فێستیڤاڵی گیا به‌هارییه‌كان لە خورماڵ به‌ڕێوه‌چوو

فێستیڤاڵی گیا به‌هارییه‌كان لە شارەدێی خورماڵ بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ به‌رده‌وام بوو، ژنان بەشداری فێستیڤاڵەکەیان کرد و ‌كاری ده‌ستی و خوارده‌مه‌نی و گیا بەهارییەکانیان فرۆشت.

هەڵەبجە

 

ده‌شتی شاره‌زوور و خاكی كوردستان هه‌میشه‌ بە پیت و دەوڵەمەند بووە و لە بەهاراندا چەندیه جۆر گیانی بەهاری لێ دەرکەوتووە، ڕۆژانی ١٨ تا ٢٠ی نیسان لە شارەدێی خورماڵ فێستیڤاڵێک بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمە بەهارییەکان بەڕێوەچوو، کە چەندین جۆر گیای تیادا نمایشکرا.

 

حەمیدە غەریب، ژنێکی بەشداربووی فێستیڤاڵەکەیە، گیا بەهارییەکانی وەک بەنۆلە و کەنگر و گولە فەقێ و تۆڵەکە و چەندین گژ و گیای دیکە دەفرۆشێت و دەڵێت: خاکەکەمان چەندین جۆر گیای بەسوودی هەیە، بەڵام پێی نازانین و هەر ئەو گیایانە لە وڵاتانی دەرەوە بۆ دەرمان بەکار دەهێنرێت و بۆمان دەنێرنەوە، ئەم گیایانە بۆ جەستە باشە و سودێکی ئێجگار زۆری هەیە.

 

حەمیدە غەریب وتیشی: ئەم گیایانە دەتوانرێت زەرد بکرێت و بخرێنە سارد کەرەوەوە و بۆ وەرزەکانی تر هەڵدەگیرێن، کوردستان سەرجەم گژ و گیاکەی بەهێز و چاکن و پێویستە ژنان بگەڕێنەوە سروشت و باخەکان ببوژێنینەوە، تاوەکو کوردستانمان ئاوەدان ببێتەوە.

 

وەرزی کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان کە بە ده‌رمانخانه‌ی سروشت ناسراون، دەبێتە هەلی کاری کاتی بۆ ژمارەیەک خه‌ڵك و بە تایبەت ژنان.