دیوانی ئەدەبی؛ یادەوەری بەکۆمەڵ و شوێنێک بۆ داهێنانی ئازاد

دیوانی ئەدەبی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پلاتفۆرمێکی سەرەکی کولتوورییە کە ئەزمونە داهێنەرەکان لە باوەش دەگرێت و میراسی دەوڵەمەندی ناوچەکە بەڵگە دەکات، بە ئامانجی پاراستنی میراسی ئەدەبی و گۆڕینی بە ڕۆحێکی نوێ بۆ نەوەکانی داهاتوو.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- دیوانی ئەدەب لە سایەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ پاراستنی شوناسی کولتووری و ئەدەبی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، درێژە بە کارەکانی دەدات بۆ تیشک خستنە سەر گرنگی ئەدەب و هونەر وەک ئامرازێکی پەیوەندی مرۆڤ و پاراستنی یادەوەری بەکۆمەڵ.

 

دیوانی ئەدەب لە ڕێگەی بەرنامە و چالاکییە هەمەچەشنەکانییەوە هەوڵدەدات نووسەران و شاعیران و داهێنەران بەهێز بکات وبوونی ئەدەبی بەرخۆدان بەرز بکاتەوە، کە پرسە کۆمەڵایەتییەکان بەرجەستە دەکات و خواستەکانی داهاتوویەکی ئازادتر و دادپەروەرتر دەرببڕێت.

 

"سەرەتای گەشتی دیوانی ئەدەب لە پاڵپشتیکردنی بەرهەمی کولتووری"

سەبارەت بە سەرەتای دامەزراندنی دیوانی ئەدەبیات و بەرهەم و چالاکییەکانی، بۆتان هۆشی، ئەندامی دەستەی ئیداری دیوانی ئەدەبی لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، دیوانی ئەدەب لە ساڵی ٢٠١٦ دامەزرا، و سەرەتا بە لیژنەی ئەدەبی ناسراو بوو، لەو کاتەدا تەنها لە سێ ژن پێکهاتبوو کە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنیان لە ئەستۆ گرتبوو، سەرەڕای کەمی ژمارەی ژنان، بەڵام لەم ماوەیەدا زۆر بەرهەمی ئەدەبی بەرهەم هێنراون، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک پرۆفیسۆری پسپۆڕ لە ئەدەبیاتی ناوچەی جزیرە دروستکرا، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ بەهێزکردنی لیژنەکە و دەستکردن بە وەرگرتنی بەشدارییە ئەدەبییەکانیان.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، کە لە دامەزراندنی لیژنەکەوە تا ڕادەیەکی زۆر گرنگی بە کاری پەرتوک دراوە، شانبەشانی بەڵگەنامە و ڕێکخستن و هەوڵەکانی فۆلکلۆر، بە تێپەڕبوونی کات، لیژنەی ئەدەبی دەستی کرد بە بەرھەمھێنانی بەرھەمەکانی خۆی، گروپەکەش وردە وردە فراوانتر بوو، ئەمەش ڕێگەی بە پێکھێنانی لیژنەی سەربەخۆ بە ھەردوو زمانی کوردی و عەرەبی دا، سەرەڕای ئەو ئاڵەنگاریانەی لەو قۆناغەدا ڕووبەڕوویان بووەوە، توانیان کارێکی نایاب و سەرکەوتوو بە ئەنجام بگەیەنن.

 

"یەکەمین کۆنگرەی... دەستپێکردنێک بەرەو فراوانبوونی کولتووری"

ئاماژەی بەوەشکرد، دیوان لە ساڵی ٢٠٢٢ یەکەمین کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا، جەختی لەوە کردەوە: کە ئەم هەنگاوە خاڵی وەرچەرخانێکی لە ڕەوتی کاری ڕۆشنبیریدا دیاریکرد، لە ساڵی ٢٠٢٢ یەکەمین کۆنگرەی دیوانی ئەدەبیمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕێکخست، دوای ئەم کۆنگرە چالاکییەکانمان بەشێوەیەکی بەرچاو لە سەرانسەری ناوچە جیاجیاکاندا فراوانتر بوو، چیتر تەنها لە پارێزگای جزیرەدا سنووردار نەبووین، بەڵکو کارەکانمان درێژکردەوە بۆ ئەوەی ناوچەکانی دیکەش بگرێتەوە، سەرکەوتنی بەرجەستەمان بەدەستهێنا، هەروەها لیژنەی تایبەتمان بۆ هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی پێکهێنا، کە بەپێی پێویستی هەر ناوچەیەک بوو.

