززە بێ سەرپەرشت بوون یان لە خێزانەکانیان جیابوونەتەوە و لە بارودۆخێکی تراژیدیدا دەژین دوای ئەوەی جەنگەکە کاریگەری دەروونی لەسەریان جێهێشت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کاتێکدا شەڕی غەززە بۆ ١٢٠ەمین ڕۆژی لەسەر یەک بەردەوامە، ئیسرائیل لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٣ هێرشی کردووە و ١٢٢ کەس گیانیان لەدەستداوە، ١٤٨ کەسیش برینداربوون، بەمەش ژمارەی کوژراوان گەیشتە ٢٧ هەزارو ١٣١ کەس و ٦٦ هەزار و ٢٨٧ برینداربوون.

 

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یونیسێف لە فەلەستین ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، دوایین خەمڵاندنەکان دەریدەخەن لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ەوە. نزیکەی ١٧ هەزار منداڵ لە خێزانەکانیان جیاکراونەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دایک و باوکی منداڵەکان لە غەززە کوژراون یان بریندار بوون یان ناچارکراون بڕۆن بۆ شوێنەکانی دیکە، بەم هۆیەوە باری دەروونی منداڵەکان زۆر کاریگەری لەسەر بووە و ئێستا نیشانەکانی وەک زیادبوونی ئاستی دڵەڕاوکێی بەردەوام، لەدەستدانی حەزی خواردن، کەمخەوی، ترس هەر کاتێک گوێیان لە دەنگی بۆردومان دەبێت تێیاندا هەیە.

 

وتیشی: هیچ منداڵێک، بەبێ گوێدانە ئایین، نەتەوە، زمان یان نەتەوەکەی، نابێت ڕووبەڕووی ئەو ئاستە توندوتیژییە بکرێتەوە کە بۆ چەند مانگێکە بینیومانە، هەندێک منداڵ هەن کە ناتواندرێت ناسنامەی دایک و باوکیان ئاشکرا بکرێت و خۆشیان ناتوانن ناوی خۆیان دەرببڕن لە ئەنجامی ئەو تراومایەی کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە.

 

یونسیف ئاشکراشیکرد، پێش جەنگ، ٥٠٠ هەزار منداڵ لە غەززە پێویستیان بە خزمەتگوزاری تەندروستی دەروونی و پشتیوانی دەروونی هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ مەزەندە دەکرێت زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵ پێویستیان بەو پاڵپشتییە هەبێت.

 

لە ڕاپۆرتێکی پێشوودا ڕێکخراوەکە پشتڕاستی کردەوە کە نزیکەی ٢٠ هەزار منداڵ لە غەززە لەدایکبوون لە کاتێکدا شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە.

 

بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوەکە لە فەڵەستین ئاماژەی بەوەدا، ڕۆژانە ١٠٠ منداڵ لە غەززە دەکوژرێن و هێشتا ئاگربەستێکی کۆتایی نییەو لە سەرەتای هێرشەکانی سەر کەرتی غەززەوە، منداڵان باجی شەڕێک دەدەن کە بەشدارییان تێدا نەکردووە، منداڵان لەوێ یان زیانیان بەرکەوتووە یان بوونەتە خاوەن پیداویستی تایبەت.