دەرچووە دانەمەزراوەکان بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن
ئەمڕۆ دەرچووە دانەمەزراوەکان لەبەردەم پارێزگاری سلێمانی گردبوونەوە و داوایان کرد کە داواکارییەکانیان جێبەجێبکەن، ئەگەرنا بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن، ئاماژەشیان بەوەدا کە بەردەوام دەبن لە چالاکی.
ئەمڕۆ دەرچووە دانەمەزراوەکان لەبەردەم پارێزگاری سلێمانی گردبوونەوە و داوایان کرد کە داواکارییەکانیان جێبەجێبکەن، ئەگەرنا بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن، ئاماژەشیان بەوەدا کە بەردەوام دەبن لە چالاکی.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ خوێندکارە دەرچووە دانەمەزراوەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان لەبەردەم بینای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە و لەبەیاننامەیەکدا داواکاری خۆیان خستەڕوو، ئاماژەشیان بەوەدا کە ئەگەر داواکانیان جێبەجێ نەکرێت بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن.
بەیاننامەی ئەنجوومەنی دەرچووانی دانەمەزراو تایبەت بە دۆخی گەنجان و بێکاری و دواخستنی دەرگای دامەزراندن بەسەریاندا لەلایەن ئاسۆ بەرزنجی، خوێندکاری دانەمەزراو خوێندرایەوە، تێیدا هاتووە: ساڵانێکی زۆرە زوڵم لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت، هیچ ئاسۆیەک نییە بۆ چاکسازی و بنەبڕکردنی گەندەڵی و چەسپاندندی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، وەک سەکۆی ئەنجومەنی دەرچووانی دانەمەزراو بڕیاری خۆپیشاندانی سەرتاسەریمان دا تا هەڵوێست و داواکاری خۆمان بخەینە ڕوو تا حکومەت ناچار بە چاکسازی و ئیدارەدانی دروستی وڵات بکەین.
لە بەیاننامەکەدا و لە چەند خاڵێکدا دەرچووانی دانەمەزراو داوایان کرد کە هەرچی زووە پرۆسەی دامەزراندن دەستپێبکاتەوە لەسەر بنەمای ساڵی دەرچوون و کۆنمرە و کاراکردنی ئەنجومەنی ڕاژە، پێچەوانەی ئەوە گەندەڵییە لە دامەزراندندا، هەروەها چاکسازی بکرێت لە میلاکی فەرمانبەرانی حکومەت و پڕکردنەوەی بۆشاییەکان بە دامەزراندنی دەرچووان، کۆتاییهێنان بە موچە و فەرمانبەری بندیوار و لەجێگەی ئەوە بەپێی پێویستی دەرچووانی ساڵانی پێشوو دابمەزرێنرێن.
سەوسەن عەلی، دەرچووی دانەمەزراو، بۆ ژنها ئاماژەی بەوەدا کە ماوەی چەندین ساڵە خوێندنی زانکۆ و پەیمانگامان تەواو کردووە و دامەزراندن نییە، چەندین جاریش خۆپیشاندان و گردبوونەوەمان کردووە، بەڵام حکومەت وەڵامی داواکارییەکانمان نایەتەوە، سەوسەن وتیشی: لە هەڵبژاردنەکاندا ناڕەزایەتییەکانی میللەت و بەتایبەت چینی دەرچووە دانەمەزراوەکان دەردەکەوێت، چونکە مافی خۆمانە و داوای دەکەین، بەڵام حکومەت مافەکانمان زەوت دەکات، خۆم و چەندین هاوڕێی دیکەم هەیە کە بڕیارمان داوە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەین.
سەوسەن وتیشی ئێمە بەشداری هەڵبژاردنەکان ناکەینەوە چەندین ساڵە کاندیدەکان بەڵێن دەدەن و نایبەنە سەر، لەکاتێکدا ئەوان دەتوانن لە پەرلەماندا کار بکەن
کۆچەر هەمزە، دەرچووی ساڵی ٢٠١٠، هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو دەربارەی دانەمەزراندن و بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا و وتی: کاندیدەکان بەڵێن دەدەن، بەڵام بەڵێنەکانیان لە کاتی بانگەشە و تاسەر سندوقی دەنگدانە، بەڵام دوای ئەوە ئەو کاندیدانەش هەر دیارنامێنن کە بەڵێنەکانیان داوە، ئەوان دەیانتوانی کار بکەن و خوێندکارە دەرنەچووەکان دابمەزرێنن بەڵام ئێمە ئەوەمان نەبینی و هیچیان بەڵێنەکانیان نەبردە سەر.
کۆچەر وتیشی لە ٢٠١٣ەوە فۆڕمی دامەزراندن دابەشنەکراوە، دوو ساڵ پێشتریش بەشێک دامەزران و تەواو، ئەوەشی دابمەزرێت بە واستەی حزبی دادەمەزرێت و پێویستە لەلایەن حزبەوە واستەی هەبێت.
ئەمڕۆ خوێندکارە دەرچووە دانەمەزراوەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی باشوری کوردستان گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان کرد و داوایان کرد کە هەرچی زووە دامەزراندن دەستپێبکاتەوە.
ت.پ