دووەمین کۆڕبەندی ساڵانەی کاروباری ژنان لە عێراق ئەنجامدرا
بە ناونیشانی "ئەندازیاری هۆشیاری کۆمەڵگە: بەرپرسیارێتی هاوبەشی زانکۆکان، میدیا، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەرامبەر بە پرسەکانی ژنان"، لیژنەی کاروباری ژنان چالاکییەکانی دووەمین کۆڕبەندی ساڵانەی کاروباری ژنانی ئەنجامدا.
رەجا حەمید ڕەشید
عێراق- تەوەرەکانی کۆڕبەندەکە تیشکی خستە سەر ڕۆڵی زانکۆکان و میدیاکان و کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە و پاڵپشتیکردنی پرسەکانی ژنان، ئەمە جگە لە گرنگی بەهێزکردنی دیجیتاڵی و بەشداری چالاکانەی ژنان لە بڕیاردان.
لیژنەی کاروباری ژنان لە کۆلێژی زانست بە هاوکاری گروپی نیشتمانی ژنان و دەزگای ڕاگەیاندنی ئانانا، دووەمین کۆڕبەندی ساڵانەی کاروباری ژنان بە ناوی "ئەندازیاری هۆشیاری کۆمەڵگە: بەرپرسیارێتی هاوبەشی زانکۆکان، میدیا، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەرامبەر بە پرسەکانی ژنان" ، لە ٤ی شوبات، لە بەغدا ئەنجامدا، کۆڕبەندەکە چەندین دانیشتنی لەخۆگرتبوو، یەکەم دانیشتنیان بە ناوی "ڕۆڵی زانکۆکان لە بونیادنانی هۆشیاری زانستی ژنان" لەلایەن دکتۆر زینە قەرە غولی، سەرۆکی ڕێکخراوی ئێمە یارمەتی مرۆڤایەتی دەدەین پێشکەشکرا.
"بونیادنانی هۆشیاری زانستی ژنان: بناغەیەکن بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگە''
زینە قەرە غولی جەختی لەوە کردەوە، کە چاندنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی خۆشگوزەرانی هزری نییە، بەڵکو پێویستییەکە بۆ پەرەپێدانی هۆشیاری گشتی، ئەم هۆشیارییە لە ژنانیش تێدەپەڕێت و هەموو کۆمەڵگە دەگرێتەوە، هەروەها زانکۆکان تەنها دامەزراوەی پەروەردەیی نین کە بڕوانامە دەبەخشن، بەڵکو پەرەپێدانی هۆشیاری و سەکۆی بیرکردنەوە و کارگەی بەهاکانن، ڕۆڵی زانکۆ لە بونیادنانی هۆشیاری زانستی ژنان زیاتر لە پۆلەوە درێژدەبێتەوە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە بە گشتی هەبێت، ڕۆڵی زانکۆکە تەنها لە گواستنەوەی زانیاریدا سنووردار نییە، ژینگەی زانکۆ و پرۆفیسۆرەکان بەشداری دەکەن لە داڕشتنی کارەکتەری خوێندکاران لەگەڵ دەرچوونیان.
ڕوونیشی کردەوە، کە ژنانی گەنجی خوێندکار پێویستیان بە ژینگەیەکی زانکۆی پاڵپشت هەیە کە کەسایەتییەکانیان پەروەردە بکات و متمانە بە زانست و عەقڵیان بچێنێت، تێگەیشتنە دەچێنێت کە زانین بەرپرسیارێتییە و متمانەیە بۆ ئەوەی بۆ چارەسەرکردن و بونیادنانەوە و خزمەتکردنی مرۆڤایەتی بەکاربهێنرێت، هۆشیاری زانستی ژنان تەنها لە دەستکەوتی ئەکادیمیدا سنووردار نییە، بەڵکو توانای شیکردنەوە و ڕەخنەگرتن و هەڵبژاردنی ئاگادارانە و تێگەیشتن لە ماف و بەرپرسیارێتیەکانیش دەگرێتەوە.

