فیلمی دەرهێنەرێکی ئێرانی براوەی فێستیڤاڵی فیلمی سالۆنیک بوو

فیلمی "هەسارە دزراوەکەم" لە دەرهێنانی "فەرەحناز شەریفی" خەڵاتی فەخری ئەلێکساندەر گۆڵدنی بۆ باشترین فیلمی دیکۆمێنتاری لە فێستیڤاڵی فیلمی سالۆنیک بەدەستهێنا.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٦ەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی سالۆنیک لە ٧ تا ١٧ی ئادار لە یۆنان دەستیپێکرد و ٢٥٠ فیلمی دیکۆمێنتاریش لە فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵدا بەشدارییان کرد، لەناو ئەو فیلمە دۆکیۆمێنتاریانەی کە پێشکەش دەکرێن، فیلمی “هەسارە دزراوەکەم” لە دەرهێنەر فەرەحناز شەریفی، کە پێشتر لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلیندا ستایشی زۆری لێکرابوو، توانی خەڵاتی فەخری وەربگرێت.

 

فیلمەکە باس لە ژیانی ژنانی ئێران دەکات، لە دەست ئەو سنووردارکردنانەی کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ بەسەریاندا سەپێنراوە، فیلمەکە وێنەیەکی خێزانییە کە بە کەڵک وەرگرتن لە ئەرشیفی کەسی سەبارەت بە ژیانی مرۆڤەکان لە ساڵانی چلەکان و پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا دروستکراوە و فەرەحناز شەریفی واقیعی ڕۆژانەی ژیانی ژنانی وێنا کردووە.

 

ئەم فیلمە پێشهاتەکانی ئێران لە ناڕەزایەتی ژنانەوە تا حیجابی ناچاری دوای شۆڕش، تا ڕووداوە هاوچەرخەکان نیشان دەدات و ئاماژە بە جیهانی تایبەت دەکات کە خەڵکی ئێران لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە دەژین.

 

بەگوێرەی گۆڤاری فیلمی سینەمایی سکرین دەیلی بەریتانی، فەرەحناز شەریفی حیجابی ناچاری بە ئامرازێکی حکومی بۆ "کۆنتڕۆڵکردنی ژیانی" گەلی ئێران پێناسە دەکات.

 

ئەنکە پیتەرسن، بەرهەمهێنەری فیلمەکە دەڵێت: فەرەحناز شەریفی وەک زۆر کەسی دیکە، بەهۆی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمەوە کاریگەری لەسەر بووە.

 

ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی جیهان لە بەشی پانۆراما لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلینی ساڵی ٢٠٢٤ نمایشکرا، فیلمی “هەسارە دزراوەکەم” خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵی فیلمی دۆکیۆمێنتاری سالۆنیکی بەدەستهێنا، هەروەها شایستەی بەشداریکردنی لە خەڵاتی ئۆسکاری ساڵی ٢٠٢٥ پێبەخشرا.