لە مەخموور نەورۆز بە جۆشێکی گەورەوە پیرۆز کرا

نەورۆز بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" پیرۆز کرا.

مەخموور

 

هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی نەورۆزدا دانیشتووانی کامپی پەنابەرانی مەخموور بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری ئاهەنگ و پیرۆزبایی دەبن، ئەمساڵ، بە هەمان شێوە، هەفتەیەک لەمەوبەر، ئامادەکارییەکان دەستیان پێکرد و شەوی ڕابردوو بە پەرۆشییەکی زۆرەوە ئاهەنگی نەورۆزیان گێڕا.

 

بەگشتی دانیشتووانی کامپەکە بە جلی کوردییەوە ڕوویان لە ناوەندی کولتووری و هونەری مەخموور کرد بۆ ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی نەورۆزەوە، پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکە خولەکێک ڕێز لە ڕۆحی پاکڕەوانی ئازادی گیراو دوای ڕێزگرتن، ئاگری نەورۆز کرایەوە، دواتر هەلسەنگاندنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەربارەی نەورۆز گوێیان لێگیراو ئەحمەد شەهباز، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل دەربارەی گرنگی ئەم ڕۆژە  قسەی کرد.

 

"نەورۆز لە هەموو شوێنێک بووە تێکۆشان لە بەرامبەر زوحاکەکان"

ئەحمەد شەهباز وتی: ئێمە قەرزاری ئەو کەس و شەهیدانەی نەورۆزین کە ئەم ڕۆژەیان بۆ ئێمە کردووە بە مانا، نەورۆز ڕووناکییەک بوو لەسەر چیاکانی کوردستان لە بەرامبەر دەسەڵات و چەوسانەوەی مرۆڤایەتی و لە هەموو شوێنێک بوو بە تێکۆشان دژی زوحاکەکان، شوێنکەوتووانی ئەم شۆڕشەبە سێ چرای ئاگرو جەستەیان ئەم ڕۆژەیان بۆ ئێمە نوێ کردەوە وەک مەزلوم دۆغان، زەکیە ئەلکان، ڕەوشەن.

 

دوای قسەکان هونەرمەند فەیزی کلیچ دەرکەوت، دوای ئەوە گروپی هەڵپەڕکێی پەیمانگای شەهید کەریم کاتۆ دەرکەوت، لە کۆتاییدا هونەرمەندان هۆزان وەلات و هۆزان شەمدین دەرکەوتن و بە گۆرانییەکانیان خەڵکەکەیان دڵخۆش کرد، هەروەها گوێ لە پەیامەکانی خازی فەیسەڵ، فەرماندەی خۆبەخشی پێشمەرگەی یەنەکەی مەخموورو پارتی زەحمەتکێشانی کوردستان کە وەک میوان بەشدارییان لە ئاهەنگەکەدا کرد گیرا.