دراما سورییەکان، بەردەوامیدان بە توندوتیژی بەرامبەر ژنان

دراما ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگادا، شمشێرێکی دوو سەرییە، زەینەب جەبری ئەوە دەخاتەڕوو کە دراما سورییەکان هەوڵ بۆ ئاسایکردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەدات، شکستی هێناوە لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی بەرامبەر بە ژنان. ناوەندی هەواڵ

دراما ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگادا، شمشێرێکی دوو سەرییە، زەینەب جەبری ئەوە دەخاتەڕوو کە دراما سورییەکان هەوڵ بۆ ئاسایکردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەدات، شکستی هێناوە لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی بەرامبەر بە ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

زەینەب جەبری بەڕێوەبەری سەنتەری ڤینۆس بۆ گەشەپێدان، ڕاهێنان و ئاوەدانکردنەوە، لە یەکێک لە خولەکانی سەنتەرەکەدا کاریگەریەکانی درمای لەسەر کۆمەڵگا خستەڕوو، کە تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا داناوە، هەرچەندە لە هەندێک ڕووە هەندێک پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام هێشتا دراماکان سەرنجیان لەسەر پۆشاکی ژنان، خزمەتکردنی پیاوانە لەلایەن ژنان و ئاسایی بوونی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر ژنانە.

 

زەینەب جەبری، باسی لەوەشکردووە، لە جگە لەوەی ژنان لەدراماکاندا بەو جۆرە نیشان دەدرێن، هاوکات لە کاتی بەبازاڕکردنی دراماکەدا، ژنان بوونەتە کەرەستەی ئەو بەبازاڕکردنە.

زەینەب جەبری ڕوونی دەکاتەوە، ئەم گۆڕانکارییە زۆرەی لە جیهاندا کراوە، کاریگەری زۆر لەسەر ژنان دروست کردووە، ژنان بوونەتە هۆکارێک بۆ چێژگەیاندن بە چواردەور و وەکو کاڵایەک بەکاردەهێنرێن، ئەمەش دوورە لە شارستانیەت.

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، پێویستە ژنانی سەرکەوتوو و دەستپێشخەر، هێز و ڕۆشنبیری ژنان بناسێنن هەروەها درامای ئەرێنی و پەروەردەی پیشانی بینەر بدرێت. 

زەنەب جەبری وتیشی "میدیا ڕۆڵێکی زیاتر دەبینێت لە چوارچێوەدان بە پرسی ژن"، هەروەها کێشەی ژنان لە میدیاکاندا بە کەمی باس دەکرێت. ئەو کێشانەی ژنان ئەزموونی دەکەن لەناو خێزانەکاندا کپ دەکرێنەوە نەک ببن بە بەشێک لە چەمکی بەرنامە کۆمەڵایەتیەکان، ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەو کێشانە بە کێشەی تاکە کەسی دەبینرێن و بەو واتایەی کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگە نییە بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە کێشە گەورەکەیە. 

 لە کۆتایدا زەینەب، ئاماژە بەوە دەدا، دراما و فیلمەکان هەوڵیان نەداوە بۆ ڕێگریکردن لە پیشاندانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، بەڵکو هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان کۆمەڵگە بەلاڕێدا بەرن و ئەو دراما و فیلمانە پەخش بکەن کە لەگەڵ دابونەریتی ئێمەدا ناگونجێ، هەروەها لە هەوڵدان بۆ شێواندنی فکری تاکی کۆمەڵگە.

سەنتەری ڤینۆس بۆ گەشەپێدان و ڕاهێنان و ئاوەدانکردنەوە، یەکێکە لەو ناوەندانەی کە بەدوای ڕەخنە و هەڵسەنگاندن و گۆڕینی ڕێڕەوی هونەردایە بەرەو ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی، ڕاهێنانی میدیا و پەیوەندییە گشتییەکان، ڕاهێنەری پیشەیی ئامادە دەکات و پەرە بەتواناکانیان دەدات، وەک پەیوەندی کاریگەر، بڕوابەخۆبوون و زانستی وزە.