"شکاندنی سترێیۆتایپی ژنان لە ڕێگەی میدیاوە"
لە دانیشتنی دووەمدا بەناونیشانی "بەرپرسیارێتی میدیا لە داڕشتنی وێنەیەکی ئەرێنی ژنان"، جیهان تای، سەرنووسەری گۆڤاری "السيدة الأولى" "خاتوونی یەکەم" بەشداری کرد، جەختی لە ڕۆڵی گرنگی میدیا کردەوە لە گۆڕینی وێنەی کۆنەپەرستانەی ژنان و ڕۆڵی میدیای عەرەبی بەراورد کرد لە تیشک خستنە سەر ژنانی عەرەب لە ڕێگەی گۆڤارە جیاوازەکانەوە کە گرنگی بە نموونەی ژنانی سەرکەوتوو و بەهێز و چالاکوانە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن، بەشدارییە ئەرێنییەکانیان لە کۆمەڵگەکانیان و لە سەرانسەری بوارە جیاوازەکاندا نیشان دەدەن.
جەختی لە گرنگی ڕۆڵی ژنانی عێراق کردەوە، سەرەڕای ئەو شەڕانەی کە بەرگەی گرتووە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەریان هەبووە، ئاماژەی بە ئەزموونی میدیایی خۆی کرد لە بڵاوکردنەوەی "السيدة الأولى" "خاتوونی یەکەم" گۆڤارێکی تایبەتە بە تیشک خستنە سەر ژنانی عێراق و چیرۆکی سەرکەوتنیان لە کەرتە جیاوازەکاندا.
"پرسی ژنان: نموونەیەک بۆ یەکخستنی زانکۆ و میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی"
لە دانیشتنی سێیەمدا باس لە پرسی یەکگرتنی دامەزراوەیی نێوان زانکۆکان و میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی کرا، دکتۆر غادە عاملی، بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی "مدی" بۆ میدیا و ڕۆشنبیری و هونەر ئەزموونی خۆی لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان پێشکەش کرد، پرسیارێکی بنەڕەتی وروژاند کە کێ بەرپرسیارێتی داڕشتنی کۆمەڵگە لە ئەستۆ دەگرێت، بە لەبەرچاوگرتنی دیدگا جیاوازەکان سەبارەت بە ڕۆڵی خێزان و زانکۆ و میدیا.
دووپاتی کردەوە، کە هۆشیاری کۆمەڵگە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دروست نابێت یان بێلایەنانە لەدایک نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی سیستەمێکی پێکەوە گرێدراوی زانیاری و وتار و پراکتیکەوە بونیاد دەنرێت، هەروەها دانانی پرسەکانی ژنان لە دڵی ئەم سیستەمەدا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەوان تەنها داواکاری ماف یان دروشمی ڕەوشتی نین، بەڵکو پرسە پێکهاتەییەکانن کە کاریگەرییان لەسەر گەشەپێدان و سەقامگیری کۆمەڵایەتی و کوالێتی ژیان هەیە.
باسی لە ڕاپۆرتەکانی یونسکۆ کرد کە ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژمارەیەکی زۆر لە زانکۆکانی عێراق و عەرەبی هێشتا وەک بابەتێکی پەراوێزی مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی ژنان دەکەن کە تەنها لە بۆنە تایبەتەکاندا باس دەکرێن، بەبێ ئەوەی بیانخەنە ناو تەوەری سەرەکییەوە، ئەمەش دەرچووان بەرهەم دەهێنێت کە پرسی ژنان وەک پەراوێزی سەیر دەکەن، داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی دەریدەخەن کە توێژینەوە کارپێکراوەکانی پەیوەست بە پرسەکانی ژنان لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا لە ٢٠٪ی کۆی بەرهەمی توێژینەوەکان زیاتر نین، وتی: ئەمە بەرپرسیارێتییەکە کە پێویستی بە هاندانی توێژەران و خوێندکارانی دەرچووی زانکۆ هەیە کە بە دیدگای سەردەمی چارەسەری ئەم پرسانە بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەهۆی کاری مەیدانییەوە نزیکترین پەیوەندین بە پرسەکانی ژنانەوە، بەڵام ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان ئاماژە بەوە دەکەن، کە نزیکەی ٤٠٪ی پڕۆژەکانی بەهێزکردنی ژنان نیشاندەری ڕوونیان نییە بۆ پێوانەکردنی کاریگەرییە درێژخایەنەکانیان.