بە هونەر ئازارەکانی ژنانی ڕفێندراو لە سوەیدا دەگەیەنێت
پرۆژەی "دەنگەکان ٢" هونەر دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی داکۆکیکردن، بە جۆرێک ئازارەکانی ژنانی ڕفێنراوی سوەیدا دەگەیەنێت و داوای دادپەروەری و لێپرسینەوە و ئاشکراکردنی چارەنووسیان دەکات لە نێوان بێدەنگییەکی کۆمەڵایەتی بە ئازاردا.
					ڕۆشێل جونیور
سوەیدا- لە دیمەنێکی مرۆیی جوڵاودا، کۆمەڵێک ژن و هونەرمەند و چالاکوانی مافی مرۆڤ لە شاری سوەیدای سووریا، لە ڕۆژی ١ی تشرینی دووەمدا، کۆتاییان بە پڕۆژەی "دەنگەکانی ٢" هێنا، کە پەیامی زەقی لە دڵی ئازارەکانەوە هەڵگرتبوو، وەئامانجی بەکارهێنانی هونەر بوو وەک پردێک بۆ گەورەکردنی دەنگی ژنانی بەزۆر بێسەروشوێنکراو بۆ کۆمەڵگە و جیهان.
دانیشتنی کۆتایی هەڵمەتەکە دەرفەتێکی بۆ ڕاوێژ و گفتوگۆ کردن سەبارەت بە کاریگەرییەکانی پڕۆژەکە و سەرکەوتنی گۆرانییەکان لە گەیاندنی ئازارەکانی ژنانی ڕفێنراو و بێسەروشوێنکراو و ئاستی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەم کەیسانەدا ڕەخساند، کە بەردەوامن لە گەڕان بەدوای دادپەروەری و ڕاستییەکان.
''بازل باوەڕی بە هێزی گۆرانکاری هەیە''
لەمیس جودیە، یەکێک لە دامەزرێنەرانی تیپی مەدەنی خۆبەخشی "بازل"، باسی لە بیرۆکەی سەرەکی پشت هەڵمەتەکە کرد، وتی: ئێمە لە تیپی "بازل" پێمان وایە هونەر ئامرازێکە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە و فراوانکردنی سەرچاوەکان، پڕۆژەی ''دەنگەکانی ٢'' درێژکراوەی ''دەنگەکانی ١''یە، کە کۆڕێک بوو گۆرانییان لەسەر پرس و ئازارەکانی ژنان دەوت، بەڵام ئەمجارەیان مەودای کارەکانمان فراوانتر کرد بۆ ئەوەی هەڵمەتێکی داکۆکیکاری گشتگیر لەخۆ بگرێت.
ڕوونیشیکردەوە، ژنانی بەشداربوو ڕاهێنان و خولی پەروەردەی چڕیان لە بواری داکۆکیکردن و پلاندانانی هەڵمەتی هەڵبژاردن ئەنجامداوە، دوای ئەوە چوار گۆرانییان پێشکەش کرد کە خۆیان نووسیویانە و ئاوازیان بۆ داناوە، ئەم گۆرانیانە پەیامی بەهێزیان هەڵگرتبوو سەبارەت بەو کەیسانەی کە ڕووبەڕووی ئەو ژنانە بووە تەوە، کە لە ڕووداوە خوێناوییەکانی مانگی تەمووزدا لە سوەیدا تووشی توندوتیژی و ئازاردان بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم گۆرانیانە تەنها بەرهەمی هونەری نین، بەڵکو هاوارێکن دژی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و کوشتن و ئاوارەبوون و توندوتیژی سێکسی، داوای لێپرسینەوە و دادپەروەری و ئاشکراکردنی چارەنووسی ژنانە بێسەروشوێنکراوەکان دەکەن، هەروەها ئێمە ڕەتیدەکەینەوە دووجار ببینە قوربانی، کە جارێک لە ڕێگەی ڕفاندنە و ئەوەی تریش لە ڕێگەی پەراوێزخستن یان لەبیرکردن.
"لەبەرامبەر نەمانی ژنان بێدەنگ نابین"
هەدیل سەلمان، پارێزەر لە دانیشتنەکەدا پشتڕاستی کردەوە، کە هەڵمەتەکە بۆ سەرلەنوێ سەرنجدان بە دۆخی نالەباری ئەو ژنانەی لە کاتی هێرشی سەر سوەیدا ڕفێنراون دەستیپێکردووە، هەروەها چارەنووسی بەشێکی زۆریان تا ئەمڕۆش نادیارە.
