دوای دۆسیەی ڕۆژین كابايش... تۆمهتی دەستدرێژی سێكسی ڕووبەڕووی سەرۆکی زانکۆی وان یۆزنجویڵ دەبێتەوە
سەرۆکی زانکۆی وان یۆزنجویڵ لە باکووری کوردستان، کە ناوی بە دۆسیەی خوێندکار ڕۆژین کابايشەوە گرێدرا بوو، دیسانەوە گەڕایەوە ناو چەقی کاردانەوەکان، ئەمجارەیان لەسەر بنەمای تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی، بەڵام تا ئێستا لێپرسینەوەی نەکراوە.
مەميهان هیلبين زەيدان
وان ـ دوای گیانلەدەستدانی قوتابی ڕۆژین کابايش، کە تەنها دوای دوو ڕۆژ لە دەستپێکردنی خوێندنەکەی لە زانکۆی وان یۆزنجویڵ لە باکووری کوردستان ون بوو، پاشان تەرمەکەی دۆزرایەوە، پرسیارەکان سەبارەت بە وردەکارییەکانی دۆسیەکە زیاتر بوون، هەروەها هەندێک لە بەڵگە و شایەتحاڵە بڵاوکراوەوەکان و تۆمەتەکانی پەیوەست بە پێشێلکارییە کارگێڕییەکان، سەرنجی خستە سەر سەرۆکی زانکۆ حەمدوڵا شێڤلی و ژمارەیەک لە کەسە نزیکەکانی.
ناوی سەرۆکی زانکۆ ئێستا دیسانەوە هاتووەتە پێشەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەسەر بنەمای تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی، دوای ئەوەی حەمدوڵا شێڤلی سەرۆکی زانکۆ هەوڵیدا نزام لدین کابايش، باوکی ڕۆژین کابايش ڕازی بکات کە کچەکەی "خۆی کوشتووە"، ئەوەش دوای ونبوونی لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ و دۆزینەوەی تەرمەکەی لە ١٥ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا، باس لەوەش کراوە کە ئامادەی پشکنینی پزیشکی دادوەری بووە کە بۆ تەرمەکە ئەنجامدراوە.
هەروەها پاشماوەی دیئێنئەی دوو پیاو لەسەر تەرمی ڕۆژین دۆزراوەتەوە، کە ئەمەش لەلایەن ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەرییەوە وەک بەهێزکردنەوەی گومانی ئەنجامدانی تاوانێکی کوشتن سەیر کرا.
شوێنی دۆزینەوەی تەرم و پەیوەندییە پڕ لە گومانەکان
کامێراکەی سەر کەناراوی مۆلاقاسم، کە تەرمی ڕۆژین کابايشی لێ دۆزرایەوە، سەرەتا وترا کە کار ناکات، بەڵام دوای ساڵێک دەرکەوت کە کاریکردووە و تۆماری کردووە، دلاوەر سەهانلی،، بەڕێوەبەری ئاسایشی تایبەت کە هاوکات وەک شۆفێری فەرمیش کاری دەکرد، بە باوکی ڕۆژین کابايشی وت: شەوانە ئۆتۆمبیل دێننو لێرە، کچان فڕێ دەدەن و دەڕۆن، ڕەنگە هەمان شت بەسەر کچەکەشتدا هاتبێت، ئەم لێدوانانەش کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە.
دەروازەکەی نێوان کامپی زانکۆ و گوندی بەردەکچی، کە بە هۆکاری ئەمنی داخرا بوو، بە ڕێنمایی سەرۆکی زانکۆ دیسانەوە کرایەوە، بە بێ دروستکردن و دانانی خاڵێکی ئەمنی یان دیاریکردنی پاسەوان، کامێراکانی چاودێری لە ناوچەکەدا وەک باس دەکرا کاریان نەدەکرد.
موختاری گوندی بەردەکچی تۆفیق ئۆچار، کە دەوترێت داوای کردنەوەی دەروازەکەی کردووە، بە پەیوەندی نزیکی لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ ناسرابوو و چەند ڕێککەوتنێکی پرۆژەی باڵەخانەسازی لە ناو کامپی زانکۆدا وەرگرتبوو، ئەم موختارە دوای تاوانەکە کامێراکانی چاودێری گوندەکەی لابرد، سەڕەڕای ئەوەی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هیچ کامێرایەک بوونی نییە، ئەم ڕوداوانەش گومانەکانی دەوروبەری سەرۆکی زانکۆی زیاتر کرد.
توێژەرێکی زانکۆ باسی لەو شتە کرد کە ڕووبەڕووی بووەتەوە
نامەیەکی ئەلیکترۆنی لە میدیا فرۆکەوانی و دیجیتاڵییەکاندا بڵاوکرایەوە کە بۆ توێژەر (ب. د) دەگەڕێتەوە کە لە بەشی گەشتوگوزار لە زانکۆی وان یۆزنجویڵ کار دەکات، تیایدا سەرۆکی زانکۆ تۆمەتبار دەکات بە دەستدرێژی سێكسی و هەڕەشەکردن لێی.
