فەدا، یەژەکە یەژاد لێدوانەکانی ڕەحمی کۆچیان ئیدانە کردو بانگەوازی بەرز کردنەوەی تێکۆشانیان کرد

فیدراسیۆنی دیموکراتیکی عەلەویان "فەدا" یەکێتی دیموکراتیکی ژنانی عەلەوی "یەژاد" لە وڵامی لێدوانەکانی ڕەحمی کۆچ دژی ژنانی کورد ڕایانگەیاند جیاکاری و ڕەگەزپەرەستی ئیدانە دەکەن و بانگەوازی بەرز کردنەوەی تێکۆشانیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

فیدراسیۆنی دیموکراتیکی عەلەویان "فەدا"، یەکێتی دیموکراتیکی ژنانی عەلەوی "یەژاد" دژی لێدوانەکانی ڕەحمی کۆچ کە ژنانی کوردی کردە ئامانج ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە. 

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لێدوانی جیاکاری کە ژنان، مرۆڤەکان و گرووپە باوەڕییە جیاوازەکان دەکاتە ئامانج، برینە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر دەکەنەوە و ئاماژە بەوە کرا کە ئەو لێدوانانەی دەدرێن نەک هەر ژنانی کورد، بەڵکو هەموو ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە یەکسانی و دیموکراسی و بەهاکانی ئاشتی کۆمەڵایەتی هەیە بە ئامانج دەگرێت. 

 

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لە سەر ئەوە کرایەوە کە: "ئێمە سەرەتا داوا لە ڕەحمی کۆچ، دواتر داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە ناو ڕای گشتی دا قسەیان هەیە، زمانێک بەکاربهێنن کە ڕێز لە شکۆی ژنان، یەکسانی گەلان، ئازادی باوەڕەکان و مافەکانی مرۆڤ بگرێت.

 

هەردوو ڕێکخراوەکە هاوکات داوایان لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا کرد بەرامبەر بە لێدوانە جیاکارییەکان، ڕەگەزپەرستی و زایندەپەرەستیەکان هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت. 

 

یەژەکە-ئە: تێكۆشانمان بەرز دەکەینەوە 

هەروەها یەژەکە ئەوروپا لە وڵامی لێدوانەکانی ڕەحمی کۆچ لە دژی ژنانی کورد، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، ئەو لێدوانانەی کە ژنانی کورد بچووک و بە ئامانج دەگرن، جێگای قبوڵکردن نییە و ئاماژەی بەوەکرد کە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە شکۆی ژنانی کورد بە ئامانج بگرێت. 

 

یەژەکە ئەوروپا لە بەردەوامیدا وتی: ژنانی کورد بەشێکن لە کۆمەڵگا کە دەبێت سووکایەتیان پێ نەکرێت، ئەوان تێکۆشەرانی ئازادین و بەهەمان شێوە دەمێننەوە، ئێمە بەڵێن دەدەین کە دژی ئەم عەقڵیەتە تێکۆشانمان بۆ بەدیهێنانی شۆڕشی ژنان بەرزتر بکەینەوە.