سلێمانی، فێستیڤاڵێک بۆ پەرەپێدانی توانای ژنان کرایەوە

 لە حەوشەی سەرای سلێمانی فێستیڤاڵێک بە مەبەستی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کۆمەڵێک دەست ڕەنگین کرایەوە.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە حەوشەوی کولتووری سەرای سلێمانی ڕێکخراوی ژیان بەخشان بۆ پەرەپێدانی مرۆیی  فێستیڤاڵێکی بۆ پیشاندانی توانا و بەهرەی ژنان کردەوە، ئامانجی فێستیڤاڵەکە ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ کۆمەڵێک لە ژنانی دەستڕەنگین و خاوەنکار.

 

چاوان عەبدوڵا، ژنێکی دەستڕەنگینە و لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە، باسی لەوەکرد، کردنەوەی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە هاوکارییەکی باشە بۆ ژنانی دەستڕەنگین و خاوەنکار، کە دەتوانن کاڵاکانیان ساغ بکەنەوە و تواناکانیان نیشان بدەن.

 

سۆیلە حەمە ڕەشید، دەستڕەنگین و خاوەنکارە، باسی لە دەستپێکی کاری دەستڕەنگینی کرد و وتی: لە ساڵانی سەرەتاکانی هەشتاکانەوە کاری دەستڕەنگینی دەکەم، لە پاڵ ئەرکی ڕۆژانە لە ماڵەوە وەک هاوکارییەک بۆ بژێوی ژیانم ئەم کارە دەکەم و داهاتی خۆم دابین کردووە، لەو کاتەدا هیچ ڕێکخراو وفێستیڤاڵێک نەبوو تا بەرهەمەکانمان بەم شێوەیە نمایش بکەین، بەڵام ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ ئێمە سودی هەیە.

 

فەریدە محەمەد، هەنگەوانە و بەشداری لە فێستیڤاڵی ژیان بەخشان کردووە، وتی: لە گوندێکی پێنجوێن  کە ناوی ئیسماعیل ئاوایە، کاری سەرەکیمان هەنگەوانی و باخدارییە، هەنگوینی خۆماڵی بەرهەم دەهێنین، کردنەوەی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە پشتگیرییەکی باشە بۆ ئێمەی ژنانی خاوەن کار، بۆ ساغ کردنەوەی بەرهەمەکانمان بە نرخێکی  گونجاو، کە داهاتی خۆمانی پێ دەستەبەر دەکەین و دەتوانین  وەک ژنێکی خاوەنکار داهاتی خۆمان و ماڵەوە دابین بکەین.