دوای حوزەیرانی ئەمساڵ، تەمموز بە گەرمترین مانگی مێژوو ناودەبرێت

پسپۆڕانی کەشوهەوا لە ئاژانسی ناسا دەڵێن، پێدەچێت مانگی تەمموزی ئەمساڵ گەرمترین مانگی تەمووزی مێژوو بێت.

ناوەندی هەواڵ- ئەمڕۆ ٢١ی تەمموز، گێڤن شیمدت، پسپۆڕی بواری کەشوهەوا لە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا "ناسا"، لە کۆنفرانسێکدا ئاماژەی بەوەکرد، گۆڕانکارییەک لە جیهان دەبیندرێت کە پێشتر هەرگیز ڕووینەداوە، ئەو شەپۆلی گەرمایەی کە ئێستا لە ئەمریکا، ئەوروپا و چین دەیبینن، ڕیکۆردەکانی شکاندووە.

پسپۆڕانی کەشوهەوای ناسا ڕایانگەیاند، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ گەرمترین مانگی حوزەیران بووە لە مێژوودا، چاوەڕوان دەکرێت تەمموزی ئەمساڵیش ببێتە گەرمترین مانگی تەمموز لە مێژوودا، وتیشیان: ئێمە لە زانستەوە دەزانین کە چاڵاکییەکانی مرۆڤ، بەتایبەت دەردانی گازە زیانبەخشەکان دەبنە هۆی گەرمبوونی زەوی، ساڵی ٢٠٢٣ دەبێتە گەرمترین ساڵ لە مێژووی تۆمارکراودا.

ئاماژە بەوەشکرا، لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەردەوام بەرزبووەتەوە،

چەندین دیاردەی سرووشتی ئاماژەن بۆ گەرمبوونی زەوی، وەک زیادبوونی دیاردەی لافاو و زۆربوونی شەپۆلی گەرما، کە زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە.

پسپۆڕانی کەشوهەوا ئەوەشیانخستەڕوو، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کاریگەریی لەسەر سەهۆڵبەندەکانی جەمسەری باکوور هەبووە، هۆشداریشیان داوە کە ئاگری دارستانەکان زۆرتر دەبن و ڕووبەری وشکەساڵیش فراوانتر دەبێت.