دوو خوشکی تل تەمر ژنان دەپارێزن

لە شاری تل تەمر لە ڕۆژئاوا خەباتی خوشکەکانی سەعدە و مەها ورجی، وەک نموونەیەک بۆ بەرخۆدانی ژنان وەستاوە، سەرەڕای مەترسییەکان و پێشێلکارییەکان دژی ژنان دوای هێرشەکانی جیهادیەکانی هەتەشە، کاری مەیدانی لەگەڵ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ تێکەڵ دەکەن.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

تل تەمر-ماڵی ژنان لە تل تەمر یەکێکە لە دەستکەوتە هەرە دیارەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا کە پەناگەیەکی پارێزراو بۆ ئەو ژنانە دابین دەکات کە لە ماڵەکانیان یان شوێنی گشتیدا تووشی توندوتیژی دەبن، ئەم ڕۆڵە لە یاسای خێزاندا چەسپاوە کە پارێزگارییەکی هەمەلایەنە پێشکەش بە ژنان و پیاوان و خێزانەکان دەکات بەبێ ئەوەی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان بکرێت.

 

ماڵی ژنان لە تل تەمر شوێنی پارێزراو بۆ ژنان دابین دەکات بۆ ئەوەی بە ئازادی گفتوگۆ لەسەر کێشەکانیان بکەن، لە ژێر پاراستنی یاسای خێزان، کە مسۆگەری پارێزراوی و شکۆمەندیان دەکات، بەڵام هەڕەشه ئەمنییەکان به هۆی هێرشەکانی هەتەشە و خستنە مەترسی ژیانی ژنان و گەڕانەوەی پرسەکانی بازرگانی بە مرۆڤ و توندوتیژیی جەستەی و دەڕوونی بۆ پێشەوە، هەروەها بەردەوامبوونی پەراوێزخستنیان له پێگەی بڕیاردان به ڕدەوامن.

 

دوو خوشک و ململانێیەک بۆ دۆزێک

لە ڕۆژئاوا یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" ڕۆڵێکی دیار دەگێڕن لە بەرگریکردن لە ژنان لە بەرەکانی شەڕدا، ئەمە جگە لەوەی مافەکانیان لە ڕێگەی یاسای خێزانەوە دەستەبەر دەکات، ئەم هەوڵە جێی دەستخۆشییە تیشک دەخاتە سەر خەباتی بەردەوامیان، لە شاری تل تەمر لە کانتۆنی جزیرە، دوو ئەندامی ماڵی ژنان بە ناوەکانی سەعدە ورجی و مەها ورجی نموونەی ئەم خەباتەن، سەعدە، تەمەنی ٤٠ ساڵە و دایکی سێ کچ و کوڕێکە، ئەرکی پاسەوانیکردنی دەروازەی ماڵی ژنان و هەڵگرتنی چەکەکەی و پشکنینی ژنان و سەردانکەرانی پێش ئەوەی ڕێگەیان پێبدات بچنە ژوورەوە.

 

سەعدە ورجی، دوای ئەوەی گوندەکەی لەلایەن داگیرکەری تورکیاوە هێرشی کرایە سەر، ناچار بوو بەرەو تل تەمر بڕوات، هاوژینەکەی لەکاتی شوانیدا بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بووە، ئەمەش بارگرانییەکی نوێی بۆ ئازارەکانی زیادکردووە و ڕەنگدانەوەی گەورەیی ئەو ئاستەنگانەیە کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لە ناوچەکەدا.

 

وتی: ماوەی دوو ساڵە پاسەوانی دەرگای ماڵی ژنان دەکات، هەروەها ئەمە یەکەمجارە چەکەکەی داناوە، جەختیش دەکاتەوە لەسەر گرنگی فێربوونی ژنان کە چۆن بەرگری لە خۆیان بکەن.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە هەرگیز بە خەیاڵیدا نەدەهات کە دەبێت چەک هەڵبگرێت بۆ پاراستنی خۆی و خێزانەکەی، بەڵام شەڕی بەردەوام ناچاری کردووە وەک مافێکی ڕەوا بۆ بەرگریکردن لە خۆی ئەو کارە بکات.

