شەوچەرەیەکی تایبەت بە ژنان بەڕێوە برا

بە پێشەنگایەتی ڕژاک شەوچەرەیەکی تایبەت بە ژنان ڕێکخرا و تیایدا ژنان گۆرانی و دەنگبێژییان وت.

سلێمانی

 

شەوی ڕابردوو ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی كوردستان-ڕژاك، شەوچەرەیەكیان، بە مەبەستی پیرۆزكردنی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان ساز کرد.

 

هەریەك لە ژنانی ڕژاك، ژنانی تەڤگەری ئازادی، دایكانی شەهیدی هەر چوار پارچەی كوردستان و ژنانی ئازادییخواز لە شەوچەرەكەدا لە دەوری یەک کۆبوونەوە و گۆرانی و دەنگبێژییان دەوت.

 

هەروەها، لەلایەن سێ دایكی شەهیدی دەنگبێژەوە، چەندین بەرهەمی فۆلكلۆری كوردەواریی بە لاوك و سۆز و دەنگبێژیی پێشكەش كران، بە باڵای كوردستان، ژنانی تێکۆشەر و شەهیدان و شۆڕشگێڕان.

 

لە شەوچەرەکەدا، بە چەپڵە لێدان وتنەوەی دروشمی ”ژن، ژیان، ئازادی” کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا.