دەرهێنەر بەهارە لەلاهی لە زینداندا بە گوماناوی گیانی لەدەستدا

دەرهێنەر بەهارە لەلاهی کە لە کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستگیرکرابوو، لە زینداندا بە گوماناوی گیانی لەدەستدا و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەی بەخاک سپێردرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهارە لەلاهی، دەرهێنەری سینەمایی، دوای کوشتنی ژینا ئەمینی و لە کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران دەستبەسەر کرابوو، لە زیندان بە گوماناوی گیانی لەدەستدا و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەی لە گۆڕستانی بەهەشت ساکینە لە شاری کەرەج بە خاک سپێردرا.

 

دەرهێنەر بەهارە لەلاهی لە ساڵی ٢٠٢٢ بەهۆی چالاکییەکانی لە کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ دەستبەسەر و لە ساڵی ٢٠٢٣دا جارێکی دیکە دەستبەسەرکرایەوە، دوای دەستبەسەرکردنی بەهارە لەلاهی بۆ ماوەی چەند مانگێک هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نەبوو.

 

هەموو بانگەوازەکانی ئەو بنەماڵەیە بۆ دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەت بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر بارودۆخی کچەکەیان بێ وەڵام مانەوە.

 

"با کوشتنەکەی ڕوونبکرێتەوە"

ئینستیتیوتی کورتە فیلمی ماڵی سینەمای ئێران سەبارەت بە گیان لەدەستدانی گوماناوی بەهارە لەلاهی لە زیندان داوای لێدوانێکی بەپەلەی لە ڕژێمی ئێران کرد.

 

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنی بەهارە لەلاهی لە زیندانەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی کورتە فیلمی ئێران سەر بە ماڵی سینەمای ئێران، داوای ڕوونکردنەوەی لەسەر ڕووداوەکە کرد.

 

ئینستیتیوتی کورتە فیلمی ماڵی سینەمای ئێران لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: سەرەخۆشی خۆمان بۆ ئەندامانی ماڵی سینەمای ئێران و کۆمەڵەی کورتە فیلمی ئێران دەردەبڕین، دەمانەوێت لێکۆڵینەوەیەکی ڕوون لە ڕووداوە بە ئازارەکە بکرێت.