 

سەبارەت بە جیاوازی ژنانی شەڕڤان و بێچەک، ئاماژەی بەوەدا، ئەو ژنانەی کە چەکیان هەڵگرتووە، باشتر ئامێری پێویستیان بۆ دابینکراوە بۆ ئەوەی خۆیان لە جۆرەها دەستدرێژیکردن بپارێزن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەستی بەرگریکردن لە خۆی بەهێزی دەکات و شانازی پێدەبەخشێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ژنانی ناوچەکەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان، هەروەها هەست بە بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەم بۆ پاراستنی هاوکارەکانم کە مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی ژنان دەکەن و دادپەروەری لە ناوخۆدا جێبەجێ دەکەن، زۆرێک هێرش دەکەنە سەر ئەو ژنانە و هەڕەشەیان لێدەکەن کە یاسای خێزانی دەپارێزن، تێکچوونی دۆخی ئەمنی ناوچەکە ناچارمان دەکات لە بەرامبەر هەر جوڵەیەکی گوماناویدا وریاتر و وریا بین.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە هەڵگرتنی چەک ئەمانەتێکی پیرۆزە بۆ ئەو، شانازی خۆی دەربڕی کە دەبینێت ژنان لە دوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان بە دڵخۆشی ناوەندی ژنان بەجێدەهێڵن، داوای لە ژنان کرد لە سنووری ماڵەوە ڕزگاریان بێت و پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی فراوانتردا بکەن، هەروەها جیهان دەرفەتی فراوانتریان بۆ زانین و تێگەیشتن پێشکەش دەکات و هەرگیز دەستبەرداری چەکەکەی نابێت و بە هێمای بەرگریکردن لە خۆی و شکۆمەندی دەزانێت.

 

”هێرش و دەسەڵاتی نوێ هەڕەشە لە بوونی ژن دەکات”

مەها ورجی، چالاکوانی مافەکانی ژنان دووپاتی کردەوە کە ژنان لەژێر ڕۆشنایی هێرشەکانی سەر ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبنەوە و تووشی توندوتیژیی بەردەوام دەبن کە مەترسی لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان هەیە، وتیشی: دۆخەکە لەو ناوچانە باشتر بوو کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکرابوون، تیمەکانی مافی مرۆڤ توانیان بگەنە ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی بوون و هاوکاریان بن بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەکانیان، بەتایبەتی کاتێک نەیانوێرا سکاڵای فەرمی تۆماربکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ دۆخەکە گۆڕاوە، بەو پێیەی گەیشتن بە ئەو ژنانەی کە لە کاتی شەڕدا تووشی پێشێلکارییەکان بوون لەو ناوچانەی کە لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشەوە کۆنترۆڵکراون، زەحمەت بووە، ئەمەش ئازارەکانیان زیاتر کردووە و دۆسیەکانیان بەبێ چارەسەری ڕوون ماوەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان تووشی توندوتیژی زیاتر دەبن لە ژێر کۆنترۆڵی پیاوانی دەسەڵاتدار و حکومەتی کاتی سووریا، ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ بەردەوامی دانپێدانان بە بوونی ژنان لەلایەن حکومەتەوە و نەبوونی هیچ یاسایەک کە مافەکانیان بپارێزێت، هەروەها ئەم ڕاستی دیاردەکانی وەک فرەژنی و هاوسەرگیری منداڵ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتدا توندتر دەکات، کە ژنان بەبێ ڕۆڵێکی کاریگەر دەمێننەوە.

 

مەها ورجی ئامادەبوون و بەشداری خوشکەکەی لە تەڤگەری ژناندا بە سەرچاوەی هێزێکی زیادە پێناسە کرد و خەباتی هاوبەشیان ئامانجی یەک دۆزی و یەک ئامانجە، بەرزکردنەوەی پێگەی ژنان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە کۆمەڵگەدا.