٥ چالاکوانی کورد کە یەکێکیان ژنە لە ئێران دەستبەسەر کران

بە فەرمانی داواکاری گشتی لە شاری پیرانشار ٥ چالاکوانی کورد دەستبەسەر کران، کە یەکێکیان ژنە.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، کە ٥ چالاکوانیی کورد لە ئێران دەستبەسەر کراون، هەروەها تیایدا هاتووە، کە ڕۆژی ٦ی ئایار، سومەیی قادری خەڵکی گوندی گەزگسک، محەمەد سوڵتانی خەڵکی گوندی خورینج، محەمەد مورادی خەڵکی گوندی بیرۆسک، بە فەرمانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، حسێن بایزید و کەسێکی دیکە کە ناوی نەزانراوە دەستبەسەرکراون و ڕاگەیەندراوە کە چارەنووسی ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون نازانرێت.