وتیشی: جێگەی داخە کە هێشتا چارەنووسی ئەو ژنانەی ڕفێنراون نازانین، بەڵام سوورین لەسەر گەورەکردنی دەنگیان بە هەموو ڕێگەیەک، لە ڕێگەی وشە و گۆرانی و میوزیکەوە هەوڵدەدەین بە کۆمەڵگە بڵێین کە ئەو ژنانە کەموکورتی و چەواشەکارییان نییە، بەڵکو خاوەنی مافی تەواوی مرۆیی و کۆمەڵایەتین سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی کە بەرگەیان گرتووە.
هەدیل سەلمان جەختی لە گرنگی گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ڕزگاربووانی ڕفاندن و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی چەواشەکردن یان ڕەشبگیری سۆزداری کردەوە، هەروەها پشتیوانی کۆمەڵگە هەنگاوێکی بنەڕەتییە لەسەر ڕێگای دادپەروەری.
"دەنگێک بۆ بێدەنگەکان؛ بەشداری ژنان لە داکۆکیکردن لە دۆزی خۆیان''
لانا دەوارە، یەکێک لە بەشداربووانی پڕۆژەکە، "دەنگەکانی ٢" وەک درێژەپێدەرێکی سروشتی قۆناغی یەکەم دەبینێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە سەختەی سویدە دوای ڕووداوەکانی مانگی تەمموز تووشی بوو، ڕەهەندێکی قووڵتری هەڵگرتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ویستمان ڕۆشنایی بخەینە سەر پرسی ژنانی بێسەروشوێن و ڕفێنراو، هەروەها دەنگی ئەوان بین لە نەبوونی ئەواندا، هیوادارین پەیامەکەمان بگات بەوان، کە ئەو ژنانە بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان و کۆمەڵگە وەک قوربانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکات نەک دەرکراو، چونکە ئەوان بەشێکن لەو پەیکەری کۆمەڵایەتییە کە پێویستە بیانپارێزێت نەک پەراوێزیان بخات.
لانا دەوارە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەڵمەتە بۆ ئەوان پەیامی ئاشتییە و هیوایەکە بۆ ئەوەی دادپەروەری بەدیبهێنرێت و ئاسایش لە سوەیدا و هەموو سووریادا زاڵ بێت.
''گۆرانییەکە ئامڕازێکە بۆ داکۆکیکردن''
هەڵمەتەکە تەنها لە نمایشی میوزیکدا سنووردار نەبوو، هەروەها دابەشکردنی گۆرانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و دەستپێکردنی میدیای هۆشیارکردنەوە و کەرەستەی مافی مرۆڤ و پێشخستنی بڕیارنامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکانی وەک بڕیارنامەی ١٣٢٥ و بڕیارنامەی ١٨٢٠ کە داوای پاراستنی ژنان لە شەڕە چەکدارییەکان و لێپرسینەوە لە کەسانی پێشێلکردنی مافەکانیان لەخۆدەگرت.
هەروەها تیمی ''بازل'' ڕوونی کردەوە، فشاری کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی بوو بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە لەسەر زەوی، هەروەها گۆڕینی هونەر بۆ ئامرازێکی داکۆکیکاری ڕاستەقینە کە پاڵپشتی پرسی ژنان بکات و ڕەهەندێکی مرۆیی کاریگەریان پێببەخشێت.
لە کۆتایی دانیشتنێکی دیالۆگدا، بەشداربووان بیروڕا و ڕاسپاردەیان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بە کاریگەرییەکانی هەڵمەتەکە و ئەگەری فراوانکردنی مەودای کارکردنی لە داهاتوودا، ئامادەبووان پرسیاریان کرد، ئایا ئەم گۆرانیانە گەیشتوونەتە چینێکی فراوانی کۆمەڵگە؟، ئایا بەڕاستی سەرکەوتوو بوون لەوەی خەڵک بە چارەسەرێکی مرۆیی و دوور لە پێشوەختە سەیری چیرۆکی ژنانی ڕفێنراو بکەن؟، وە ئایا ئەم هەوڵانە دەتوانن ببێتە هۆی گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە یاساکان و لێپرسینەوە؟.
هەرچەندە هێشتا ڕێگاکە درێژە، بەڵام بەشداربووان هیوای خۆیان دەربڕی کە دەنگیان گەیشتوەتە گەورەترین بەشی دڵنیایی، وە هونەر دەبێتە شوێنی دادپەروەری نەک تەنها کات بەسەربردن.