 

"بەرەو چەسپاندنی کولتووری خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمی ئەدەبی"

ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەشێک لە چالاکییەکانی دیوان ئامانجیان بەرەوپێشبردنی خوێندنەوە و پەرەپێدانی میکانیزمی هەڵسەنگاندنی پەرتوکە، دامەزراوەکە پشت بە لیژنەیەکی تایبەتمەند دەبەستێت کە پەرتوکی هاتوو دەخوێنێتەوە و هەڵیدەسەنگێنێت، هەندێک بەرهەم وەردەگرێت لەکاتێکدا هەندێکی دیکە ڕەتدەکاتەوە لەسەر بنەمای پێوەرە تایبەتەکان، ئەم ڕێبازەش ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی دیوانە بە پێوەرەکانی کوالیتی ئەدەبی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دیوان چەندین وۆرکشۆپ ڕێکدەخات کە منداڵان و گەنجان دەکاتە ئامانج بۆ فێرکردنی تواناکانی خوێندنەوە و نووسینی ئەدەبی، لەم دواییانەدا وۆرکشۆپێک کۆتایی هات، کە هەشت ژنی گەنج بەشداریان کرد و خولی پەروەردەیان لەسەر نووسینی شیعر و چیرۆک و وتار وەرگرت، لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی ئامادەکردنی نەوەی نوێی ژنانی نووسەرە.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، هەفتەی ئەدەبی شەش ڕۆژ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتگەلی ئەدەبی پشتگوێخراو یان لەبیرکراو ڕێکدەخرێت، لەوانە سیمینار و کۆبوونەوەی گفتوگۆ و خوێندنەوەی چیرۆک، جگە لەوەش دیوان فێستیڤاڵی ئەدەبی سازدەکات، لەوانەش فێستیڤاڵی عوسمان سەبری، هەروەها بۆنەی هاوشێوە لە شارەکانی دیکە.

 

وەک بەشێک لە چاندنی کولتووری خوێندنەوە، دیوانی ئەدەبی مانگانە دوو سێ جار لە ناوچە جیاوازەکاندا کۆبوونەوەی خوێندنەوەی ئاسای ڕێکدەخات، کە پەرتوکێکی دیاریکراو لەلایەن بەشداربووانەوە هەڵدەبژێردرێت و دەخوێندرێتەوە، دواتر بۆچوون و سەرنجەکانیان لەسەری باس دەکەن، ئەمە هەوڵێکی بەردەوامە بۆ باشترکردنی هەڵسەنگاندنی پەرتوک و پەروەردەکردنی گفتوگۆی ئەدەبی.

 

"ئامانجمان پاراستنی ئەدەبی کوردییە"

بۆتان هۆشی وتی: پاراستنی ئەدەبی کوردی ئامانجی سەرەکی دیوانی ئەدەبیە و ئاماژەی بەوەدا، کە ڕێگای گەیشتن بەو ئامانجە ئاسان نەبووە، هەروەها ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو دەبنەوە، بەتایبەتی لە کاتی هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەم لە دەرەوەی سنووری شار یان لە کاتی هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی هەوڵی بەکۆمەڵ کە هەموو نووسەران لەخۆ بگرێت، زۆر بەربەست ڕێگری لە پێشکەوتنی کار دەکەن، ئەمەش بۆ بەهێزکردنی هاوکاری نێوان نووسەران و ڕۆشنبیران و کەسایەتییە ئەدەبییەکان باشترین ڕێگایە لە پاراستنی ئەم میراسە کولتوورییە.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە دیوان شوێێکی یەکگرتوو بۆ هەموو نووسەران و کەسایەتییە ئەدەبییەکان پێکدەهێنێت، هەروەها دەرگاکانی بەبێ جیاوازی بەڕووی هەموواندا کراوەن، بەبێ گوێدانە زمان و ئاراستەی فیکری، هەروەها بانگهێشتی هەموو نووسەرێک دەکرێت بۆ ئەوەی دیوان وەک ماڵی کولتووری خۆیان و شوێنێکی شایستەی داهێنەرییەکانی خۆیان بڕوانن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە دیوان ساڵانە بڵاوکراوە بڵاودەکاتەوە، ئەمساڵیش ١٧پەرتوک چاپکراون و لە پێشانگای شەهید هەرەکۆل نمایش دەکرێن، هەنگاوێکە کە ڕەنگدانەوەی بەردەوامی و پەرەسەندنیتەڤگەری ئەدەبییە.

 

بۆتان هۆشی لە کۆتایی قسەکانیدا، خواستەکانی دیوانی دەربڕی بۆ فراوانکردنی کارەکانی بۆ ئەوەی ناوچەکانی دیکەی سووریا بگرێتەوە، لە دەرەوەی سنوورەکانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵات، جەختیشی لەوە کردەوە، هەرکەسێک بیەوێت بەشداری بکات یان هاوکاری بکات، چ لەڕێگەی نووسینەوە بێت یان پاڵپشتی، دەرگاکانی دیوان بەڕوویاندا کراوە دەبیننەوە، هەروەها دامەزراوەکە پابەندە بە دابینکردنی هەموو هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی دیمەنی ئەدەبی و ڕۆشنبیری.