لە پشت ڕووی سەربازی کابولەوە چی خۆی حەشار داوە؟

تاڵیبان هەوڵ دەدات بە دەستگیرکردنی ژنان ترس لەناو خەڵکدا دروست بکات، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر حکومڕانی خۆیان بکەن، بەڵام لە لایەکی دیکەوە لە بزووتنەوەکانی ژنانیش دەترسن.

بەهاران لاهیب

 

کابول- ماوەیەکە ئەندامانی وەزارەتی "فەرماندەیی بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپە"ی تاڵیبان لە شارە جیاجیاکانی ئەفغانستان دەسووڕێنەوە و ئەو ژنانەش، کە بە بڕوای خۆیان پابەندی حیجابی زۆرەملێ نین، بەزۆر دەخرێنە ناو ئۆتۆمبێلەکانیان و دەیانبەن، ژنانی گەنجیش چەندین چیرۆکی ئازاربەخشیان لەم بارەیەوە هەیە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ناوخۆییەکانی ئەفغانستان، تاڵیبان توانیویانە لە یەک ڕۆژدا ١٣ کچی شاری کابول لەگەڵ خۆیان ببەن، لەوەتەی دەستیان کردووە بە دەستگیرکردنی ژنانی ناوچە جیاوازەکانی شاری کابول، هێزی چەکداری خۆیان لە هەموو بەشەکانی شاری کابول جێگیر کردووە، هەر چەند هەنگاوێک خاڵێکی پشکنینیان داناوە و هەندێکجاریش بە ئۆتۆمبێلەکانیان بەلای خەڵکدا تێدەپەڕن و ڕۆژانە پشکنین دەکەن و پرسیار لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکان دەکەن.

 

ئەو هێزانەی لەو بازگانە لە کابول جێگیرکراون سەر بە بەشی بەدرییەیە، (لە پێناسەی ئەم بەشەدا تاڵیبان دەڵێن بەشی بەدری ئێمە بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەک دەکوژن، ئامادەن بۆ خۆکوشتن و زۆربەی مەشق و هێزەکانیان لە تەفیزیۆنی سەر بە دەسەڵاتی خۆیان پەخش دەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی ترس لای خەڵک)، لەگەڵ هێزی بەدریەدا  هێزە ئەمنییەکانیش هەن، کە راستەوخۆ لەلایەن دەزگای هەواڵگریی "ئیسا"ی پاکستانەوە مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە و هەندێک لە شایەتحاڵەکان دەڵێن "پاکستانییەکان بوونیان لەناو ئەم هێزانەدا هەیە.

 

هۆکاری سەرەکی کە تاڵیبان ڕووخساری شاری کابولی میلیتاریزە کردووە، ڕاپەڕینی ژنانە لە دژی زوڵم و چەوساندنەوە و ترسی ئەو هێزەیە لە ئیرادەی ژنان، کاتێک دەرگای زانکۆکانیان داخست، چەند مانگێکی خایاند تا سەربازەکانیان لە شاری کابول دوور بخەنەوە، ژنانی ئەفغانی هەمیشە گاڵتە بەم کارەی تاڵیبان دەکەن و دەڵێن: ئێمە تیرۆری تاڵیبان بە دەستی ڕووت و چەند پەڕەیەکی کاغەز دەبینین، پێکەنین بەسەر لێوماندا دەڕژێت و هەست دەکەین زۆر ترسنۆکن، ئەفسووس ئەو ڕۆژەی وەک خوشکە کوردەکانمان چەکدار دەبین و دوای هەر سەرکوتێک وەک خوشکە ئێرانییەکانمان بێدەنگ نابین، ئەوکاتە بارودۆخیان چۆن دەبێت".