کەرکوک، ژنێک بە گوماناوی بە فیشەک گیانی لەدەستدا

ژنێک بە هۆی فیشەکەوە بە سەختی بریندار دەبێت و لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتن و خۆکوشتنی گوماناوی ژنان لەو ڕووداوانەن کە هەندێک جار ڕاستیەکانی بۆ هەمیشە ون دەکرێت، بە پێی یاسا کەسانێک کە خوار ١٨ ساڵ بن و تاوانێک ئەنجام بدەن کەمترین سزا دەیانگرێتەوە، بۆ ئەوەش پیاوان کوشتنی ژنان دەدەنە دەست ئەو ئەندامەی خێزان کە خوار ١٨ ساڵن، دیارترین نمونەش کوشتنی ماری سام بوو لە ٦/٧ی ئاداری ٢٠٢٢ بە کوژراوی دۆزرایەوە، کە لەلایەن برا ١٧ ساڵەکەیەوە کوژرا بە پاڵنەری پیاوانی خێزانەکەی.

 

لە ڕووداوێکی گوماناویدا لە گەڕەکی کوردستانی شاری کەرکوک، بە پێی زانیارییەکان، منداڵێكی تەمەن حەوت ساڵان، یاری بە چەكی باوكی دەكات و لە ئەنجامدا فیشەكێك بە دایكیەوە دەنێت.

 

ژنەکە بە هۆی فیشەکەکەوە بریندار دەبێت، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، گیان لەدەست دەدات.

 

گیان لەدەستدانی ژنەکە دەکرێت بە گوماناوی سەیر بکرێت، ڕووداوەكە بەهۆی چەكی بێ مۆڵەتەوە بووە و پۆلیس دەستی بەسەر چەكەكەدا گرتووە، پەڕاوی لێكۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە.