دەشنێ عوسمان: یاسا نەیتوانیوە ببێتە تاکە سەرچاوەی هێز بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کوشتنەکانی ژنان
دەشنێ عوسمان، پارێزەر، لەبارەی کوشتنەکانەوە دەڵێت: کەیسەکانی کوشتن بەهۆی دەستوەردانی سیاسی و دابونەریتی کۆمەڵگەوە لە دادگاکاندا بەلاڕێدادەبرێت، بەڵام خۆشبەختانە یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٠٢مان هەیە، کە تایبەتە بە لابردنی پاساوی تاوانی کوشتن.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە عەقڵییەتی پیاوسالاری و خۆسەپێنی حکومڕانی خۆیان بەڕێوەدەبەن، هەربۆیە بوونی خۆیان لە چەوساندنەوەی ژناندا دەبیننەوە، هەروەها توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان لەلایەن پیاوانەوە ڕۆژانە بە هەمان کولتووری پیاوسالاری ڕەنگی داوەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ پێشێلکارییەکان بەرامبەر ژنان ڕوو لە زیادبوون دەکات، دادگاکانیش ڕێگە بۆ کوشتنەکانی ژنان خۆشدەکەن، کەیسەکان بە ناوی شەرەف و تۆمەت هەڵبەستن بۆ کوژراو پەردەپۆش دەکرێت، پاشان لە ڕێگەی حیزب حیزبێنەوە بەشێک لە کەیسی کوشتنەکان بەلاڕێدا دەبرێت یان تاوانباران ڕووبەڕووی سزایەکی کەم دەبنەوە، لە ئێستاشدا هەمووارنەکردنەوەی یاساکان زەنگێکی مەترسیدارە بۆ زیادبوونی کوشتنەکانی ژنان، کە کەمی سزاکان و هێواش بەڕێکردنی کەیسەکان لە دادگادا گرفتی بۆ سکاڵاکاران دروستکردووە، کە ئەمەش ڕێگە خۆشکەرە بۆ کوشتنەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان.
"توندوتیژییە ئەلکترۆنییەکان، کوشتنێکی بێدەنگە کە بەرامبەر ژنان ئەنجامدەدرێت"
دەشنێ عوسمان قادر، پارێزەر، باسی لەوەکرد، ئاماژەکانی کوشتنی ژنان وەک دیاردە لە دادگاکاندا بەرچاودەکەوێت، بە یەکێک لە دیاردە مەترسیدارەکان لە دادگادا دادەندرێت، هەروەها ئامارە نافەرمییەکان دەریدەخەن لە ساڵێکدا زیاتر لە ٥٠ کەیسی کوشتنی ژنان لەدادگاکاندا هەیە، هەروەها ئێمەی پارێزەران شایەتی کوشتنەکانی ژنانین لە ناو دادگاکاندا، لە ئێستاشدا کوشتنەکان لە حاڵەتەوە بۆ دیاردە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەجۆرێک دادگاکان و ڕاگەینادراوەکان کوشتنەکانی ژنان بە تۆمەتی خۆکوشتن و کوشتن بە ناوی شەرەفەوە پەردەپۆش دەکەن، لە دادگادا تۆمەتبار کوژراو بە تۆمەتباردەناسێنێت، بۆیە ئەم جۆرە توندوتیژییانە کاریگەری نەرێنی لە کۆمەڵگەدا دروستدەکات، لەهەرێمی کوردستانیش چەندین هۆکار بۆ کوشتنەکانی ژنان هەیە و هەستی پێدەکرێت، لەوانە نەبوونی پەروەردەیەکی دروست لە ناوخێزانەکاندا، هەروەها هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت لە ماڵەکاندا کە ئەمەش کێشەیەکی مەترسیدارە و ژنان لە ماڵەکاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی دەکاتەوە، هەروەها کەیسەکانی کوشتنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە بە چەکی بێمۆڵەت لە دادگادا تۆماردەکرێت، بۆیە ڕانەگرتنی چەکی بێمۆڵەت لە ماڵەکاندا کارەساتی گەورەی وەک کوشتن بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگا و یاساکانی لێکەوتوەتەوە.
وتیشی: لە ئێستادا توندوتیژی دیجیتاڵی دووبارە زەبرێکی کوشندە لە ژنان دەدات، کە دەستێکی باڵای لە ناچارکردن بە خۆکوشتن و کوشتنەکانی ژنان هەیە، هەروەها نەبوونی سانسۆرلەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیاندنەکان توندوتیژی لێ دەکەوێتەوە، بەجۆرێک هەواڵەکانی کوشتنی ژنان لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە بەبێ هەبوونی هیچ سانسۆرێک کاریگەری لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە دروست دەکات، هەروەها نەبوونی زانیاری دروست لە بەکارهێنانی تۆڕە مەجازییەکان و ئاسان بەردەستبوونی تەکنەلۆژیا و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان وادەکات توندوتیژییەکان ڕوو لە هەڵکشان بکەن، کە مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵات و تاک و کۆمەڵگە دروستدەکات، هەروەها ژنان ڕووبەڕووی هەراسانکردنی سێکسی و هەڕەشەکردن دەبنەوە، بە جۆرێک بڵاوکردنەوەی زانیاری و وشەی نەشیاو بەرامبەر ژنێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کوشتنی ژنەکەی لێکەوتوەتەوە یاخود لە ئەنجامی ئەو توندوتیژییە ئەلکترۆنیانە ژنەکە ناچاربەخۆکوشتن کراوە، هەربۆیە توندوتیژی ئەلکترۆنی توندوتیژییەکی بێدەنگە کە بەرامبەر ژنانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت.
