کۆیە، لە کۆتا ڕۆژی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ٢٥ نەمام چێندران

هەڵمەتی چاندنی ٢٥ نەمام لە کۆتا ڕۆژی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەچوو.

کۆیە

 

کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان لقی کۆیە، دوێنێ لە شاخی گڵە ڕەشان لەسەر چیای هەیبەت سوڵتان هەڵمەتی چاندنی ٢٥ نەمامیان وەک ئاماژە بە ٢٥ی تشرینی دووەم و لە کۆتا ڕۆژی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ژنانیان بەڕێوە برد.

 

سارا ئازاد، بەرپرسی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان لقی کۆیە دەربارەی هەڵمەتەکە وتی: سەرەتای هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی کۆمەڵێک چالاکیمان ئەنجامدا، ئەمڕۆش وەک کۆتا چالاکی بۆ هەڵمەتەکە، هەستاین بە هەڵمەتی چاندنی ٢٥ نەمام وەک ئاماژە بە ٢٥ی تشرینی دووەم، ئەو چالاکیەمان بۆیە ئەنجامداوە ئامانجمان ئەوە بووە بە خەڵکی نیشان بدەین کە ژینگەش توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت و دەسوتێنرێت و دەشێوێندرێت، هەر کەسێک کە ئەو هەوا پاکەی هەڵ دەمژێت، دەبێت سوپاسگوزاری ژینگە بێت و پاک ڕای بگرێت و بیپارێزێت لە وشک بوون و سووتان و پێویستە پارێزگاری لە بنەما و یاساکانی ژینگە بکەین.

 

نەمام میکائیل، ئەندامی کۆمەڵەی ئافرەتان ئاماژەی بەوەدا، لە درێژەی کاروچالاکیەکانی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان هەستاین بە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە، بە هۆی ئەوەی سروشتیش هاوشێوەی مرۆڤ توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، دارەکان دەبڕدرێن و دەسوتێنرێن و توندوتیژی بەرامبەر ژنگە دەکرێت، جا لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بێت یاخود لەلایەن هاوڵاتیانەوە بێت، بۆیە ئەم هەڵمەتەمان ئەنجامدا تاوەکو پارێزگاری لە ژینگە بکرێت و نەسوتێرێت و نەبڕدرێت.