دەوڵەتی تورکیا گوندەکانی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کرد

فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆردوومان کرد و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش بە ئاسماندا دەسووڕایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

١٧ی کانوونی دووەم پەدەکە و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە زەبری هێز گوندی مژێی سەر بە شارۆچكەی ئامێدییان لە سنووری پارێزگای دهۆک بە زۆر بە هاوڵاتییان چۆڵ کرد، دواتر گوندەکە بۆردوومان کرا و خانووەکانی وێران بوون.

 

بۆ چۆڵکردنی گوندەکە پەدەکە و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە زۆر و هەڕەشە کرد گوندەکەیان بە هاوڵاتیان چۆڵکرد و ڕێگەیان نەدا هاوڵاتیان بگەڕێنەوە بۆ ئەو گوندە، کە ئەمە یەکێکە لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ چۆڵکردنی ناوچە گوندنشینەکان و شاخاوییەکانی بادینان و پارێزگای دهۆک تا داگیرکارییەکانی خۆی بەڕێوەببات.

 

دوای چۆڵکردنی گوندەکە، ئێوارەی دوێنێ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا گوندی مژێیان بۆردوومان کرد و بە پێی پلانەکانی خۆی خان و ماڵی هاوڵاتیانی خاپوور کرد، هاوکات فڕۆکە جەنگییەکان بەرزاییەکانی گوندی گوهەرزێ و بلاڤەیان لە بناری مەتینا بۆردوومان کرد.

 

چۆڵکردنی گوندەکە و خاپورکردنی ماڵەکانی بووەتە جێی بایەخی میدیا عێراقییەکان و وەها بڵاویان کردەوە، کە فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك گوندی مژێی سەر بە شارۆچكەی ئامێدی بۆردوومان كرد، لە بوردوومانەكەدا خانوو و ماڵی هاوڵاتییان كراوەتە ئامانج و ڕوخێندراون.

 

هەر دوێنێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا، لە ناوچەکانی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، مەخموور لە پارێزگای هەولێر دەسووڕایەوە.