دوای بۆردوومانکردنی کامپی ئاوارەکان پزیشکێکی سودانی گیانی لەدەستدا
هەنادی حەمید، پزیشکی سودان بەهۆی بۆردوومانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر کامپێکی ئاوارەکان بریندار بوو، گیانی لەدەست دا.

سودان
لە ١٠ی ئایاری ٢٠٢٤ەوە، فاشر کەناوەندی پارێزگای دارفۆری باکوور، شایەتی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بووە، ئەمە سەرەڕای هۆشداری نێودەوڵەتی بە شەڕی ئەم شارە، کە بە ناوەندێکی سەرەکی ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکان لە پێنج پارێزگای دارفور دادەنرێت، ڕوویداوە.
کۆمیتەی هەماهەنگی لیژنەکانی بەرخۆدانی فاشر ڕۆژی١٣ی نیسان، گیان لەدەستدانی پزیشک هەنادی حەمید ڕاگەیاند دوای ئەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا هێرشیان کردە سەر کامپی زمزم بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان لە شاری فاشر، بەهۆی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا.
چالاکوانان ڕایانگەیاندووە، هەنادی حەمید هێمای خۆڕاگری و بوێری بووە، لە سەختترین بارودۆخدا چارەسەری بریندارانی کردووە،تا ئەوکاتەی لە کۆمەڵکوژیی ئەم دواییەی زمزم بەهۆی برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە.
ژمارەیەک لە چالاکوانان پشتڕاستیان کردەوە کە "هەنادی حەمید دکتۆر، کۆچی دوایی کردووە، کاری بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان و بەرگریکردن لە خاکەکەی کردووە، شانبەشانی خوشک و براکانی بۆ خاکەکە خەباتی کردووە، ڕۆحی وەک شەهید و تێکۆشەرێکی ئازا و پزیشکێکی تێکۆشەر بەرزبووەوە".
کۆمیتەی هەماهەنگی بەرخۆدانی فاشر کە لیژنەیەکی جەماوەرییە،ڕایانگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە بەپێی خەمڵاندنێکی سەرەتایی ژمارەی کوژراوان لە هێرشەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر فاشر، لەنێویاندا کامپی 'زمزم و ئەبو شووک' بۆ ئاوارەکان، ٣٢٠ کوژراو و برینداری تێپەڕاندووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دۆخی کامپی زمزم لە ئێستادا لە دەرەوەی پێناسەکردندایە، سەرجەم نەخۆشخانەکان داخراون، خۆبەخشەکان و کارمەندانی پزیشکی لەوێ کوژراون، ژمارەی مردن لە زیادبووندایە، لە هەر کاتژمێرێکدا پێنج بریندار بەهۆی نەبوونی چاودێری پزیشکی، کارمەندانی پزیشکی، یان تەنانەت فریاگوزاری سەرەتاییش گیانیان لەدەستداوە.