دوای تەواوبوونی پێداویستی شیر ژیانی منداڵانی غەززە لە مەترسیدایە
شەڕی کەرتی غەززە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە کاریگەری کارەساتباری لەسەر منداڵان و خێزانەکان هەبووە و بەپێی زانیارییەکان لانیکەم ١٤ هەزار منداڵ گیانیان لەدەستداوەو هەزاران منداڵیش برینداربوون.
ناوەندی هەواڵ
هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە، لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا زیاتر لە ٤٥ هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن و زیاتر لە ١٠٦ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمەش ژمارەیەکی بێ سنوورە، لەکاتێکدا هەزاران زیانبەرکەوتوو لە ژێر داروپەردوو و لەسەر ڕێگاکان ماون، تیمەکانی فریاگوزاری و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن ناتوانن بگەنە لایان.
ئاژانسی فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین "UNRWA" دوێنێ ١٦ی کانوونی یەکەم، پشتڕاستی کردەوە کە پێداویستییەکانی شیری کۆرپە لە کەرتی غەززە نزیکە لە تەواوبوون.
ئاژانسەکە لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، تەنها ٦ سندوقی شیری کۆرپە ماوە، لەکاتێکدا نزیکەی ٨ هەزارو ٥٠٠ کۆرپە لە کەرتی غەززە پشتیان پێدەبەستن بۆ بەدەستهێنانی شیر، ئەو بڕەی ماوەتەوە لە وەجبەیەکەوە بووە کە سێ مانگ لەمەوبەر وەریگرتووە، ئەمەش مەترسی لەسەرە ژیانی کۆرپەکانی غەززە دروست دەکات.
جەختی لەوەشکردەوە کە کەمی پێداویستییەکان ژیانی کۆرپە و زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس دەخاتە مەترسییەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن، کە پشت بە خزمەتگوزارییەکانی لە کەرتی غەززە دەبەستن.
ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە نزیکەی ١٩ هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا بەهۆی بەدخۆراکی توندەوە خەوێندراون و ژمارەکە بە بەراورد بە ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵدا هەبووە دوو هێندە زیادی کردووە.