ڕفاندنی دوو شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان توڕەیی بەرفراوانی لێکەوتۆتەوە
شاری ڕەققە شایەتی شەپۆلێکی پێشێلکاری سیستماتیکییە، جیهادییەکانی هەتەشە پەنا بۆ شێوازی سەرکوتگەرانە دەبەن، دیارترینیان ڕفاندنی ژنانی شەڕڤان و بەرگریکارانی خاک و مافەکانیانە.
ناوەندی هەواڵ
سەرچاوە نێوخۆییەکان باسیان لە زیادبوونی ژمارەی ئەو پێشێلکارییانە کرد کە لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشەوە دژی خەڵکی مەدەنی و بەتایبەت ژنان لە شاری ڕەققە ئەنجام دەدرێن.
ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاپۆرتە مەیدانییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو پێشێلکاریانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، خەریکە سیستماتیک دەبن، ئەویش بە ئامانجی سەپاندنی کۆنترۆڵ لە ڕێگەی تۆقاندن و هێرشکردنە سەر دانیشتوان، لە دیمەنێکدا کە شێوازەکانی داعش بیردەخاتەوە.
ئەم پێشێلکارییانە لە شارەکانی ڕەققە و تەبقە بەردەوامن، جگە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، کە خەڵکی مەدەنی ڕووبەڕووی هەڵمەتی دەستگیرکردن دەبنەوە، ڕاپۆرتەکانیش باس لەوە دەکەن ئەو ژنانەی کە بەشدارن لە بەرخۆدان و بەرگریکردن لە خاک و مافەکانیان، لە ڕێگەی گرتن و دەستبەسەرکردنی زۆرەملێیەوە دەکرێنە ئامانج.
لەم چوارچێوەیەدا دوو ژنە شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان ''یەپەژە'' بە ناوەکانی ''نارین ئاخین و ئامارا ئینتیقام'' لە شاری دێرەزوور لەلایەن بەکرێگیراوانی حکومەتی کاتی کە لەلایەن داگیرکەر تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن ڕفێندران، ئەمەش توڕەیی گەل و ژنانی بەشێوەیەکی بەرفراوان لێکەوتەوە.
ڤیدیۆیی ئەو دوو ژنە شەڕڤانە دوای ڕفاندنیان بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبۆیەوە، لە هەمان کاتدا چالاکوانان ڤیدیۆیەکی دیکەی بەکرێگیراوێکیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا بەکرێگیراوێک وتی: "دوو دیاریم بۆ هێنایت ئەبو مەجاهید"، دەستەواژەکە شەرمەزارکردنی بەرفراوانی لێکەوتەوە و وەک بەڵگەیەک بۆ بێڕێزیکردن بە کەرامەتی ژنان و پێشێلکاریی جددی بەرامبەریان سەیرکرا.
چالاکوانان و ڕۆشنبیران و بزوتنەوەکانی ژنان ئەم تاوانەیان ئیدانە کرد و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو دوو ژنە چەکدارەیان کرد و لێپرسینەوەشیان لە بەرپرسان کرد، ئەم کارانەیان بە هەوڵێک بۆ دووبارەکردنەوەی سیاسەتەکانی داعش زانی، ئەمەش ترسی خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی لە ناوچەکە زیاتر دەکات.