دەستەی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان چۆن ئەنتیگراسیۆن دەبن؟
ڕۆهات خەلیل، بەڕێوەبەری دەستەی ژنان لە کانتۆنی جزیرە دەڵێت: لە پەیوەندیدان لەگەڵ دەستەی کاروباری خێزان و دانیشتووانی سووریا بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان و یەکخستنی دەستەی ژنان و دووەمین کۆبوونەوەی هاوبەشیان هەفتەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
سۆرگول شێخۆ
قامیشلۆ- لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم لە نێوان هێزەکانی قەسەدە و دیمەشق، دامەزراوە و دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری و ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان خەریکی ئەنتیگراسیۆنن.
ڕۆژی ٢٢ی ئایار، دەستەی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ لێژنەی کاروباری خێزان و دانیشتووانی سووریا لە دیمەشق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، پرسی چۆنیەتی یەکخستنی دەتەی ژنان لە شاری جزیرە گفتوگۆ کرا، دەستەی ژنان کە لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزرا و یەکێکە لە دەستە گرنگەکانی خۆبەڕێوبەری، ماوەیەکە پەیوەندییەکی ڕێکوپێک و بەردەوامی لەگەڵ دەستەی کاروباری خێزان و دانیشتووانی سووریا هەیە سەبارەت بە ئەنتیگراسیۆن.
سەبارەت بە ئەنتیگراسیۆنی دەستەی ژنان و ئەو گۆڕانکاریانەی کە بەپێی پێویستی کات و پرۆسەکە لە سیستەمەکەیدا دەکرێت، ڕۆهات خەلیل، بەڕێوەبەری دەستەی ژنان لە کانتۆنی جزیرە، قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
”ئەرکی سەرەکیمان پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنانە”
ڕۆهات خەلیل، سەرەتا باسی لە گرنگی پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد و وتی: دەستەی ژنان لە ماوەی ١٤ ساڵی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە لە ڕووی پاراستنی ژنان لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و یاساییدا، هێشتا خوازراوە و ئەرکی سەرەکیمانە کە بتوانین دەستکەوتەکان بپارێزین و بەردەوام بین، بۆ ئەوەی دەستەی ژنان ئەرکی خۆی بەدەست بهێنێت و بتوانێت بە شێوەیەکی بەرفراوانتر کار بکات، هەوڵماندا بە شێوەیەک لەگەڵ کامپەکانی حکومەت لە دیمەشق تێکەڵ بکەین و بەم شێوەیە پەیوەندیمان دامەزراند، دوای لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان بۆمان دەرکەوت کە دەتوانین لەگەڵ دەستەی خێزان و کاروباری مەدەنی سووریا تێکەڵ ببین، چونکە ئەو پرسانەی ئێمە و ئەوان کاریان لەسەر دەکەین لە یەکترەوە نزیکن و ئەمەش گونجاوترین کار بوو بۆ ئەنجامدانی.
لە یەکەم کۆبوونەوەدا باسی چی کرا؟
ڕۆهات خەلیل سەرنجی بۆ ئەو پەیوەندییانە ڕاکێشا کە دامەزراون و ئەو کۆبوونەوانەی پەیوەستن بە یەکگرتنەوە و وتی: دوای دامەزراندنی پەیوەندییەکان، یەکەم کۆبوونەوەمان پێکەوە لە دیمەشق بەڕێوەچوو، لە خشتەکەدا باس لە دەستکەوتەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان، یاسای خێزان و منداڵان، بنەماکانی ژنان، ڕێژەی لە ٥٠٪ی ژنان لە دامودەزگاکانی کارگێڕی خۆبەڕێوەبەری و پۆستەکانی بڕیاردان، هەروەها باسی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و چەندین بابەتی دیکەش سەرنجی دەستەی خێزان و دانیشتووانیان بۆ خۆی ڕاکێشا و یەکەم کۆبوونەوە ئەرێنی بوو و بەو ئەنجامە کۆتایی هات کە دەستەی ژنان لە جزیرە دەمێنێتەوە و سیستەمەکەی بگۆڕێت، لەگەڵ جەختکردنەوە لەوەی کە هیچ فەرمانبەرێک لە کارەکەی دوور نەخرێتەوە و دامەزراوەکانی دیکەی سەر بە خۆی جیا نەکرێنەوە.
