چالاکییەکان بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالان چڕ دەکرێنەوە

ئەندامێکی کۆردیناسیۆنی کۆنگرە ستار ئەو چالاکیانە دەخاتەڕوو، کە لە ٢٥ ساڵەمین دەستگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ڕێکدەخرێن و جەخت لە بەردەوامی چالاکییەکان تا ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالان دەکاتەوە.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە - ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ بە کۆمپلۆیەکی نێودەوڵەتی دەستگیرکرا و بۆ ماوەی سێ ساڵە لە گۆشەگیرییەکی تونددایە، ڕێگری لە بنەماڵەکەی و پارێزەرانی دەکرێت دیداری لەگەڵدا ساز بکەن، لە بەرامبەردا لە دوای دەستگیرکردنیەوە تا ئەمڕۆ چالاکیی دژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و داوای کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری بەردەوامی هەیە.

 

ڕیما مەحمود، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە شاری حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داوای لە پێکهاتەکانی ناوچەکە کرد خەباتەکانیان چر بکەنەوە و چالاکییەکان بۆ ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان زیاد بکەن و وتی: ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ئەنجامی پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی دەستگیرکرا، چونکە هزر و بیری ئازاد و بانگەوازەکانی ئەو ڕێبەرە بۆ ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی لە نێوان هەموو پێکهاتەکان و گەلانی ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە و پێچەوانەی پلان و سیاسەتی وڵاتانی سەرمایەداری و هەژموونخواز بوو، لەوانەش داگیرکەری تورک، کە ناسیۆنالیزمی خۆی بەسەر هەموو گەلانی ناوچەکەدا دەسەپێنێت، بۆیە چەند وڵاتێکی ناوچەیی بەشداریان لەم پیلانگێڕییەدا کرد و تا ئەمڕۆش بە گۆشەگیرییەکی توند بەردەوامە.

 

ڕیما مەحمود، ڕوونی کردەوە، "ئامانج لە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و دەستگیرکردنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان شکاندنی ئیرادەی هەموو ئەو گەلانەیە کە داوای ئازادی و ڕزگاربوونیان لە کۆیلایەتی و ستەمکاری دەکەن، دەستگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان بە ڕەزامەندی و بەشداریکردنی وڵاتانی سەردەست بوو، لە وڵاتانی جیهانیشەوە داوای ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی لە وڵاتەکانیان و جیهاندا دەکەن.

 

سەبارەت بەو بەرنامە و بۆنە تایبەتانەی کە بۆ ئیدانەکردنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و داوای ئازادکردنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێکدەخرێن، ڕیما مەحمود وتی: لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی دەستگیرکردنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا، کە دەکەوێتە ١٥ی شوبات، کۆنگرەی ستار لە شاری حەسەکە بەرنامەیەکی تایبەتی ساز کردووە، ئەوانیش پێشکەشکردنی وتار و ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە گوند و شارۆچکەکانی حەسەکەیە، هەروەها سینەفزیۆن پێشکەش دەکرێن و نووسینی نامە لەلایەن ژنان لە هەموو پێکهاتەکانەوە بۆ ڕێبەر ئۆجالان دەستی پێکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێپێوان  لە هەموو شارەکانی هەرێمی جەزیرە ڕێکدەخرێت، جگە لە چالاکییەکانی کۆنگرەی ستار، چالاکی دیکەش لەلایەن دامەزراوەکان و لیژنەی بۆنە و چالاکییەکانی ناوچەکەوە ڕێکدەخرێت.

 

ئەو ئەندامی کۆنگرەی ستار دووپاتی کردەوە کە هەموو ئەو چالاکییانە بەردەوام دەبن تا ئەوکاتەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بەشێوەیەکی جەستەیی لە زینداندا ئازاد دەبێت، وتیشی: ئێمەی ژنان قەرزاری ڕێبەر ئۆجالانین، چونکە ئەو داوای لێکردین داوای مافەکانمان بکەین، داوای بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەری کرد، داوای ئازادیمانی کرد، کە هەزاران ساڵە لێی بێبەش بووین، نەک تەنها لە ١٥ی شوباتدا، بەڵکو بە درێژایی ساڵ چالاکییەکانی ئیدانەکردنی گۆشەگیری و پیلانگێڕی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت و بەڵێن دەدەین کە پەیڕەوی لە بیر و فەلسەفەی ئازادی ئەو بکەین و هەموو ژنان لە هەموو پێکهاتەکانەوە بەشداریکردن لەم چالاکییانەدا دەکەن.

 

ڕیما مەحمود داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی گۆشەگیریی توند لەسەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگرن و ئازادی بکەن و دادگاییکردنی دادپەروەرانەش بەڕێوە بچێت، لە کۆتاییدا وتیشی: دەبێت ئەو ڕێکخراوانەی پەرۆشی مافی مرۆڤ و زیندانیانی سیاسین سەیری دۆخی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بکەن و فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا بۆ ئازادکردنی جەستەیی لە زیندانی ئیمرالی، هەروەها کار لەسەر شکاندنی گۆشەگیری بکەن تا ڕێگە بە خێزانەکەی و پارێزەرەکەی بدەن لەگەڵیدا کۆببنەوە، لە ئێستادا پێویستی بە یەکگرتن و پەرەسەندن هەیە تا چالاکییەکان چڕ بکرێنەوە و داوای ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بێتەدی.