دەستدرێژی سێکسی و گاڵتەکردن و تیرۆرکردن دژی ژنانی ئەفغانستان بەردەوامە
لە ئەفغانستانی ئەمڕۆدا ژن بوون نەک تەنها بە واتای بەرەنگاربوونەوەی نەریتە پیاوسالارییە چەسپاوەکانە، بەڵکو ڕزگاربوون لە توندوتیژییە ئاشکراکانی گروپە بناژۆخوازەکانیش. ئەم توندوتیژییە تەنیا جەستەیی نییە بەڵکو دەروونییە.

بەهاران لەهیب
کابول-تاوانەکانی دژی ژنان لە ئەفغانستان سیستماتیکن، ڕەگ و ڕیشەی لە پێکهاتە سیاسییەکاندا هەیە، بە بناژۆخوازێکی توندڕەو تایبەتمەندە کە لە دوای لەشکرکێشی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٧٨ەوە فۆرمێکی دامەزراوەییتری وەرگرتووە.
ڕاستە لە سەردەمی پێش مێژوودا پاشاگەلێک لە سەرۆکایەتی حکومەتدا هەبوون کە تەنها بیریان لە بەرژەوەندی دەربار و دەسەڵاتی خۆیان دەکردەوە و هیچ هەوڵێکی تایبەت بۆ بەرەوپێشبردنی مافەکانی ژنان نەدرا. بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئەمڕۆ، ژنانی ئەفغانستان و هاوڵاتیانی ئەفغانستان ئازادییەکی ڕێژەیییان بەهرەمەند بوو. تاکە ئاڵەنگاری کە ڕووبەڕوویان بووەوە، باڵادەستی کولتوورێکی پیاوسالاری بوو.
بەڵام زیاتر لە چوار دەیە شانبەشانی بیرۆکەی پیاوسالاری، بناژۆخوازەکان بە تاڵیبان و تاقمە جیهادییەکانەوە هەلیان قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی بە ناوی "فەرهەنگی ئەفغانی" و لە بەرگی "ئیسلام"دا بە شێوەیەکی سیستماتیکی ژنان بچەوسێننەوە. ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی کابول ژنان بە تایبەت ماتۆڕسوارەکان تووشی گاڵتەکردن، زەلیلکردن دەبنەوە. چەکدارانی تاڵیبان کە لە کەناری ڕێگاکان جێگیر بوون، ئاوی پیس بەسەر ژناندا دەڕشێنن بۆ ئەوەی بیانترسێنن. زۆرێکیان بە باوەڕی ترشیان بەسەردا فڕێدراوە، خۆیان لە ماتۆڕسکیلەکانیانەوە فڕێ دەدەن، لە ترسەوە هاوار دەکەن. بەڵام چەند خولەکێک دواتر لەگەڵ بیستنی پێکەنینە کەڕکەرەکانیان، تێدەگەن کە ئەمە تەنها یارییەکی زەلیلکەر و گاڵتەکردنە بە ژنان.
مێژووی فڕێدانی ترشەڵۆک بۆ دەموچاوی ژنان لە ئەفغانستان ئەوەندە دوور نییە، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ بەرخۆدان لە دژی یەکێتی سۆڤیەت. غولبەدین حیکمەتیار، کەسایەتییەکی جیهادییە کە لەلایەن ئەمریکا و پاکستان و سعودیەوە پشتیوانی دەکرا، زیندانی ئەشکەنجەدانی خۆی لە پاکستان بەڕێوەبرد، کە دەیان ڕۆشنبیری ڕفاند و کوشت.
لیژنەیەک بە هاوکاری سی ئای ئەی و حکومەتی پاکستان و غولبەدین حیکمەتیار پێکهێنرا. بەرپرسیار بوو لە دەستگیرکردنی ڕۆشنبیرانی ئەفغانستان و دیاریکردنی چارەنووسیان. بڕیاری کۆتایی هەمیشە لە ئەستۆی غولبەدین حیکمەتیار بوو کە لە زۆربەی کەیسەکاندا سزای لەسێدارەدانی دەرکرد.
