فەرماندەیی یەپەژە: مزگێنیی ئازادیی بە هەموو ژنان و گەلان دەدەین

فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە پەیامێکی بەبۆنەی ٨ی ئادار، رۆژی جیهانیی ژنان بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، هەموو جۆرە سیاسەتێکی پاکتاوکاریی و داگیرکاریی و گۆشەگیریی تێکدەشکێنین و ئایندەیەکی ئازاد و ئارام دەکەینە دیاریی بۆ هەموو ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٨ی ئادار، رۆژی جیهانیی ژنانە، بەبۆنەیەوە فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا پیرۆزبایی ٨ی ئاداری لە هەموو ژنانی جیهان و "رێبەر ئاپۆی هاوڕێی راستەقینەی ژنان" کردووە و یادی شەهیدانی شۆڕشی ئازادیی و کردووەتەوە.

 

فەرماندەیی یەپەژە رایگەیاندووە، ئەمڕۆ ئێمە لەسەر میراسی گرانبەهای ژنانی بەرخۆدێری جیهان درێژە بە رێپێوانی ئازادیی خۆمان دەدەین، ئێمە ئاڵای بەرخۆدان و سەرفرازیمان لە رۆزا لوکسمبۆرگ، کلارا زەتکین، لەیلا قاسم، لەیلا خالید، ساکینە جانسز و گوڵناز کاراتاش وەرگرتووە و ئەمڕۆش بە قارەمانەکانی شەڕی رۆژئاوا ئارین میرکان، رێڤان کۆبانێ، زیلان حەسەکە، تۆڵهەڵدان رامان، رۆژدا منبج و سوورخوێن رۆژهەڵاتەکانەوە بەرەو شۆڕشی ژنان هەنگاو دەنێین

 

فەرماندەیی یەپەژە راشیگەیاندووە، ئێمە لە هەوارگەی شۆڕشەوە کە تاریکیی دەسەڵاتی لێ تێکشکێندرا و ئاڵای بەرخۆدانی ژنی لێ هەڵکرا، سڵاو و خۆشەویستیی خۆمان ئاڕاستەی هەموو ژنانی تێکۆشەری جیهان دەکەین

 

ئەمڕۆ ژنان لە سەرانسەری جیهان لەدژی ئەقڵییەتی پیاوی دەسەڵاتدار سەریان هەڵداوە، کە خۆی لە شەڕ، تاڵانی و دەستدرێژیی و پاکتاوکاریی دەبینێتەوە، گەریلاکانی یەژاستار لە چیاکانی کوردستان بەرامبەر چەکی کیمیایی بەرخۆدانی شەرەفمەندانە دەکەن، لە ئێرانیش ژنان بە رۆحییەتی ژینا ئەمینیی و بەدروشمی ژن، ژیان، ئازادیی، داوای ژیانێکی شەرەفمەندانە دەکەن، ژنانی ئەفغانستانیش سەریانهەڵداوە و بەپێداگرییەوە داوای ئازادیی دەکەن

 

لێرەش لە رۆژئاوای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، ژنانی عەرەب و کورد و ئەرمەن و ئاشووری و پێکهاتەکانی دیکە لەناو یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە خۆیان رێکخستووە و لەدژی داعش و دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەوەستنەوە و بەیەک رۆحییەت ئامێز بۆ هەموو گۆڕەپانەکانی ژیان دەکەنەوە و دەستکەوتەکانی شۆڕش دەپارێزن

 

ئێمە وەک یەپەژە مزگێنیی ئازادیی بە هەموو ژنان و گەلان دەدەین، هەموو گۆشەکانی ژیان بە جەوهەر و فکری ژن واتادار دەبێت، لەبەر ئەوەش خۆڕێکخستن و وەستانەوە لەدژی ئەقڵییەتی پیاوسالاریی، تەنها بە بەرگریکردن بەدی دێت، ئێمە بەوشێوەیە دەتوانین خۆمان و شۆڕشی ئازادیی ژنان بەردەوام و هەمیشەیی بکەین، لەبەر ئەوەش داوا لە هەموو ژنان دەکەین کە خۆیان رێکبخەن