وشکەساڵی ئاسایشی خۆراکی بەرازیل دەخاتە مەترسییەوە
ناوچە کشتوکاڵییەکانی بەرازیل کە سەرچاوەیەکی سەرەکی بەرهەمهێنانی خۆراک پێکدەهێنێت، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە مەترسییان لەسەر هەیە.
ناوەندی هەواڵ
لە ناوچەی بەیەکەوەبەستنی نێوان ڕۆژهەڵاتی ئەمازۆن و سێرادۆ، گۆڕانی کەشوهەوا و فراوانبوونی کشتوکاڵی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و کەمبوونەوەی بارانبارین، ئەمەش یەکێکە لە دەرەنجامە سەرەکییەکانی توێژینەوەیەک کە لەلایەن توێژەرانی بەڕازیلی و بیانی ئەنجامدراوە.
ناوچەی ماتۆپیبا بەو پێیەی بەشێک لە ویلایەتەکانی مارانهاو، تۆکانتینس، پیاوی و باهیا لەخۆدەگرێت، گەورەترین ناوچەی بەیەکەوەبەستنی نێوان دارستان و ساڤانا "واتە ئەو ناوچانەی کە ڕێژەی دار تیایدا کەمە" یە لە ناوچە گەرمەکان.
سێرادۆ لە ٪٩١ی ناوچەکە پێکدەهێنێت، لەکاتێکدا ٪٩ی دیکە لە پارچەیەک لە دارستانی باراناوی ئەمازۆن و ڕووەکی کاتینگا پێکهاتووە، لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ئەم ناوچەیە بووەتە سەرچاوەیەکی کشتوکاڵی گرنگ بۆ بەرازیل.
خۆسێ مارێنگۆ، لە سەنتەری نیشتمانی بۆ چاودێریکردن و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە کارەساتە سروشتییەکان CEMADEN توێژینەوەیەکیان ئەنجامداوە بە ئامانجی هەڵسەنگاندنی ئەوەی ئەگەری ئەوەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ئەمازۆن ڕوودەدات لە ناوچەی ماتۆپیباش بە هەمان شێوە ڕوودەدات.
بۆ توێژینەوەکە توێژەران کۆمەڵە زانیاری جیاوازیان بەکارهێناوە، لەوانە بارانبارین، پلەی گەرمی، هەڵمبوون و ڕووەکەکان لە ماوەی ساڵانی ١٩٨١ بۆ ٢٠٢٠.
ئەنجامی توێژینەوەکە ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە ناوچەی ماتۆپیبا، بەتایبەتی لە بەشی ڕۆژئاوای ویلایەتی پیاوی و باهیا، ئەگەری ڕوودانی وشکەساڵی توندتر بەدیدەکرێت، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە ناوچەکەدا توندتر دەبێتەوە.
هەروەها گەرمبوون و وشکەساڵی لە ئەمریکای باشووری گەرم لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بە وردی لەم ناوچەی بەیەکەوەبەستنەوەی نێوان ئەمازۆنیا و سێرادۆدا بەدی کراوە، گۆڕینی ڕووپۆشی ڕووەکی سروشتی بەو ناوچانەی کە بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دانراون، لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا ڕەنگە بەشداربووبێت لە چڕبوونەوەی وشکەساڵی لەو ناوچەیەدا، بەتایبەتی لە ماتۆپیبا.
لە بەشێکی دیکەی ئەنجامەکانی توێژینەوەکە باس لەوەکراوە کە زیادبوونی دووبارەبوونەوەی ڕۆژانی بێ باران و کەمبوونەوەی قەبارەی بارانبارین، جگە لە دواکەوتن لە سەرەتای وەرزی بارانبارین، دەبێتە هۆی مەترسی زیاتری ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان.
ئەم دۆزینەوانە بەڵگەی زیادبوونی فشاری کەشوهەوا لەم بوارەدا دەخەنە ڕوو، کە ڕەنگە ئاسایشی خۆراکی جیهانی بخاتە مەترسییەوە، پێشبینی دەکرێت کە پرۆسەکانی گۆڕانی ژینگەیی کە بەهۆی گەشەی ئابووری کۆمەڵایەتی لە ناوچەی ماتۆپیبادا دەجوڵێن، لە بەرامبەردا کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا دەبێت، بەرزبوونەوەی وردە وردەی پلەی گەرمی ساڵانە و کەمی ئاو دەبێتە هۆی وەرزی وشکەساڵی درێژتر و گەرمتر لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ڕۆژانی پلەی گەرمی بەرز.
بەو پێیەی بەرهەمهێنانی سۆیا کاریگەری ڕێژەی کەمی بارانبارینی لەسەرە، ڕەوتی وشکەساڵی دەتوانێت ڕێژەی بەرهەمهێنانی کەم بکاتەوە، ئەمەش ئاسایشی خۆراک و ئابووری بەڕازیل دەخاتە مەترسییەوە.
بە واتایەکی تر بۆ توێژەران ئەو گۆڕانکاریانەی کە پێشتر لە توێژینەوەکەدا بەدیکراون، گرنگن و دەتوانن ئاسایشی خۆراکی وڵاتی بەرازیل و تەنانەت جیهانیش بخەنە مەترسییەوە، سۆیا کەرەستەی سەرەکی خۆراکییە کە لە سێرادۆی بەڕازیل بەرهەمدەهێنرێت و دەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و دارستانبڕین لە ئەمازۆن و سێرادۆ دەبێتە هۆی کۆتایهاتنی بازرگانی کشتوکاڵی.