زیلان ئەحمەد: قەیرانەکانی ئێستا بە بەرخۆدان تێدەپەڕێت

زیلان ئەحمەد، بەڕێوەبەری نوسینگەی ژنان بۆ کشتوکاڵ و ئاودێری، پشتڕاستی کردەوە کە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ناوچە کشتوکاڵییەکان دەکەنە ئامانج و وتی: ئامانجی هێرشەکان قوڵکردنەوەی قەیرانی ئابووری و شکستپێهێنانی بەرخۆدانی گەلە.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە-لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە مانگی تشرینی یەکەم، ژێرخانی ناوچەکە کرانە ئامانج، لە ئەنجامدا بەنداوەکانی مەزقەفت و سیڤان و جەلال ئاغا کرانە ئامانج. زیاتر لە ١٢ هەزار و ٥٠٠ دۆنم بەو بەنداوانە ئاو دەدران و ٤٠٠ جوتیار سوودمەند بوون لێی، لە هەمان کاتدا جوتیارانی پەموو لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە گوندەکانی دربەسپی کرانە ئامانج، تا ئەمڕۆش هێرشەکە بەردەوامە. زیلان ئەحمەد، بەڕێوەبەری نوسینگەی ژنان بۆ کشتوکاڵ و ئاودێری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەم بابەتەی هەڵسەنگاند.

 

"بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەکەنە ئامانج"

زیلان ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، ژنان لە هێرشەکاندا کرانە ئامانج و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئابووری خۆی بە کشتوکاڵ بنیاد نا، ئابوورییەکەی لەسەر بنەمای بەرهەمی کشتوکاڵییە، دەبینین کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر ناوچەکە ئابووری دەکەنە ئامانج، ئەو کەسانەی کە کشتوکاڵیان کردووە ژنانن، ئەو کەسانەشی کە کاری زۆر دەکەن لە بواری کشتوکاڵدا ژنانن.

 

"گەل هێڵی بەرخۆدانیان هەڵبژاردووە"

زیلان ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هێڵی بەرخۆدانیان هەڵبژاردووە و وتی: هەموو کەس دەزانێت کە گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ماوەی ١٢ ساڵە لە شەڕدان. لەم جەنگەدا، خەڵک بە هەموو بارودۆخە سەختەکاندا تێپەڕین، ئێستا جگە لە هێرشەکان قەیرانی ئابووری هەیە، دەوروبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سورویا گەمارۆ دراوە. لەم دواییانەدا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ژێرخانی ناوچەکەی کردە ئامانج بۆ ئەوەی ئەم قەیرانە زیاد بکات، چونکە شوێنە بە ئامانجکراوەکان هەموویان شوێنی خزمەتگوزاری گەلە، وەک بیرە نەوتییەکان، سووتەمەنی جوتیاران، نانەواخانەکان و هەموو ئەو کارەی کە ئەنجام دەدرێت پەیوەندییان بەوەوە هەیە، بەڵام گەل هێڵی بەرخۆدانیان هەڵبژاردووە و باوەڕیان بەوە هەیە کە سەرکەوتن مسۆگەرکراوە دوای بەرخۆدان، لە هەر بارودۆخێکدا بێت، ئەوان ژیان دروست دەکەن و داگیرکاری تێکدەشکێنن.

 

"بە هێرش ڕەنجی کرێکاران دەکرێتە ئامانج"

زیلان ئەحمەد تیشکی خستەسەر بەئامانجکردنی جوتیارانی پەموو وتی: لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا، پێنج جوتیاری پەموو کرانە ئامانج، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەیەوێت خاوەن کار و خاوەن زەوی و ئابووری بکاتە ئامانج، بۆیە هێرش دەکاتە سەر جوتیارانی ژن، داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە ڕێگری لە هێرش بکەن، تا ئەمڕۆش هێرشەکان لە سنووری زرگان بەردەوامن و خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج، دەمانەوێت ڕێگە لە هێرشەکان بگرین و خەڵک لە کۆمەڵکوژییەکان بپارێزین.