دوو بەرپرسی پێشووی وەزارەتی کاروباری ژنانی ئەفغانی: ئێمە تێدەکۆشین

نووسینگەکانی پێشووی گوڵ بانۆ و کەریمە لە دەست تاڵیباندان و لە ژیانی خۆیان دەترسن، بەڵام سوورن لەسەر تێکۆشان.

نووسینگەکانی پێشووی گوڵ بانۆ و کەریمە لە دەست تاڵیباندان و لە ژیانی خۆیان دەترسن، بەڵام سوورن لەسەر تێکۆشان.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای داگیرکردنەوەی ئەفغانستان لە لایەن تاڵیبانەوە بەلایەنی کەمەوە چوار چالاکوانی ژن یان کارمەندی حکومی لە چوار مانگی ڕابردوودا کوژراون و یەکێکیش ڕفێنراوە و چارەنووسی نادیارە.

 

"گوڵ بانۆ و کەریمە" ئەو چالاکوانانەن کە لقی پارێزگاکانی وەزارەتی کاروباری ژنانیان لە دوو بەشی جیاوازی ئەفغانستان بەڕێوە دەبرد، فەرمانگەکانی پێشوویان لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە دەستیان بەسەردا گیراوەو دەترسن لە ژیانی خۆیان، چونکە مەترسی ئەوە هەیە ئەو پیاوانەی کە توندوتیژییان ئەنجامداوەو یارمەتی هاوژینەکانیان دراوە ئێستا بتوانن هێرش بکەنە سەر چالاکوانانی ژن.

 

کەریمە دەڵێت: " لە پارێزگاکەمەوە ڕۆیشتم بۆ شارێکی گەورەتر لە مانگی تەمووز، بەڵام باری ئەمنیش خراپ بوو بۆیە بۆ کابول بەڕێکەوتم، پلانم دانا پاسپۆرتەکەم وەربگرم و وڵات بەجێ بهێڵم،  بەداخەوە تاڵیبان هەمان ڕۆژ گەیشتتە کابول و هێشتا چاوەڕوانی پاسەپۆرتەکان دەکەین".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەو ماوەی ١٥ ساڵە داکۆکی لە ژنان کردوە، بۆیە تالیبان بەدوایدا دەگەڕێن، وتی: "من پشتگیری ئەو ژنانەم کرد کە قوربانی توندوتیژی بوون و تەنانەت لە سایەی حکومەتی پێشوودا هەڕەشەم لێکراوەو لەم ساڵانەی دواییدا شەش ژنی ئۆفیسەکەمان کوژران، لە چەند ڕۆژی یەکەمی حوکمی تاڵیباندا زۆر پەیوەندیم پێوەکرا، پرسیاریان لێ دەکردم کە ئەو ژنانەی پشتگیریم لێکردوون لەکوێن؟".

 

گوڵ بانۆ دوڵیت: " من لە کەوتنی کابولەوە لە ترس و شۆکدا دەژیم، ئێمە خۆپیشاندانێکی ژنانمان ئەنجامدا و هەوڵیاندا هێرش بکەن و بمانوەستێنن بۆیە ئێستا من لە ژێر هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆم بەهۆی کارەکەمەوە وەک چالاکوانی مافەکانی ژنان و فەرمانبەرێکی حکومەتی پێشوو".

 

وتیشی: " من ڕۆژانە پەیوەندی هەڕەشەئامێزم پێ دەگات، نەک تەنیا لە لایەن تاڵیبانەوە بەڵکو لە خزم و کەسوکاری ئەو ژنانەش کە هەوڵم داوە بەرگریان لێبکەم. پێم دەڵێن: ئێمەشوێنت کەوتین، ئێمە تۆ دەبینین، بەڵام تۆ ئێمە نابینیت".

 

گوڵ بانۆ و کەریمە ئاماژە بەوەدەکەن سەرەڕای ئەو مەترسییانە لەسەر ژیانیان بەردەوام دەبن لە تێکۆشان و هاوکاری ژنان دەکەن.