دەوڵەتى داگیرکەری تورک بۆردوومانى سنووری ئامێدی کرد
ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوو گوندی سنووری شارۆچکەی ئامێدییان لە پارێزگای دهۆک بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە ئاگرێکی فراوان لە ناوچەکە کەوتووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ
لە درێژەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە لە ١٥ی حوزەیرانەوە لەسەر باشووری کوردستان چڕی کردووەتەوە، ئەمڕۆ ١٧ی ئاب هەردوو گوندی مێجی و بورجیان لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک بۆردوومان کردووە و بەهۆیەوە ئاگرێکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا کەوتووەتەوە و تا ئێستاش ئاگرەکە لە تەشەنەدایە.
بەپێی زانیارییەکان کە دراون بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بەهۆی بۆردوومان و ئاگرەکەوە زیانێکی زۆر بە موڵک و ماڵی هاوڵاتییان گەیشتووە و بەهۆی سوپای تورکی داگیرکەرەوە کەس نەیتوانیوە بچێت ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکات.
لە ١٥ی حوزەیرانەوە، ١٨٤ خێزان ناچار بە جێهێشتنی زێدی خۆیان کراون و بە بەردەوامیش بۆردوومانی سنووری پارێزگای دهۆک دەکرێت.