تەرمی ئاڤان جەزای ١٧ ساڵ کە سووتێنرا لە تەکیە بە خاک سپێردرا

ئاڤان جەزای تەمەن ١٧ ساڵ، کە لە لایەن هاوژینەکەیەوە سووتێندرا، ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا و لە گۆڕستانی سەیزەنوری تەکیە سەر بە شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.

سلێمانی

 

شەوی ٦ی ئایار، ژنێکی گەنج بە ناوی ئاڤان جەزا، تەمەن ١٧ ساڵ، هەرچەندە بە منداڵی  دووانە دووگیان بوو، سووتێنرا و لە پاش گەیشتنی بە نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی، ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی لە گۆڕستانی شارەدێی تەکیە بە خاک سپێردرا.

 

ئاڤان ماوەی ٧ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی مایەوە، ئەمڕۆ لە پاش گیان لەدەستدانی، بەڕێکرا بۆ گۆڕستانی سەیزەنوری شارەدێی تەکیەی سەر بە شاری سلێمانی و بە خاک سپێردرا.

 

لە پاش دوو ساڵ لە ژیانی هاوژینی لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێندرا

ئاڤان جەزا لە کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧ لە شارەدێی تەکیە لە دایکبووە، تا قۆناغی هەشتەمی ناوەندی تەواو کردووە، پاشان لە ساڵی ٢٠٢٢ دا و لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، ماوەی دوو ساڵە لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی نیشتەجێیە، لە ٦ی حوزەیرانی ئەمساڵ-٢٠٢٤دا، سەرەڕای ئەوەی دوو گیان بوو، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هاوژینەکەیەوە ئاگر لە جەستەی بەردەدرێت، ئەمڕۆ بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاویەکەیەوە، کە لە ٪٨٥ بوو، گیانی لەدەستدا.

 

"کچەکەم بە دەستی هاوژینەکەی سووتێندرا"

جەزا جەوهەر، باوکی ئاڤان جەزای ١٧ ساڵ لە لێدوانێکی بۆ نوژنها ئاماژەی بەوە کرد، کچەکەی بە دەستی هاوژینی کچەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا سووتێندرا و پاشان دەرگای لەسەر داخست تا گڕ بگرێت و بە تاکتیکی خۆیان سووتاندویانە، وتیشی: لە شەوی پێنجشەممەدا ئاگاداریان کردمەوە کە کچەکەم سووتاوە و لە نەخۆشخانەی سووتاوی شاری سلێمانییە.

 

وەک باوکی باسی لێوە دەکات، کچەکەی چەندین جار ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە، بەڵام هەڕەشەیان لێکردووە بەوەی باوکی دەکوژن ئەگەر لای خێزانەکەی باسی کێشەکانی بکات، دەشڵێت: هاوژینی ئاڤان ناپاکی لێکردووە، کاتێک ئاڤان پێی زانیوە و بەربەستی بۆ دروستکردووە، سووتاندوویەتی.

 

لە کۆتایدا باوکی ئاماژەی بەوە کرد، هەمووان ڕاستیەکان دەزانن بەڵام ماڵی خەزورانی کچەکەی لە لێدوانەکانیاندا بۆ میدیاکان ڕاستی ناخەنەڕوو، دەشڵێت: قسە بۆ کچەکەم دروست دەکەن بەوەی دەڵێن خۆی سووتاندووە، بەڵام من لە مافی کچەکەم خۆشنابم و داواکارم لە پارێزەرەکانی ڕێکاری یاسای بگرنە بەر تا مافی کچەکەم نەفەوتێت.

 

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانییەوە تەرمی ئاڤان جەزای ١٧ ساڵ گەڕێندرایەوە بۆ شارەدێی تەکیە و بە ئامادەبوونی خێزان و کەسوکارەکەی لە گۆڕستانی سەیزەنور بە خاک سپێردرا.