پەخشان عەزیزی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا

پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانی ئەڤێن کە لەم دواییانەدا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێ

ناوەندی هەواڵ

 

پەخشان عەزیزی، زیندانی سیاسی کوردی خەڵکی مهاباد لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی "بەغی-یاخیبوو" و "ئەندامێتی لەو گروپانەی کە دژ بە حکومەتی ئیسلامی شۆڕشی چەکدارانەیان کردووە و ڕێبەرییەکەیان بەغییە" سزای سێدارە و بە تۆمەتی ئەندامەتی لە "پژاک" سزای چوار ساڵ زیندانی  بەسەردا سەپێندراوە.

 

دانیشتنی پێداچوونەوە بە دۆسیەی پەخشان عەزیزی لە ڕۆژانی ٢٨ی ئایار و ١٦ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوە چووە، لە ٢٣ی تەمموزدا بڕیاری دادگا بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەندراوە.

 

سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی لە کاتێکدایە کە ماوەی چەند مانگی سەرەتایی دەستبەسەرکردنەکەی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و دادگاییکردنی دۆسیەکەی لە پرۆسەیەکی ناڕوون و نادادپەروەرانەدا بەڕێوەچووە.

 

پەخشان عەزیزی، لە ٣ی ئابی ٢٠٢٣ لە شارۆچکەی خەرازیی شاری تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا، ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ١٠ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ بۆ بەندی ٢٠٩ی ژنان لە زیندانی ئەڤین گواسترایەوە.

 

ئەشکەنجەدان و زەوتکردنی مافە سەرەتاییەکان

پەخشان عەزیزی لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٩دا، لە کاتی کۆبوونەوەیەکی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران بۆ ناڕەزایەتی سەبارەت بە لەسێدارەدرانی زیندانیکراوانی سیاسی لە کوردستان، دەستبەسەر کرا و لە ١٩ی ئاداری ٢٠١٠، دوای ٤ مانگ لە زیندانیکردنی، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەن ئازاد کرابوو.

 

ئەو چالاکوانە دواتر بەهۆی فوشار و هەڕەشەی بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان لە ئێران کۆچی دەرەوەی وڵاتی کرد و هاوکات لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی لەسەر بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، لەسەر چاکسازی ئەو بارودۆخە لە بواری هاوکاری کۆمەڵایەتیدا هەندێک هەنگاوی نابوو.

 

جێی ئاماژەیە، سەرەڕای سەپاندنی سزای لە سێدارە، پەخشان عەزیزی بۆ ماوەی چەند مانگێکە لە مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی خێزانەکەی زەوت کرا و ڕێکارەکانی بە پرۆسەیەکی نادادپەروەرانە و ناشەفاف بەڕێوە دەچوو، بەهۆی دانپێدانانی زۆرەملێ فشارێکی زۆری لەسەر بووە، لە دوو هەفتە بەر لە ئێستاوە مافی سەردانکردن و پەیوەندیکردن بە بنەماڵەکەی بێبەش بووە، ئەم بڕیارەش لەلایەن ئەنجومەنی دیسپلینی زیندانی ئەڤینەوە دراوە و بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک جێبەجێ دەکرێت.