ڕووخاندنی تاقیگەی ماری کیوری ڕاگیرا

بە وتەی وەزیری ڕۆشنبیری فەرەنسا، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ پەیمانگای ماری کیوری، ڕووخاندنی بیناکە "ڕاگیرا"، بۆ ئەوەی "کاتی پێویست بۆ دۆزینەوەی هەر ڕێگەچارەسەرێکی تر دابنرێت".

ناوەندی هەواڵ

 

ڕیما عەبدولمەلەک، وەزیری ڕۆشنبیری فەرەنسا، ڕایگەیاند، دوای گفتوگۆ لەگەڵ پەیمانگای کیوری، ڕووخاندنی بیناکە "ڕاگیرا" بۆ ئەوەی "کاتی پێویست بۆ پشکنینی هەر بەدیلێکی ئەگەری دابین بکرێت"، ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە پەیمانگای کیوری و خاوەنی بیناکە داوای ڕووخاندنی بیناکە و دروستکردنی باڵەخانەیەکی ٥ نهۆمی کردبوو بە ئامانجی فراوانکردنی شوێنی پەیمانگاکە، شارەوانی پاریسیش بەو داواکارییە ڕازی بوو.

 

بینا مێژووییەکە دەکەوێتە 26 Rue d'Ulm لە گەڕەکی لاتینی شاری پاریس، هەڕەشەی لەناوبردنی لێکرا وەک بەشێک لە پڕۆژەیەکی گەشەپێدان، بەڵام زۆرێک خەڵکی شارەکە ئەم بینایە بە بەشێک لە میراتی کولتووری شارەکە دەزانن و هەڵمەتی پاراستنیان هەڵبژاردووە، ڕەخنەگران ڕەخنەیان لە پەیمانگای ماری کیوری کە خاوەنی موڵکەکەیە و هۆڵی شارەوانی پاریس گرت، بەهۆی پەسەندکردنی پڕۆژەکە، لە بەرامبەردا پەیمانگاکە ڕایگەیاندووە کە بیناکەیان کۆن بووە و بەو هۆکارە بەکارنایەت، ڕەخنەگران و چالاکوانان، لەوانە مێژوونووس کلۆدین مۆنتیل و ڕۆژنامەنووس ستیڤن بایرن، بە توندی ئەو بانگەشەیەیان ڕەت کردەوە.

 

پەیمانگای ماری کیوری لە بینایەک زیاتر، بەڵگەیەکە بۆ کارە ناوازە و داهێنانەکانی ماری کیوری و نیشانەی بەشدارییە بەرچاوەکەیەتی لە زانستدا، هەندێک لە شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئەم بینایە "یەکێکە لە دوا هێماکانی ماری کیوری، دیارترین ژنی سەردەمی ئێمە".

 

هەروەها ڕەخنەگرانی ڕووخاندنی ئەم بینایە جەختیان لەسەر هەوڵەکانی ڕێگریکردن لە ڕووخاندنی پەیمانگاکە کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە: "ئەو ڕووخاندنەی کە بڕیار بوو ڕۆژی دووشەممە ڕووبدات ڕاگیراوە، بەڵام تا ئەو کاتەی بیناکە وەک شوێنەوارێکی مێژوویی پۆلێن نەکراوە، هەڕەشەکانی سەر ڕووخاندنی بەردەوام دەبێت، بۆیە دەبێت بەردەوام بین لە فشارەکان".