''سەروەرنەبوونی یاساکان لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی کوشتنەکانی ژنانی بەرەو بەرزبوونەوە بردووە''
دەشنێ عوسمان قادر، پارێزەر، جەختی لەوە کردەوە، کە سەروەرنەبوونی یاساکان لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی کوشتنەکانی ژنانی بەرەو بەرزبوونەوە بردووە، هەربۆیە یاسا ناتوانێت ببێتە سەرچاوەی هێز بۆ ژنان، هەروەها هۆکاری سەروەرنەبوونی یاساکانیش دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی سوڵحی عەشایەری و باڵادەستی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەستوەردانی دەسەڵاتداران لە کەیسەکاندا، کە ئەمانەش ڕێگەخۆشکەرن بۆ کوشتنەکانی ژنان، بۆیە پێویستە یاسا بکرێتە تاک ەسەرچاوەی هێز و دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەش لە کەیسەکاندا حیزب گەرایی ڕۆڵی لە گۆڕینی کەیسەکاندا دەبێت، بەڵام ئێمە کۆڵنادەین لە گۆڕانکاری لەو دیاردانەدا، سەرەڕای سەروەرنەبوونی یاساکان، سەرنج لەسەر گۆڕانکارییەکان لە یاساکاندا هەیە، یاساکان لە ئێستادا کەموکورتی بەخۆیانەوە دەبینن، لە ئێستاشدا کەموکورتی سزادانی یاسا ئەلکترۆنییەکانمان هەیە، کە کەمهێنانی یاساکە کێشەی بۆ سزادانی تاوانباران دروست دەکات، لە یاسای شەشی ساڵی ٢٠٠٨دا، یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانمان هەیە، کە یاساکان لە ئێستادا بە تێپەڕبوونی ساڵەکان پێویستیان بە گۆڕانکاری و پیاچوونەوە دەبێت، تا بتواندرێت یاسای توند لە بەرامبەر کەیسەکانی هەراسانکردن و توندوتیژی و حاڵەتەکانی کوشتندا بگیرێتەبەر.
ڕاشیگەیاند، لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، یاسایی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ی یاسای سزادانی عێراقی هەیە کە لە دادگاکاندا کاری پێدەکرێت، کە لە دوو ماددەدا باس لە کەیسەکانی کوشتن کراوە، ئەویش ماددەی ٤٠٥ و ٤٠٦شە، کە تێیدا باس لە کوشتنی بە ئەنقەست و هەوڵدان بۆ کوشتنی کەسێک کە پێشتر ئامادەکاری بۆ کراوە دەکات، کە سزاکەی تا سزای لە سێدارەدان دەچێت، بەڵام لەسێدارەدان لە ئێستادا ڕاگیراوە تەنها بۆ چەند حاڵەتێکی کەم ئەنجامدەدرێت، کە پێویستە دەکات بۆ بەشێک لە کوشتنەکان سزای لەسێدارەدان ئەنجامبدرێت.
''یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٠٢ هەیە، کە تایبەتە بە لابردنی پاساوی تاوانی کوشتن بە ناوی شەرەفپارێزی''
لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: تاکە دڵخۆشی ئێمە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کوشتنەکان لە هەرێمی کوردستان، هەبوونی یاسایەکی تۆکمەیە لە ناوچەکەدا، یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٠٢هەیە، کە تایبەتە بە لابردنی پاساوی تاوانی کوشتن بە ناوی شەرەفپارێزی، لە کاتێکدا ماددەی ٤٠٩ی سزادانی عێراقی باس لەوەدەکات، هەرکەس بەناوی شەرەف ژنێک یان خێزانی بکوژێت، سزاکەی تەنها سێ ساڵ دەبێت، ئەمەش وادەکات کەسێک کەمەبەستی ئەنجامدانی کوشتنبێت ترسی لە سزادان نەبێت، بەڵام خۆشبەختانە یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٠٢ کە لە ئێستادا بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو یاسایە هاتوەتە ئاراوە، بووەتە هۆکاری لەناوبردنی یاسای پێشوو، بۆیە هەرژنێک بە ناوی شەرەفپارێزی بکوژرێت، تاوانبار سزاکەی زیندانی کردنی هەتاهەتایی یان لەسێدارەدان دەبێت، کە یاسایەکە جێی دڵخۆشییە بۆ ژنان و کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان