شەرمەزارکردنی نێودەوڵەتی بەهۆی ململانێکان و بڵاوبوونەوەی توندوتیژی لە سودان

توندوتیژی و هێرشە بەردەوامەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ماوەی نۆ مانگە بۆ زۆر ناوچە بڵاوبووەتەوە و کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لێکەوتووەتەوە، لەنێویاندا ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر بۆ ناوچە ئارامەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشەکانی دژی خەڵکی سڤیل و توندوتیژی بۆ ئەو ناوچانە بڵاوبووەتەوە کە ئاوارەکان ڕووی تێدەکەن، ئەمەش بەهۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە ناوخۆی وڵاتدا بەهۆی ململانێی بەردەوامی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش نیگەرانن لە توندوتیژی بەربڵاو و تێکچوونی دۆخی مرۆیی لە سودان، ئەمەش ڕەنگدانەوەی تێکچوونی دۆخی ئەو وڵاتەیە، نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر ئاشکرای کردبوو کە جگە لە حەوت ملیۆن کەسی ئاوارەی ناوخۆ، یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسیش ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون.

 

ململانێی بەردەوامی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سودان لە ١٥ی نیسانی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد و هەزاران کوژراوی لێکەوتەوە، ژێرخانی وڵاتەکەی وێران کرد، ئەمەش جگە لە تێکچوونی بارودۆخی مرۆیی برسێتی و هەژاری و ئاوارەبوون، تا ئەو ڕادەیە ململانێکان درێژبووەوە بۆ شاری واد مەدانی کە دەکەوێتە ١٨٠ کیلۆمەتر باشووری شاری خەرتوم کە ناوەندی ململانێکانە و پەناگەی هەزاران ئاوارەیە، ئەمەش وایکرد ئەو ئاوارەنەی بۆ دۆزینەوەی پەناگە ڕوویان لە شارەکە کردبوو، جارێکی دیکە ئاوارە ببنەوە.