دوای زنجیرەیەک هەڕەشە ژنێکی گەنج بەهۆی ئەوەی ڕەتیکردەوە بگەڕێتەوە بۆ لای هاوژینی پێشووی کوژرا
شاری تەرابلوسی لوبنان شایەتحاڵی تاوانێکی ترسناک بوو کە تیایدا فاتمە محەمەد نایفی گەنج کوژرا، برای هاوژینی پێشووی بە دوایدا ڕۆیشت بۆ ناو چێشتخانەیەک و تەقەی لێکرد، پارێزەری خێزانەکە وردەکارییەکانی هەڕەشەکانی پێشوو و ڕۆڵی ئەو کەسانەی ئاشکرا کرد.
ناوەندی هەواڵ
حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی لە لوبنان شایەتی بەرزبوونەوەی مەترسیدارن، لەگەڵ زیادبوونی ڕاپۆرتەکانی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان، بانگەوازەکان بۆ یاسای توندتر و بەرزکردنەوەی میکانیزمی پاراستن زیاد دەبن، لەکاتێکدا دەسەڵاتداران پشتڕاستی دەکەنەوە کە زۆربەی حاڵەتەکان بەهۆی ترسی چەواشەکاری یان تۆڵەسەندنەوە ڕاپۆرت نەکراون.
فاتمە محەمەد نایف، ژنێکی گەنج لە تەرابلوس لە باکووری لوبنان ١٠ی حوزەیران کوژرا، دوای ئەوەی لەلایەن برای هاوژینی پێشوویەوە، ئیسماعیل خەزەر پێنج تەقەی لێکرا.
دوابەدوای ئەو هەژمارە ناکۆکانەی کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاوبوونەتەوە، پارێزەری ئەو خێزانە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دۆخەکەی ڕوونکردەوە و زانیارییە نادروستەکانی ڕەتکردەوە و ناسنامەی بکوژەکە و بارودۆخی بنەڕەتی تاوانەکەی پشتڕاستکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەو پارێزەرە ڕوونی کردەوە، کە فاتمە محەمەد نایف ڕەگەزنامەی سوورییە و خەڵکی ئیدلبە و هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڵاتی لوبنانی ئەیمەن خەزەر بووە، لەگەڵیدا دوو منداڵی بووە، هاوژینەکەی چوار ساڵ پێشتر زیندانی کراوە دوای ئەوەی بە تاوانی کوشتنی مامی سزا دراوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، دواتر زیانبەرکەوتووەکە لە دادگای شەریعەت لە تەرابلوس داوای جیابوونەوەی کردووە و بڕیاری جیابوونەوەی دەستکەوتووە، هەروەها مافی سەردانکردنی پێدرا بۆ ئەوەی هەفتەی ڕۆژێک دوو منداڵەکەی ببینێت، بەڵام خێزانەکەی ڕایانگەیاندووە، ئەگەر نەگەڕێتەوە بۆ لای هاوژینەکەی، ڕێگری لێکراوە منداڵەکان ببینێت، کە بە توندی ڕەتیکردووەتەوە.
ڕوونیکردووەتەوە، هاوژینە دەستگیرکراوەکە لە ناو زیندانەوە هەڕەشەی ناردووە و ڕایگەیاندووە، ئەگەر ژنەکە ڕەتیبکاتەوە بگەڕێتەوە بۆ لای، خەڵک دەنێرێت بۆ کوشتنی، تاوانەکە چەند ڕۆژێک دوای ئەو هەڕەشانە ڕوویدا، ئەو پارێزەرە هەروەها ئاشکرای کردووە کە لە ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری و گرتە ڤیدیۆییەکانی سی سی تی ڤی و گەواهی شایەتحاڵەکاندا دەرکەوتووە کە تاوانەکە بە بەشداری واسم خەزەر و ئیسماعیل خەزەر براکانی هاوژینی پێشووی ئەنجامدراوە.
ئەو زانیارییانەی پارێزەری ئەو خێزانە ئاشکرای کرد، دەرکەوتووە کە تاوانەکە لەو کاتەوە دەستیپێکردووە کە وەسیم خەزەر بۆ یەکەمجار تەقەی لە فاتمە محەمەد نایف کردووە و لەکاتی هەوڵدان بۆ هەڵهاتن لە دەستیدا بریندار بووە، زیانبەرکەوتووەکە توانی بچێتە ناو چێشتخانەیەکەوە و داوای یارمەتی دەکات، بەڵام ئیسماعیل خەزەر برای هاوژینی پێشووی بەدوایدا ڕۆیشت بۆ ژوورەوە و جارێکی دیکە تەقەی لێدەکات و دەستبەجێ دەی کوژێت.
ئەو پارێزەرە ڕوونیشیکردەوە، سکاڵای فەرمی لە بنکەی پۆلیسی بەندەری تەرابلوس تۆمار کراوە لەسەر هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانەکەدا هەبووە، لەنێویاندا هاوژینە دەستبەسەرکراوەکەی، کە بە تۆمەتی هاندان و هاوبەشیکردن لە تاوانەکەدا تۆمەتبارکراوە، تا ئەنجامی لێکۆڵینەوەی دادوەری.