لە شوێنی تیرۆرکردنی فریال سلێمان ڕژاک چالاکییەکانی ٨ی ئاداری دەستپێکرد
بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادیی بەرەو شۆڕشی ژنان هەنگاو دەنێین" ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە شوێنی تیرۆرکردنی سیاسەتمەدار، فریال سلێمان خالید دەستپێکی چالاکییەکانی ٨ی ئاداری ڕاگەیەند.
کەرکوک
لە چوارچێوەی هەڵمەتی چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە گەڕەکی سەرچناری شاری کەرکوک لە شوێنی تیرۆرکردنی سیاسەتمەدار، فریال سلێمان خالید، ناسراو بە زەلال زاگرۆس، کە لە ١٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بە دەستی میتی تورک تیرۆر کرا، دەستپێکی چالاکییەکانی ٨ی ئاداری ڕاگەیەند.
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و ڕایانگەیاند، "ئێمە ٨ی ئادار لە هەموو ژنانی جیهان پییرۆز دەکەین، ١٦٧ ساڵ پێش ئێستا لە نیویۆرکی ئەمریکا ٤٠ هەزار ژن تەنیا بۆ ئەوەی رەوشی کارکردنیان باشتر ببێت مانگرتنیان راگەیاند، ئەو ژنانە داواکارییەکانیان بریتی بوو لە کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن، یەکسانیی لە کارکردندا، مۆڵەتی دایکایەتیی لەم بارەیەوە سەرپەرشتیاری کارگەکە بۆ ئەوەی دەنگی ژنان کپ بکات دەرگای کارگەکەی لەسەر داخستن و ئاگری لە کارگەکە بەردا. لەم رووداوە دڕندانەیەدا ١٢٩ ژن بە زیندوی سووتان! لەدوای ٥٣ ساڵ لەم رووداوە، کلارا زەتکین و هاوڕێکانی ئەم رۆژە دەکەن بەڕۆژی جیهانیی ژنان".
بەیاننامەکە لەلایەن سارا کەریم خوێندرایەوە و ئەوەش هاتووە، "٨ی ئادار رۆژێكە لە رۆژەکانی تێکۆشانی ئێمەی ژنان، بەڵام ئێش و ئازار و بەرخۆدانی ژنان تەنیا لە رۆژی ٨ی ئاداردا دەسپێناکات، ئێمە ئەو تێکۆشانەی ژنان وەک تێکۆشانی بەردەوامی هەزارن ساڵەی ژنان لێی دەڕوانین. بە دروشمی سەدەی ٢١ سەدەی شۆڕشی ژنە، تۆڵەی بە کۆیلەکردنی ژنان دەکەینەوە کە بە هەزاران ساڵە لەسەری پەیرەودەکرێت"
"دەبێت هەموو ڕۆژەکان ژنانە بن و بۆنی ژنی ئازادییان لێبێت"
لە درێژەی بەیاننامەکەدا باس لە تێکۆشانی ژنان بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەکرێت و هاتووە، "هەرچەندە ٨ی ئادار وەکو رۆژی سیمبولی ژنان دیاریی کراوە، ئێمە تێکۆشان و بەرخۆدانی خۆمان لەسەر ئەو بنەمایە هەموو ڕۆژەکانی ساڵ بکەینە ڕۆژی ژنی ئازاد بەرەو پێش دەبەین، لەم بابەتەدا بە پێوانی فەلسەفیی "ژن، ژیان، ئازادیی" ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: بەر لە هەرشتێک تەنها دانانی رۆژی ٨ی ئادار بە رۆژی ژنان بەشتێکی جێی سەر زەنشت دەزانم، ئەوە مەرجێکی ژیانە کە هەموو رۆژەکان ژنانە بن و بۆنی ژنی ئازادییان لێبێت، بەڵام هەر راستیینەی ٨ی ئادار بۆ خۆی ئەوەمان پیشان دەدات کە ژن لەژیاندا هیچ جێگاو بوونێکی نییە. شایستە بینینی ژن بەوەی کە تەنیا لە رۆژێکدا یادی بکرێتەوە و وەبیر بهێنرێتەوە بۆ خۆی رادەی قووڵی ئەو کۆیلایەتییەمان پیشاندەدات کە بەسەریدا سپێنراوە. ئەم بابەتە بۆ من بووەتە بوارێکی کار و خەبات کە تابێت زیاتر تێیدا قووڵ دەبمەوە"، جەختیش دەکرێتەوە، "بۆ شۆڕشەکانی ڕۆژی ئەمڕۆشمان و بە تایبەتیش شۆڕشی کوردستان، دەبێت شیکردنەوە و تێگەیشتن لەو ژیانەی لە دەوری ژن هاتووەتە کایەوە سەرەکیترین کار بێت، کە بەوپەڕی سەرکەوتووییەوە ئەنجامی بدات، دەبێت ژن هەر لە کێشە هەرە سەردەمییەکانی شەڕو تێکۆشانەوە تا دەگاتە ئاشتی و بنەمای ئەو ئازادییەی لەسەری پێشدەکەوێت، لە جەرگەی هەموو کارێکدا جێ بگرێت".
