دوابەدوای ناڕەزایەتییەکانیان گیراوانی زیندانی مهاباد بۆ ورمێ گوازرانەوە

لە دوای ناڕەزایەتیی زیندانیان و هێرشێک لە نزیک زیندانی مهاباد، کاربەدەستانی ئێران دەیان گیراویان بۆ زیندانی ناوەندی شاری ورمێ گواستەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٤ی ئادار لە ڕاپۆرتێکدا، ڕایگەیاند: کە کاروانێکی هێزە تایبەتەکانی ئێران دەیان بەندکراویان لە زیندانی مهابادەوە بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ گواستووەتەوە، ئەم کارە دوای ناڕەزایەتییەکانی ناو زیندانەکە بوو دژی بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنیان لە بارودۆخێکدا کە هاوشێوەی بارودۆخی سەردەمی جەنگ پیناسە دەکرێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاربەدەستانی ئێران نزیکەی ١٢٠ زیندانی سیاسی و تاوانکارییان لە زیندانی مهابادەوە بۆ زیندانی میاندواب گواستراوەتەوە، سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم گواستنەوەیە بەکۆمەڵە بووە هۆی چۆڵکردنی تەواوەتی زیندانی مهاباد.

 

لە سەرەتای مانگی ئاداردا، دوای بۆردوومانکردنی بنکەیەکی سەربازی لە نزیک زیندانەکە، ژمارەیەک زیندانی ناڕەزایەتییەکیان دژی مەترسییە ئەگەرییەکانی بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنیان ئەنجامدا، لە بەرامبەردا هێزە تایبەتەکان هەڵیانکوتایە سەر زیندانەکە و بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و ڕێوشوێنی ئەمنی ناڕەزایەتیەکانیان سەرکوت کرد.

 

دوابەدوای ئەو ڕووداوانە و بە پشتبەستن بە فەرمانی دامودەزگا ئەمنییەکان، بڕیاری چۆڵکردنی تەواوەتی زیندانی مهاباد و گواستنەوەی زیندانیان بۆ زیندانەکانی دیکە درا.