هێرشی دەوڵەتی تورک بەردەوامە: ٦ کەس بریندار بوون

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تا ئەم ساتە بەردەوامە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٦ هاوڵاتی مەدەنی، لەناویاندا ژن و منداڵ، بریندار بوون.

قامیشلۆ

 

دەوڵەتی تورک هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چڕتر کردووەتەوە، لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە، هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی هەرێمەکە، کێڵگە نەوتییەکان، وێستگەکانی کارەبا و کارگەکان، لە ئەنجامی هێرشەکاندا ٦ کەس بریندار بوون، لەناویاندا ژن و منداڵ هەن.

هێرشەکان بۆ سەر دێرک، تربەسپی تل تەمر، عەن عیسا، دربەسی، عامودا، قامیشلۆو گوندەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە فڕۆکەی گەڕان و فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان کراون.

٥٦ هێرش لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا سوپای داگیرکەری تورکیا ٦ وێستگەی کارەبای کردووەتە ئامانج:


کۆبانێ کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا کارەبا لە شار و ٤٠٠گوند بڕا و لە عەین عیسا بەهۆی بۆردوومانەوە کارەبا لە ناوەڕاستی ناوچەکە و ١٥٠ گوند بڕا.

هەروەها بۆردوومانی کۆگای گەنم و ئاش و کۆگایەکی ئاژەڵ و خانوویەکی مەدەنی لە ناوچەی دربەسی کرا، کە ژنێک و دوو منداڵ بریندار بوون و برینی منداڵێکیان سەختە، کێڵگەی نەوتی سویدیش لە دیرک زیاتر لە ١٢ جار بۆردوومان کراوە و خزمەتگوزاریی وەستاوە.

سوپای تورکیا وێستگەی نەوتی ئۆدا و پاڵاوگەی گرێ پیری لە ناوچەی تربەسپی کردە ئامانج، هەروەها سێ هێزی ئاسایشی ناوخۆ لە کانتۆنی جزیرە و دوو خاڵی پشکنین لە عەین عیسا کرانە ئامانج، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا سێ هاوڵاتی بریندار بوون.

هەروەها هێرشێک لە قامیشلۆ لە خاڵێکی سەر بە سەربازەکانی حکومەتی شام ئەنجامدرا و بووە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی پێنج سەرباز، هەر لە قامیشلۆ لە ئەنجامی سێ بۆردووماندا کارەبای ٦٠%ی شارەکە بڕا، جگە لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی شارەکە، کە دوایینیان چەند خولەکێک لەمەوبەر ڕوویدا.