دژی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسی ژنانی کەرکوک گردبوونەوە
چالاکوان و ڕێکخراوەکانی مافی ژنان لە کەرکوک دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی لە بەردەم کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤدا گردبوونەوە.
ناوەندی هەواڵ
هێزە شیعەکانی پەرلەمانی عێراق هەمووارێکیان بۆ یاسای باری کەسی پێشکەشی پەرلەمانی عێراق کردووە و خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کراوە، یاساکە مافی دایەنیکردن لە دایک دەسەنێتەوە، هەروەها ڕێگە بە هاوسەرگیریی پێکردنی منداڵانی تەمەن ٩ ساڵ دەدات، یاساناسان و چالاکوانانیش بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئەو یاسایە پێشێلی مافی ژن و منداڵانە.
ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکانى کەرکوک بڵاویانکردەوە، پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە چالاکوان و ڕێکخراوەکانی مافی ژنان لە کەرکوک دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی لە بەردەم کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤدا گردبوونەوە، داواکاری چالاکوانان بریتیبوو لە "ئێمە دژی ئەم هەموارکردنەوانە دەوستین چونکە، ئەمە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەگشتیی و مافی ژنان و منداڵانە بەتایبەتی".
یاسای باری کەسی لە ئیستادا بە باشترین شێوە داڕێژراوەتەوە، بەڵام هەموارکردنەوەی لەسەر بنەمایەکی تایەفی دەبێتە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی خێزان، ئەگەر ئەو هەموارە پەسەند بکرێت ئەوا، لە داهاتوودا هیچ هاوسەرگیرییەک لە دادگا تۆمار ناکرێت و هاوسەرگیری 'موتعە و مسیار' زۆر دەبن و کۆمەڵگە بەرەو لێکترازان دەبات.