"ئەمساڵ دەبیتە ساڵی سەرکەوتن و ئازادی ڕێبەرەکەمان"

ژنانی ئێزیدی بۆ ماوەی ٩ ساڵە خۆیان لە خەبات و بەرخۆداندا ڕێکخستووە و بە ئامانجی ژیانێکی ئازاد و یەکسان و خۆبەڕێوەبەری شەنگال دەژین.

هێڤیدار شەنگالی

 

شەنگال- تێکۆشانی کۆمەڵگەی ئێزدی لە شەنگال ساڵێکی دیکەی تێپەڕاند، کۆمەڵگەی ئێزیدی بە پیشەنگایەتی ژنان لە ساڵی ڕابردوودا خەباتێکی بەرفراوانیان بەڕێوەبرد و بە هەنگاوی سەرکەوتن بەرەو ساڵی ٢٠٢٤ دەڕۆن.

 

"شانازی بە شەهیدەکانەوە دەکەین"

عەدول عەلی، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" ساڵی ڕابردووی هەڵسەنگاند و هیوای بۆ ساڵی نوێ دەربڕی و وتی: ئەو ساڵەی بەسەرمان برد خۆشی و ناخۆشی تێدا بوو، بە شەهیدەکانمان ئازارمان چێشت، بەڵام بە شەهیدەکان بەهێز بووین و بڕیارەکەمان بەهێزتر دەبێت، ڕێکخراوەکەمان بەهێز دەکات و دەڵێین شوێنکەوتووی شەهیدەکانمانین.

 

تیشکی خستە سەر هێزی تۆڵەکردنەوە و بەرخۆدان و خەبات وتی: هەتا سەرکەوتن تێدەکۆشین، ١٠ شەڕڤانی ئازادی هاتن و ئێمەیان ڕزگارکرد، حکومەتی عێراق و بارزانی ئێمەیان نەپاراست، هەردوو هێزەکە هەڵهاتن، شەڕڤانان دایکان و خوشکەکانمانیان ڕزگارکرد لە هەمان کاتدا، گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا یارمەتییان داین بۆ ڕزگاربوون، لەبیرمان ناچێت کێ ئێمەی ڕزگار کرد. هەموو کۆمەڵگە دەزانێت کێ ڕزگاری کردین، هەموویان دەزانن کە شەڕڤانانی ئازادی و گەریلا ئێمەیان ڕزگار کردووە.

 

"ڕێبەر ئاپۆ ڕزگاری کردین، ئێمەش ڕزگاری دەکەین"

عەدول عەلی  وتیشی: پێویستە هەموو کەسێک خاوەنداری لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکات، هیوادارم کۆمەڵگەکەمان پشتیوانی لە ڕێبەر ئاپۆ بکات، ئازادی ڕێبەر ئاپۆمان دەوێت، هەروەک چۆن بە بیری ئەو پەروەردە بووین، ئەمڕۆ بە ئاسوودەیی لە ماڵەکانمان دەخەوین، دەمانەوێت ڕێبەرەکەمان ئازاد بکرێت.

 

"خوێنی ئێمە و گەلی ڕۆژئاوا یەکن"

لە کۆتایی قسەکانیدا، عەدول عەلی، تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دژی ڕۆژئاوای کوردستان و وتی: زۆر ئازار دەچێژین بۆ ڕۆژئاوا، لێرە کرانە ئامانج و ٥ کەسیان گیانیان لەدەستدا، هەمان شت لێرە و لە ڕۆژئاواش ڕاستە، قبوڵی ناکەین ئەردۆغان جارێکی دیکە خەڵکی مەدەنی بکوژێت، با هەموو جیهان گوێ لە دەنگی من بگرن، با ئەردۆغان سنوورەکەی بزانێت، ئامانجیان ئەوەیە لەناومان ببەن، بەڵام ئەگەر چوار کەسمان مابێت، دەوڵەتی تورک و ماڵی بارزانی ناتوانن ئێمە بشکێنن، هەمیشە خۆمان بەهێز دەکەین، لە پشت ڕۆژئاواوەین، هەروەک ئەوان لە کاتی فەرمانەکەدا لەگەڵمان بوون، ئێمە لەگەڵیانین، خوێنی ئێمە و گەلی ڕۆژئاواش هەمان شتە.

 

"ئەمساڵ ساڵی سەرکەوتن دەبێت"

شەمێ ڕەمۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی ئاماژەی بەوەکرد، هیوای سەرکەوتن دەخوازن لە ساڵی نوێداو وتی: ئەمساڵ کاری تەواومان ئەنجام داوە، هەڵبژاردن هەبوو، بەبیر‌هێنانەوەی شەهیدەکانمان هەبوو، ڕێپێوان هەبوو، سەردان هەبوو، هیوادارین ساڵی نوێ ساڵی خێرو خۆشی و ئازادی و سەرکەوتن بێت. سەرکەوتنی ئێمە دەبێت، پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێ لە ئەو شەهیدانە دەکەین کە بەخوێن لە پێناوی شەنگالدا گیانی خۆیان بەخشی، ئەمساڵیش ساڵی سەرکەوتن و ئازادی ڕێبەرەکەمان دەبێت.