٢٠ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ١٢ ئاداری ڕۆژئاوای کوردستان بەرز ڕاگیرا

لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی بە بەشداری پارتە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کورستان، بە پانێڵێک ٢٠ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ١٢ی ئاداری قامیشلۆ بەرز ڕاگیرا.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، ٢٠ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ١٢ ئاداری شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن هەر سێ پارتی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان بە ناوەکانی "پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە، پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد لە سووریا، پارتی چەپی کورد لە سووریا" بە پانێڵێک بەرز ڕاگیرا.

 

لە پانێڵەکەدا باس لە ڕاپەڕینی ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤ کرا، کە لە ئەنجامی دروستبوونی شەڕ لە دوای کۆتاییهاتنی یاری نێوان تیپی جیهاد (تیپی کوردانی قامیشلۆ) و تیپی فتوێ (تیپی عەرەبە شۆڤێنییەکانی دێرەزوور) لە یاریگای تۆپی پێی شاری قامیشلۆ ڕوویدا، کە ‌هێرشێکی نەژادپەرستانە کرایە سەر گەلی کورد و تیایدا زیاتر لە ١٠٠ کەس بریندار و شەهید بوون و چەندین ڕۆژ بەردەوام بوو.

 

پانێڵەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستی پێکرد، فەتحولا حسێنی، نوێنەری پارتی چەپی کورد لە سووریا، باسی لە قۆناغی پێش سەرهەڵدانی ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤ی کورد وتی: لەو کاتەدا ڕژێمی بەعسی سووریا هەموو مافێکی لە خەڵک زەوت کردبوو، نووسین و خوێندن و کار و چالاکی کوردان قەدەغە کرابوو، گرتن و زیندان بۆ کەسێک کە چالاکی سیاسی بکردایە بوونی هەبوو، سیاسەتی بە عەرەبکردن بەڕێوەدەبرا، بەڵام گەلی کورد لە بەرامبەر هەموو ئەوانەدا لە بەرخۆدانیدا بوو و گەل خۆی بە ڕێکخستن دەکرد و زانایی و ئیرادەی گەل لەژێر ئەو چەوساندنەوەیەی گەلی کورددا نیشان درا.

 

زەهیە ئەلراشی، ئەندامی نوێنەرایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی کورد لە سووریا، دەربارەی سەرهەڵدانی ٢١ی ئادار بابەتێکی پێشەشکرد و وتی: ئەم سەرهەڵدانە دابڕاو نییە لە مێژووی پشووتری گەلی کورد، گرێدراو بە سەرهەڵدانی گەلەوە ١٢ی ئادار گەل راپەڕی، لە راستیدا ئەو شەڕەی لە یاریگای قامیشلۆ لە نێوان عەرەبە فاشیستەکان و کورداندا ڕوویدا، پیلان بۆ داڕێژراو بوو، چونکە ڕژێمی بەعس لە باشووری کوردستان بە دامەزراندنی هەرێمی کوردستان شکستی هێنابوو، بۆیە دەیخواست تۆڵەی خۆی لە کوردان بکاتەوە بە هەر شێوەیەک بێت، لە پێش دەستپێکردنی یارییەکە یاریزانانی یانەی دێرەزوور کە عەرەبە فاشیستەکان بوون، بە ناو شاردا دەگەڕان و دروشمیان دەوتەوە و وێنەی سەدام حسێن، سەرۆکی بەعسیان بەرز دەکردەوە، لە یارییەکەشدا جنێو و تانەیان لە کوردان دەدا، تا شەڕ دروستببێت، لە کۆتاییدا یانەی کوردان سەرکەوت، ئەم سەرکەوتنە بۆ فاشیستەکان قورسبوو، بۆیە شەڕ ڕوویدا و لە ئەنجامدا ٩ کەس شەهید بوون و سەدان کەس بریندار بوون، ئەو ڕاپەڕینە چەندین ڕۆژ بەردەوام بوو، هەر ئەمەش بووە هەنگاوێک بۆ سەرهەڵدانی ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ و شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان

 

جاویدان کەمال، نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە، باسی لە قۆناغی دوای سەرهەڵدانی ١٢ی ئادار کرد، کە بووە تریسکەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و وتی: لە دوای سەرهەڵدانی ١٢ی ئادار گەل بڕیاریدا کە خۆبەڕێوەبەری خۆی بنیاد بنێت، لە ساڵی ٢٠١٢دا شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد، ئەگەرچی لە سەرەتاوە ڕژێمی سووریا دەیویست کە پێکهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە دژ گەلی کورددا ببات، بەڵام ئەو هزرەی لە ڕۆژئاوای کوردستان بنچینەی خۆی بنیاد نابوو، هەموو پێکهاتەکانی لە دەوری خۆی کۆکردەوە و توانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بکاتە شۆڕشی گەلان و خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بنیاد بنێت، کە شارە عەرەبییەکانیشی لە خۆیدا کۆکردەوە، دوا بەدوای ئەوە بە پێشەنگایەتی ژنان و بە ڕۆڵ و پێگەیان، ئێستا خۆبەڕێوەبەری لە هەنگاوی چەسپاندنی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتییدایە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە کاری بۆ دەکات و بووەتە مۆدێلێک بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە هەموو پێکهاتەکان لە خۆیدا کۆدەکاتەوە.

 

لە کۆتاییدا بە پرسیار و وەڵام لەلایەن ئامادەبووانەوە پانێڵەکە کۆتایی هات.