دەم پارتی لە پێناو ژیانێکی ئاشتییانە داوای سیستەمی پەروەردەی نوێ دەکات
دەم پارتی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی مامۆستایانەوە ڕایگەیاند، لە سەرانسەری جیهاندا مامۆستایان وەک نوێنەری زانست، ڕەنج و ڕۆشنگەری پێشوازییان لێدەکرێت، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا لە ژێر فشاری سیاسی، هەژاری و نائاسایشی داهاتوودان.

ناوەندی هەواڵ
پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی"، بەبۆنەی ٥ـی تشرینی یەکەم ڕۆژی جیهانی مامۆستایانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تییدا هاتووە: لە سەرانسەری جیهاندا مامۆستایان وەک نوێنەری زانست، ڕەنج و ڕۆشنگەری پێشوازییان لێدەکرێت، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا لە ژێر فشاری سیاسی، هەژاری و نا ئەمنی داهاتوودان.
ئاماژە بەوەشکراوە، مووچەی مامۆستایان لە خوار هێڵی هەژارییەوەیە و ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی لە بەرانبەر ئەوەی داهاتووی مامۆستا، خوێندکاران و کۆمەڵگە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، سیستەمی پەروەردە ماوەیەکی زۆرە لە ژێر فشاری سیاسەتی یەکپەرەستی و پاوانخوازانەدایە، لەبری پەروەردەیەکی دیموکراتیک و زانستی شەپۆلی ئیسلامی سیاسی، نەژادپەرەستی و توانەوە دەسەپێندرێت، بە گرنگی دەبینین لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان ژیانێکی کۆمەڵایەتی عەلمانی بنیات بنرێت، دەبێت گفتوگۆ لەسەر ئەمە بکەین و چارەسەری بدۆزینەوە، وە ڕێکخستنی پەروەردە لەسەر بنەمای ماف و مافی خوێندن بە زمانی دایک وەک گرنگترین پرس دەبینین.
لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بەدیهێنانی ئاشتی بە بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئاشتیانە مومکینە، و بۆ ئەمەش بانگەوازی دەستهەڵگرتنی لە جێبەجێکردن و کاری دژە-دیموکراتیک کرد.
هاوکات، بۆ ئاشتی دەبێت ئاستەنگی لەبەردەم پێکەوە ژیانی هاووڵاتی ئازاد بە کولتوور و ناسنامەی جیاواز هەڵبگیرێت، جگە لەمەش هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەم داواکارییانە خراونەتەڕوو:
- دەبێت دەستوور بە پێی بنەمای زانستی، عەلمانی، دیموکراتیک و فرە زمانی سەرلەنوێ هەموواربکرێتەوە.
-مافی خوێندن بە زمانی دایک لە دەستووری بنەڕەتییدا مسۆگەر بکرێت.
– دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی نەژاپەرەستی، توانەوە و پاشڤڕەو بهێنرێت.