ڕژاک سڵاو بۆ ژنانی زیندانەکانی تورکیا دەنێرێت کە کەوتوونەتە ناو مانگرتن لە خواردن لەپێناو ئازادیی و بەدەستهێنانی مەفەکانیان، "هەروەها لە کەسایەتی زەینەب جەلالیان، وریشە مورادی و پەخشان ڕۆژهەڵات سڵاو دەنێرین بۆ هەموو ژنانی زیندانی کراو لە زیندانەکانی ئیراندا"،
"پەیمان دەدەین ئەو مەشخەڵەی شەهید بڵندی کردبوو ئێمە بۆ هەمیشە بڵدتری بکەین"
لە کۆتاییدا ڕژاک ئاماژەی بەوەدا، کە "وەک ژنانی کوردستان، ئامانجی سەرەکییمان ئەوەیە لێپرسینەوە لە تیرۆری ئەو ژنە پێشەنگانە بکەین کە لەلایەن پیاو-دەوڵەت و داگیرکەرانەوە لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دا کراونەتە ئامانج. هێرش لەسەر ژنان لەم ناوچەیەی ئێمەی تیاداین هەتا دێت زیاد دەبێت، لە ١٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە کەرکوک ژنێکی چالاکوان و شۆڕشگێڕ "فریال سلێمان خالید" بەشێوەیەکی زۆر نامەردانە و دڕندانە تیرۆرکرا، هەموو ژیانی خۆی بۆ ئازادیی ژن و گەلی کورد و هەموو کۆمەڵگە فیدا کردبوو، ئەو بە عەشقی حەقیقەتی ژیانی ئازاد زیاتر لە ٣٠ ساڵ بێ دابڕان تێکۆشانێکی قارەمانەی بەڕێوەبرد؛ ئێمە وەک هاوڕێی شەهید فریال سلێمان خالید پەیمان دەدەین ئەو مەشخەڵەی شەهید بڵندی کردبوو ئێمە بۆ هەمیشە هەردەم بڵدتری بکەین، هەرگیز نا هێڵین گڕ و تینی ئەو مەشخەڵە بکوژێتەوە، ئێمە ئەمساڵ دەسپێکی چالاکییەکانی ٨ی ئادار بۆ یادی شەهید فریال لە کەرکوک و لە شوێنی شەهید بوونی لێرەوە رادەگەیەنین".
لە کۆتاییدا ژنانی بەشداربوو دەڵێن: "ئێمە دەزانین بەئامانجگرتنی شەهید فریاڵ بەمەستی ئەوە بووە کە ئاستەنگی دروست بکەن بۆ تێکۆشانی ئازادی ژن، بەڵام ئێمە لێرەوە لە شوێنی شەهید بوونی شەهید فریال بەڵێنی بڵندکردنی تێکۆشان دەدەین هەتا ئامانج و خەونەکانی شەهید فریاڵ و هەموو ژنانی ئازادیخواز بەدی دەهێنین، هەم لە جیهان و هەم لە کوردستان ئەو تاوانانەی کە پیاو- دەوڵەت پێکیهێناوە هەمووی تاوانە لەدژی ژنان و منداڵان و کۆمەڵگە و سروشت، ئێمە هەموو ئەو تاوانانە شەرمەزار دەکەین لەو باوەڕەداین کە شۆڕشی ژنان ڕێگەی چارەسەریی و سەرەکیی و هەری کاریگەرە. دووبارە لێرەوە ٨ی ئادار لە هەموو ژنان پیرۆز دەکەین".
لە کۆتایی چالاکییەکەدا گوڵ لەسەر شوێنی تیرۆرکردنی فریال سلێمان خالید دانرا و مۆم داگیرسێنرا.