ژنانی دەنگدەر: داوای کۆتایی هێنان بە ستەمی قەیوم دەکەین

دەنگدەرانی ژن کە لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی تورکیادا دەنگیان دا بە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم، جەختیان لەسەر پێویستی بەرزکردنەوەی خێرای خەبات کردەوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم کاندیدەکانی بۆ سەرۆک شارەوانی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی تورکیا، کە بڕیارە لە ٣١ی ئادار ئەنجام بدرێت، بە دروشمی "ئاهەنگگێڕانی دیموکراسی" بە شێوازی پێش هەڵبژاردن دەستنیشان کرد، هەڵبژاردنی کاندیدەکان بە جۆش و خرۆشەوە بەڕێوەچوو.

 

ژنانی ناوچەی ڕێزان لە ئامەد، کە بەشداری هەڵبژاردنی کاندیدەکانیان کرد، باسیان لەوەکرد، کە دەیانەوێت کۆتایی بە ستەمی قەیومەکانی سەرۆک شارەوانییەکان بهێنن.

 

مەولودە سێڤیم، یەکێک لە ژنە دەنگدەرەکانی ناوچەی ڕێزان، باسی لەوەکرد، کە گەل سەرەڕای "دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەیان" بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی پارتەکەیان و داوای کرد، لەم هەڵبژاردنەدا شارەوانییەکانی خۆیان هەڵبژێردن، وتیشی: دەوڵەت بۆ دوو خول دەنگەکانمانیان پشتگوێ خست و دانیان پێدا نەناوە، ئەوان کەسانی جیاواز بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی دیاری دەکەن کە خۆیان دەیانەوێت، نابێت ئەم خەبات و ماندووبوونە ئەمجارە بەفیڕۆ بچێت، با ئەم نادادپەروەری و ستەمکارییە کۆتایی پێبێت، دەبێت کاندیدەکانی سەرۆکایەتی هاوبەش لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان خەباتیان لەناو گەلدا ئەنجام بدەن، هاوسەرۆکەکانمان نابێت گەلەکەیان لەبیر بکەن و دەبێت کار بۆ ئێمە و گەل بکەن، بۆ گەیشتن بە داواکاریەکانیان و جێبەجێکردنی خەباتیان بۆ ژنان، ئەمڕۆ ژنان لە کۆمەڵگەدا چەوسێنراون، ئێمە ئازادیمان دەوێت و نامانەوێت چیتر ژن بکوژرێت، پێویستە ژنان هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ یەکتر نیشان بدەن و ئیدارە ناوخۆییەکانیش دەبێت ئەم هاودەنگییە فراوانتر بکەن.

 

"بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری و دەستەبەرکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەنگ دەدەین"

نازیمە فیدان دەنگدەرێکی دیکەیە و وتی: ئێمە لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکاندا دەنگمان دا، لە ٣١ی ئاداریشدا جارێکی دیکە دەچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان، دەبێت سەرۆک شارەوانییەکان کار بۆ ژنان و گەنجان بکەن، نابێت ئەم قەیومانە دابنرێنەوە، ئەمجارە ئێمەین کە کار دەکەین و بەدەست سەختییەوە دەناڵێنین، ئەوانیش دێن و هەموو شتێک دەبەن، سەرکەوتن داواکاری ئێمەیە، داوا دەکەین ئەو گۆشەگیرییەی لە ئیمرالیدا سەپێنراوە هەڵبگیرێت، دەبێت خوێنڕشتن بوەستێت و ئاشتی لە کۆمەڵگەدا باڵا بکات.

 

"دەچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان"

سورەییا چاکیر باسی لەوەکرد، لە ئەنجامی داڕمانی ماڵەکانیان لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣ کە شاری مەرەشی گرتەوە، بەبێ پەناگە لەسەر شەقامەکان ماونەتەوە و هیچ هاوکارییەکیان لە شارەوانییەکانی ژێر ئیدارەی قەیومەکانی ئەو شارە وەرنەگرتووە، وتیشی: من لە ناوچەی ڕێزان دەژیم، لە ماوەی ٥ ساڵدا نەمبینی ئەو قەیومەی لێرە دانرا هیچ خزمەتێک بە خەڵک بکات، هەرگیز نەیانتوانی وا لە خەڵک بکەن قبوڵیان بکەن، لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا ئێمە دەمانەوێت کاندیدێک هەڵبژێرین کە هەمیشە خزمەتی گەل بکات، گرنگ نییە خەڵکی کوێیە، یان هەرکەسێک بێت، کاری ڕاستەقینە ئەو کارەیە کە لەناو خەڵکدا بکرێت، تاکە داواکاریمان ئەوەیە کە قەیومەکان نەکرێن بە سەرۆک شارەوانی، دوای ئەم ماوەیەش گەل ئیرادەی خۆیان نیشان دەدەن و هەمووان دەبێت ڕێز لەم ئیرادەیە بگرن، ئێمە دەچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بە پەرۆشین بۆ هەڵبژاردن.

 

"کردەوەی قەیومەکان بە مەبەستی دوورخستنەوەی گەل بوون"

ئیلایدە کۆزلگول ڕایگەیاند کە وەک ژنێکی گەنج تا ئێستا نەیبینیوە هیچ کارێک لەلایەن قەیومەکانەوە بکرێت بۆیان، جەختیشی لەوە کردەوە کە هەموو ئەو کارانەی کە قەیومەکان باسیان کردووە کە ئەنجامیان داوە، هەموویان بە ئامانجی دوورخستنەوەی گەلی کورد بووە لە بەهاکانی و کولتوور، وتیشی: ئەوان گەلیان قۆستەوە و گەندەڵییان کرد، کاریان بۆ پشتگوێخستنی مافەکانی ژنان و کۆمەڵگە کرد، هیوادارم ئەم پرۆسەیە بە زووترین کات کۆتایی پێبێت، ئێمە چاوەڕوانی هاتنی ٣١ی ئادارین.