تەمەن لە بەردەم تێکۆشان و بەرخۆدان نابێتە ئاستەنگ
خانێ بەنەک، کە تەمەنی سەروو ٩٠ ساڵە، بۆ ماوەی ٥ مانگە ئێشکگری دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری لە ئیمراڵی و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
ئاڤاشین هێلین
مەخموور- ژنان و دایکان بەرخۆدانی بێ وەستان، تەمەنی زۆرو نەخۆشییان ڕێگری ناکەن لە بەشداریکردن لە هەموو چالاکییەکان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، باس لە یەکێک لە هێماکانی بەرخۆدان دەکەین لە کامپی پەنابەرانی مەخمور، ئەویش خانێ بەنەکە لە سەرەتای گەشتی ٣٠ ساڵەی پەنابەران لە خەبات و بەرخۆداندایە، دوو کوڕەکەی لە کاتی جیاوازدا چوونەتە ناو ڕیزەکانی پەکەکەو گیانیان لەدەستداوە، خانێ بەنەک بەڵێنی ئازادی و تۆڵەکردنەوەی منداڵەکانی داوە بە ئیرادەی خۆی و بەرخۆدان و بەشداری لە هەموو چالاکییەکانی کامپەکەدا دەکات.
خانێ بەنەک، کە لە سەرەتای چالاکییەکانی ٢٠ی تەمووزەوە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەشداری کردووە، ئاماژەی بەوەکرد تا دوایین هەناسەی لە چالاکییەکاندا دەبێت و هەرگیز دەستبەرداری خەبات نابێت.
"تا کۆتایی تەمەن خاوەنداری لە بوونی خۆمان دەکەین و تێدەکۆشین"
خانێ بەنەک لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بۆ بوونی خۆیان تێدەکۆشن و وتی: ڕێبەرەکەمان بوونی ئێمەیە، تا کۆتایی خاوەنداری لە بوونی خۆمان دەکەین و بۆی تێدەکۆشین، بۆچی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەرەکەمان خراپتر دەکەن؟ بۆچی ئەوەندە گەلی کورد دەچەوسێننەوە؟ ڕێبەرەکەمان تەنها بۆ گەلی کوردو ناسنامەکەی تێناکۆشێت بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ستەملێکراو و مرۆڤایەتیش تێدەکۆشێت.
"گۆشەگیری لەسەر ئێمەیە"
خانێ بەنەک ئاماژەی بە خۆشەویستی خەڵکی کامپەکە بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی: هەتا بتوانم، بەشداری لە هەموو چالاکییەکانی کامپەکە دەکەم، کۆمەڵگەی کامپ لە تەمەنی ٧ ساڵی تا ٧٠ ساڵی هەمیشە بەشدارە لە چالاکییەکانی ڕێبەرو داوای ئازادی جەستەیی دەکەن، لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا، ڕێبەرمان لەناو دیوارەکانی زیندانی ئیمراڵیدا گۆشەگیرکراوە و هەموو پارێزەران و داواکارییەکانی خێزان بەبێ وەڵام ماونەتەوە. گۆشەگیری سەر ڕێبەرەکەمان گۆشەگیرییە لەسەر ئیمەو منداڵەکانمان.
"کاتی ئەوە هاتووە بە ئازادی لەگەڵ ڕێبەرەکەماندا بژین"
خانێ بەنەک لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە وڵاتان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد و وتی: ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بە ئازادی لەگەڵ ڕێبەرەکەماندا بژین، داواکاری من بۆ هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ئەوەیە کە هەستن و کۆتایی بەو گۆشەگیرییە بهێنن.