ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی لافاوەوە  لە سۆماڵ بۆ ٥٠ کەس بەرزبووەوە

ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی لافاوەوە لە سۆماڵ گەیشتە ٥٠ کەس و نزیکەی ٧٠٠ هەزار کەسی ناچارکرد ناوچەکانیان جێبهێڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، ئەفریقا ڕووبەڕووی بارانێکی زۆر و لافاو بووەتەوە کە پەیوەندی هەیە بە دیاردەی کەشوهەوای ئێل نینۆوە، ئەمەش بووە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان کەس و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەتایبەتی لە سۆماڵ کە بارانێکی زۆر پردەکانی وێران کردووە و ناوچە نیشتەجێبووەکان لافاویان تێچووە.

 

لافاوەکە لە سۆماڵ بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ٥٠ کەس و نزیکەی ٧٠٠ هەزار کەسی ناچارکردووە ماڵەکانیان جێبهێڵن، هەروەها بەرپرسێکی حکومەت ئاماژەی بەوەکردووە، ترسی ئەوە هەیە بارودۆخەکە خراپتر بێت بەهۆی بارانێکی زۆرەوە کە چاوەڕوان دەکرێت ببارێت.

 

نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی ڕایگەیاند ژمارەی ئاوارەبووەکان بەهۆی باران و لافاوەوە لە سۆماڵ  لە ماوەی هەفتەیەکدا نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووەو ڕێگاوبان و پرد و فڕۆکەخانەکان لە چەند ناوچەیەک زیانیان بەرکەوتووە و کاریگەرییان لەسەر جوڵەی خەڵک و پێداویستییەکان کردووە و نرخی کاڵای بنەڕەتی بەرزکردەوە.

 

ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵانی بەریتانیا ڕایگەیاند، زیاتر لە ١٠٠ کەس لەنێویاندا ١٦ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٧٠٠ هەزار کەسیش بەهۆی لافاوەوە ماڵەکانیان لە کینیا و سۆماڵ و ئەسیوبیا جێهێشتووە.