ڕیما عیسا: مافی خۆمانە بارودۆخی ڕێبەرمان بزانین

ڕیما عیسا وتەبێژی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی حەسەکە دووپاتی کردەوە کە مافی خۆیانە دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد بزانن و وتیشی: تا زانیارییەک لەسەر دۆخی ئۆجالان نەزانرێت، گەل لە گۆڕەپانەکەدا دەبێت.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- دوای ئەوەی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.١ پلەی ڕێختەر و بە قووڵایی ١١ کیلۆمەتر و ٣٢ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای شاری بورسا ڕوویداوە، سەرنجی هەمووان چووە سەر دۆخی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، کە لە دورگەی ئیمراڵییە لە گەملیکی سەر بە بورسا و لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١یشەوە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە وەرنەگیراوە.

 

ڕیما عیسا، وتەبێژی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە حەسەکە، ڕایگەیاند کە نیگەرانن لە دۆخی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و وتیشی: بوومەلەرزەیەکی سەخت ڕوویدا، ٣ شار بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوت و دوورگەی ئیمراڵیش لە ناوەندی بوومەلەرزەکەوە نزیکە، ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان هەوڵ دەدات نەتەوەیەکی دیموکراتیک و ژیانی هاوبەش و ئازادی ژنان و دادپەروەری بەدی بێنێت، ئێمە قەرزداری ئەوین و مافی خۆمانە لە بارەی دۆخی تەندروستییەوە زانیاریمان هەبێت، دەسەڵاتدارانی تورکیا دەیانەوێت لە ڕێگەی گۆشەگیرییەوە ڕێبەرایەتی لە گەل دوور بخەنەوە، بەڵام تا گۆشەگیری هەبێت ئەوە ڕوونادات، خەڵک لە گۆڕەپانەکەدا دەبێت.

 

"ئێمە لە شەقامەکاندا دەبین"

ڕیما عیسا هەڵوێستی شەرمەزارانەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و سی پی تی بە توندی ئیدانە کرد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەبەر ئەوەی شۆڕشگێڕە و داوای ئازادی بۆ گەل دەکات، بە دیل گیر،  ئێمە ئامادەین قوربانی بدەین لە پێناو ئازادکردنیدا، وەک ڕێکخراوێکی ژنان تا گۆشەگیری نەشکێنین و زانیاری لەسەر دۆخی ڕێبەر بەدەست نەهێنین، ناوەستین و لە گۆڕەپانەکەدا دەبین، لە هەر هەلومەرجێکدا لەسەر شەقامەکان دەبین و بانگەشەی شکاندنی گۆشەگیری و زانینی باری تەندروستی دەکەین، چونکە تەندروستی ڕێبەر ئاپۆ تەندروستی ئێمەیە.

 

بانگەواز بۆ خەبات

ڕیما عیسا بانگەوازی بۆ ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد و وتی: ئەی مافی مرۆڤ؟ ڕێبەر ئۆجالان ئەمڕۆ تەمەنی ٧٤ ساڵە و لەم تەمەنەدا لە زینداندایە، ئێمە دەمانەوێت ڕێکخراوە مرۆییەکان دەستیان بخەنە سەر ویژدانیان و لەسەر دۆخی ڕێبەرایەتی هەڵوێستە بکەن، داوا لە هەموو ژنان دەکەم بێنە گۆڕاپان و داوای زانیاری و ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بکەن.