دووهەمین دیداری هەفتەی داهاتوو لە دیمەشق بەڕێوە دەچێت
ڕۆهات خەلیل ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ناردنی ئەو پەیڕەوی ناوخۆیەی کە هەردوو دەزگاکە پێکەوە ناردویانە و ناردنی ژمارەی فەرمانبەرانی دەستەی ژنان لە جزیرە، هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئەنتیگراسیۆن گیراونەتەبەر و بەردەوامیشی داوە، وتی: هەفتەی داهاتوو دووەم کۆبوونەوەمان جارێکی دیکە لە دیمەشق بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی بتوانین گفتوگۆی هەوڵە کۆتاییەکانی یەکگرتن و کردنەوەی دەستەی ژنان لە پارێزگای حەسەکە بکەین، کە ئێستا بیناکەی لێ دروستدەکرێت
گۆڕانکاری لە سیستم و پێشنیاری گۆڕینی ناوی دەستەی ژنان
ڕۆهات خەلیل سەرنجی بۆ ئەو پێشنیازە ڕاکێشا کە دەستەی ژنان بۆ گۆڕینی ناوی دەستەی خێزان و دانیشتووانی سووریا خستوویەتییە ڕوو، وتی: ئەو پێشنیازەی ئێمە بۆ دەستەی خێزان و دانیشتووانی سووریامان ناردووە، گۆڕینی ناوی دەستەکەمانە بۆ دەستەی ژنان و خێزان و دانیشتوانی سووریا،
تا ئێستا لە ٩٠٪ی ئەم پێشنیازە پەسەند کراوە، بەڵام چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی فەرمی دەکەین، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی دەستەی دیمەشق، فەرمانگەکانی تریش زیاد دەکرێن بۆ دەستەکەکەمان و فەرمانبەرانی ئێستاش بەو پێیە دابەش دەکرێن، بەڵام ناوەندەکانی ژنان و منداڵانی سەر بە دەستەکە وەک خۆیان دەمێننەوە، بۆ نموونە؛ پەناگەی منداڵان و ماڵی منداڵان، باس لەوەش دەکرێت کە ئەگەر پەناگە و ماڵی منداڵان لە پەیڕەوی ناوخۆی دەستەی دیمەشقدا نەبن، دەتوانین لێرە بیانبەستینەوە بە دەستەکانی دیکەوە، گرنگ ئەوەیە لە جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان بمێننەوە.
هەنگاوی دووەم کردنەوەی فەرمانگەکانی ژنانە
ڕۆهات خەلیل خاڵێکی گرنگی بیرخستەوە کە لە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنەکردا ڕاگیراوە و وتی:ئەو فەرمانگانەی ژنان کە لە دەستەی کارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوبەریدا بوون ئێستا بەهۆی ئەنتیگراسیۆنەوە ڕاگیراون، لە ئەنجامی گفتوگۆکەدا، دوای تەواوبوونی یەکخستنی گشتی دامەزراوە و بەشەکانی خۆبەڕێوبەری، دەستەی ژنان جارێکی دیکە فەرمانگە هەڵپەسێردراوەکانی ژنان دەکاتەوە، هەروەها ئەمە دەبێتە هەنگاوی دووەم لە ئەنتیگراسیۆنی دەستەی ژنان.
ناوەندەکانی پاراستنی ژنان بۆ ئەوەی پەیوەندییان بە دەستەی ژنانەوە هەبێت
ڕۆهات خەلیل جەختی لەوە کردەوە، کە ناوەندەکانی پاراستنی ژنان بە پەیوەندی بە دەستەی ژنانەوە دەمێننەوە و وتی: ئەو ژنانەی کە ئێمە لە توندوتیژی دەیانپارێزین، لە ناوەندەکانی چاکسازی دەمێننەوە، مەشقی زمان و کۆمپیوتەر و دورین و پاڵپشتی دەروونی وەردەگرن، زۆرێک لە ژنان گەیشتوونەتە ئاستی چیرۆکی سەرکەوتن، توانیان دوکان بکەنەوە و ئێستا وەک ژنانی سەربەخۆ کاردەکەن، بەشەکانمان لە هەموو پارێزگاکانی سووریا لە داهاتوودا دەکرێتەوە.
ئاستەنگەکان و گرنگی هاودەنگی
هەروەها باسی لەو ئاستەنگە کارگێڕی و هزرییانە کرد کە بەردەم پڕۆسەی یەکگرتنەوەیە و وتی: هیچ ئاستەنگێک لە بواری کارگێڕیدا دروست نابێت، چونکە سەختترین ئاستەنگ بەربەستی هزرییە، خاڵێکی گرنگ هەیە کە پێویستە کاری لەسەر بکەین، ئەویش هێنانەکایەی یاساکانی ژنانە، چونکە یەکەم نموونەی سەرکەوتن لەسەر ئاستی سووریایە، بێگومان بۆ کۆمەڵگەیەک کە لەسەر بنەمای ئەقڵیەتی پیاوسالاری و پیاوانە گەشەی کردووە و پەروەردە کراوە، ناساندنی یاساکانی ژنان ئەستەمە، بەڵام هەوڵی زۆر دەدەین و کار دەکەین، ئەوەی داوامان لێدەکرێت، قووڵترکردنەوە و فراوانکردنی پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ ژنان، بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە دیدێکی هاوبەشی هەموو ژنان لە هەموو پارێزگاکانی سووریاوە و بەم شێوەیە داوای ئەوە بکەین کە یاسای ژنان ببێتە سیستەم و یەکلایی بکرێتەوە.
خەبات بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر
ڕۆهات خەلیل لە کۆتایی قسەکانیدا بەم پەیامانە بۆ ژنانی سووریا وتی: ژنانی سووریا پێویستیان بە بەهێزکردنی خۆیان هەیە لە کایەی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، پێویستە ئەنتیگراسیۆن بین بۆ ئەوەی بتوانین بەرەنگاری ئەقڵیەتی پیاوسالاری ببینەوە و لەناوی ببەین، بۆ ئەوەی ژنان زیاتر بناسرێن، پێویستە یەکسانی ڕووبدات و داهێنان گەشە بکات بۆ ئەوەی بتوانین کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر بونیاد بنێین.