لە نامەکەدا، کە بۆی دەگەڕێتەوە هاتووە: لە کاتی خوێندنی ماستەرەکەمدا لە بەشی گەشتوگوزار، پێشکەشکاری ئەو چالاکییانە بووم کە لەلایەن بەشەکەوە ڕێکدەخران، حەمدوڵا شێڤلی، سەرۆکی زانکۆ بەشداری لە یەکێک لەو چالاکییانەدا کرد، دواتر بە ڕاگرایەتی بەشی وت کە دەتوانێت منی وەک توێژەر لە بەشەکەدا دامەزرێنێت، منیش رازی بووم چونکە ئەوە ئارەزووی من بوو، و دوای دەستبەکاربوونم، بڕیارێک دەرچوو بۆ ئەوەی وەک پێشکەشکار لە یەکەی پەیوەندییە دامەزراوەییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ ڕەوانە کرام، سەرەڕای ئەوەی کە حەز بەم ئەرکە نەدەکردم، بەڵام قبووڵم کرد، دەستم کرد بە بانگهێشتکردنی بەردەوام بۆ باڵەخانەی سەرۆکایەتی، لە ماوەی ئەم کاتەدا لەلایەن سەرۆکی زانکۆوە تووشی دەستدرێژی سێكسی بووم، کاتێک پێم وت کە نامەوێت ئەم بارودۆخە بەردەوام بێت، هەڕەشەی لێکردم کە ڤیدیۆی تۆمارکراوی منی هەیە، کاتێک ڕاگرایەتی بەشەکەم لە ڕووداوەکە ئاگادار کردەوە، پێی وت کە ئاگاداری بابەتەکەیە، دەبێت بێدەنگ بم لە پێناو پاراستنی کارەکەم، و ئیتر نەمتوانی بەرگە بگرم، تکایە یارمەتیم بدەن.
خوێندکارێک هەوڵی خۆکوژیدا
هەفتەی رابردوو ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە کە دیسانەوە پرسیارەکانی سەبارەت بە بەئامانجگرتنی قوتابییانی زانکۆ لەلایەن تۆڕێکی لەشفرۆشییەوە هێنایە پێشەوە، لە ڤیدیۆکەدا، قوتابییەکی زانکۆ وتی: ئیتر ناتوانم بەردەوام بم، هەست بە باشی ناکەم، لەو کەسە خۆشنابم کە منی گەیاندە ئەم دۆخە، زۆر خەمبارم، تا بەیانی خوێندم، بەڵام ئیتر بەرگە ناگرم، ئێستا کاتژمێر شەشی بەیانییە، گیچ کەسێک هەوڵی یارمەتیدانم نادات، هەموو کەسێک وتی ئەوەی پێی کراوە کردوویەتی، بەڵام هیچ کەسێک هیچ ناکات، نزا لە دژی ئێوە دەکەم و بەجێتان ناهێڵم، دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە هەوڵی خۆکوژیدا.
پرسیاری پەرلەمانی بێ وەڵام
گوڵجان كاتماز ساییغیت و گوڵدیران ڤارلی، هەردوو پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە زیاتر لە ١٠ پرسیاری پەرلەمانییان ئاراستەی وەزارەتەکانی پەروەردە و داد کردووە سەبارەت بە دۆسیەی ڕۆژین کابايش، بۆشاییە ئەمنییەکانی زانکۆ، تۆمەتەکانی لەشفرۆشی، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەبۆوە، هەروەها پەرلەمانتار محەمەد یەنەر ئۆغلو لە ٢٩ی تەمووزی ڕابردوودا پرسیارێکی پەرلەمانی پێشکەش کرد سەبارەت بە تۆمەتەکانی دەستدرێژی سێكسی کە دەدرێنە پاڵ سەرۆکی زانکۆ.
پرسیارە ئاراستەکراوەکانی بۆ سەر وەزارەت
پرسیارە پەرلەمانییەکە ئەم پرسیارانەی لەخۆگرتبوو:
ئایا هیچ لێکۆڵینەوە یان بەدواداچوونێک سەبارەت بە تۆمەتەکانی دەستدرێژی سێكسی و هەڕەشە ئاراستەکراوەکان بۆ سەر حەمدوڵا شێڤلی، سەرۆکی زانکۆی وان یۆزنجویڵ، کراوەتەوە؟
ئایا سکاڵای تاوانکاری پێشکەشی دەسەڵاتی دادوەری کراوە لەسەر ئەم تۆمەتانە؟
ئایا هەڵسەنگاندن بۆ ئەگەری دوورخستنەوەی کاتیی سەرۆکی زانکۆ لە پۆستەکەی لە ماوەی کاتی لێکۆڵینەوەدا کراوە، لە ترسی کاریگەری لەسەر بەڵگەکان یان دروستکردنی فشار لەسەر زیانبەرکەوتووەکە؟
ئایا لێکۆڵینەوەی کارگێڕی لە دژی ڕاگرایەتی پێشووی زانکۆ کراوە کە دەوترێت داوای لە زیانبەرکەوتووەکە کردووە بێدەنگ بێت بۆ پاراستنی کارەکەی؟
ئایا وەزارەت لێکۆڵینەوەی لەو تۆمەتانە کردووە کە وتیان حەمدوڵا شێڤلی، سەرۆکی زانکۆ و جاهید تەکین، سکرتێری گشتی پەستانیان خستووە سەر خێزانی زیانبەرکەوتووەکە و ڕێنماییان بە نەخۆشخانە داوە بە ئامانجی رێگریکردن لە گەیشتنی دۆسیەکە بە ڕای گشتی؟
ژمارەی ئەو سکاڵایانە چەندە کە سەبارەت بە هاریکاری سێكسی، دەستدرێژی سێكسی، ستەمی کارگێڕی لە زانکۆی وان یۆزنجویڵ لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا تۆمار کراون؟
و چەند لەم سکاڵایانە لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە، یان بە سزاکان کۆتاییان هاتوە، یان بە بێ ئەنجامدانی هیچ ڕوشتێک داخراون؟