لەو ناوچانەی کە هێزەکانی غولبەدین حیکمەتیار لە سەردەمی شەڕی بەرخۆدان لە دژی یەکێتی سۆڤیەت کۆنترۆڵیان کردبوو، ژنانی خوێندەوار کە جلی ئیسلامییان لەبەر نەکردبوو، کەوتنە بەر هێرشی ترشەڵۆک. لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ بۆ ١٩٩٧ لە سەردەمی شەڕەکانی ناوخۆ و دەسەڵاتی جیهادیدا، غەلبەدین حیکمەتیار ڕۆڵی ڕاستەوخۆی لە کۆمەڵکوژی هاوڵاتیانی مەدەنیدا هەبووە. لە یەک ڕۆژدا زیاتر لە هەزار موشەک لە ناوچەیەکی کابولەوە تەقێندرا، ئەمەش وایکرد ژنان نازناوی "غولبەدین حیکمەتیار، موشەک و ترشەڵۆک فڕێدەری" ناو بنێن، بەهۆی زۆری هێرشەکانی لەوێ، لە سەردەمی کابولدا.
غلغوتی ناسیری، ژنێکی هاوڵاتی کابولە و ەتی: ڕۆژێک من و هاوژینەکەم بە ماتۆڕسکیلێکەوە بە سەردان ڕۆشتین بۆ سەردانی خزمێک لە گەڕەکێکی ئەو شارە. لەناکاو سەرنجم دا شتێک بەسەر دەموچاوما دەڕژێت، نیگەران بووم، بۆیە باڵاپۆشەکەم داکەند و دەموچاوم سڕییەوە و هاوارم کرد، کاتێک من و هاوژینەکەم زانیمان تەنها ئاوی پیسە، بینیمان کوڕێکی تاڵیبان دەمانچەیەکی بە دەستێکەوە گرتووە و بتڵێک ئاوی پیسی بە دەستەکەی ترەوە. بە بینینی ترسەکەم، بە دەنگی بەرز پێکەنی و گاڵتەی پێکردم.
ژنێکی دیکە بەناوی شەکیلە شەمس، گێڕایەوە، لە تەنیشت ڕێگاکە چاوەڕێی ئۆتۆمبێلێکم دەکرد، دوو چەکداری تاڵیبان بە ماتۆڕسکیلێک بەلایدا تێپەڕین و ئاوی پیسیان بەسەرمدا ڕشاند، بە یارمەتی ڕێبوارێک دەموچاوم بە ئاوی پاک شۆرد، پێم وابوو ترشەلۆکە. هەموو جەستەم لە ترسدا دەلەرزی، دواتر تێگەیشتم لەوێ وەستاون، سەیری منیان دەکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕوانی هیچ شتێکی باش لە تاڵیبان و جیهادییەکان ناکەم، ڕاهێنەرەکەیان، غولبەدین حیکمەتیار، کولتوری فڕێدانی ترشەڵۆکی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی لەناویاندا چاندووە، هەر ئەوانەن کە درێژە بە میراسەکەی دەدەن، کاتێک بینیم بە خۆشحاڵییەوە لەوێ وەستاون و سەیری دۆخەکەم دەکەن، هەموو جەستەم پڕ بوو لە ڕق و کینە، بەڵام هەوڵمدا ترسەکەم بشارمەوە، چونکە چێژ لەو ترسە وەردەگرن کە لەنێو ئێمەی ژناندا دەیچێنن، دەیانەوێت بوونی ئێمە لە کۆمەڵگەدا سنووردار بکەن.
ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر ژنانی ئەفغانستاندا دێت، دەرئەنجامی چەندین ساڵ بێدەنگی و سیاسەتە نێودەوڵەتییە کەموکوڕییەکان، بێدەنگییەکی جیهانییە لە بەرامبەر توندوتیژیی سیستماتیکیدا کە ژنان وەک دوژمنی نەبینراوی ڕژێمی بناژۆخواز سەیر دەکات. خەباتی ژنانی ئەفغانستان تەنیا بۆ بوون لە کۆمەڵگەدا نییە، بەڵکو بۆ مانەوەشە. سەردەمێک دێت کە ئەم خەباتە بە ئازادی ڕاستەقینە کۆتایی پێبێت، بەڵام تا ئەو ڕۆژە دەبێ لە جاران دەنگیان بەرزتر ببیسترێت، بۆ ئەوەی مێژوو شایەتحاڵی نادادپەروەری و بەرخۆدانیان بێت.